کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

سپای پاسداران قوتابخانە و مزگەوتەکانی کردووەتە قەڵغانی مرۆیی

12:04 - 11 خاکەلێوه 2726

بەپێی ڕاپۆرتێکی شیکاری کاناڵی "فاکس نیوز"، هاوکات لەگەڵ چڕبوونەوەی هێرشە ئاسمانییەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل بۆ سەر بنکە سەربازییەکان، سپای پاسداران بۆ پاراستنی هێز و کەرەستەکانی، بە شێوەیەکی ڕێکخراو پەنای بۆ شوێنە گشتی و نیشتەجێبوونەکان بردووە.

ئەم لێکۆڵینەوە بەرفراوانە باس لەوە کراوە کە هێزەکانی ڕێژیم، چەک و تەقەمەنی و هێزەکانی خۆیان بۆ لانیکەم ٧٠ شوێنی گشتی لە ١٧ پارێزگا و ٢٨ شاری جیاواز گواستووەتەوە.

 ڕاپۆرتەکە ئاماژە بەوە دەکات نزیکەی نیوەی ئەم شوێنانە ٣٤ دانە قوتابخانە سەرەتایی و ناوەندییەکانن. جگە لەوەش، نەخۆشخانەکان، مزگەوتەکان، زانکۆ و تەنانەت پارکە گشتییەکانیش لەلایەن هێزە چەکدارەکانەوە داگیر کراون و کراونەتە پێگەی کاتی.

ئەم ستراتیژییەی تاران کە بە مەبەستی ڕێگریکردن لە تێکشکانی تەواوی توانای سەربازییەکەی پەیڕەو دەکرێت، پێشێلکارییەکی زەقی یاسا نێودەوڵەتییەکانە.

 جێگیرکردنی چەک لە ناوەندە خزمەتگوزارییەکاندا، گیانی قوتابیان، نەخۆشان و نوێژخوێنان دەخاتە مەترسییەکی گەورەوە و ئەم شوێنە پارێزراوانە دەکاتە "ئامانجی سەربازیی ڕەوا".

چاودێران پێیان وایە ئەم هەنگاوە نیشانەی بێهیوایی و دەستەوەستانیی تارانە لە بەرامبەر ئەو هێرشە وردانەی کە پێشتر توانیویانە ٩٢لەسەدی توانای دەریایی و ٩٠لەسەدی هێزی دڕۆنیی ئەو وڵاتە لەکار بخەن.