کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

خاکی پاکستان کرایە ئامانجی هێرشی هێزەکانی رێژیمی ئێران

16:09 - 20 جۆزەردان 2714

کوردستان میدیا: چەند رۆژ پاش هێرشی کۆمەڵێک چەکداری نەناسراو بۆسەر کاروانی شیعەی پاکستانی، شەڕ و پێکدادان نێوان رێژیمی ئێران و ئەو وڵاتە رووی دا.
هەواڵدەریی \'\'تورکیش پرێس\'\' لە زاری لێپرسراوێکی پاکستانییەوە بڵاوی کردەوە، هێزەکانی گاردی سنووریی رێژیمی ئێران وێڕای داخستنی سنووری ئێران لەگەڵ پاکستان، بە خومپارە هێرشیان کردە سەر خاکی پاکستان.

ئەو لێپرسراوە پاکستانییە وتوویەتی: خومپارەباران کردنی خاکی پاکستان لەلایەن رێژیمی ئیسلامیی ئێرانەوە وەڵام دراوەتەوە و هەردوو لایەن خاکی دوو وڵاتیان خومپارەباران کردووە.

خان واسح ئەندامی کۆمیتەی پاراستنی سنوورەکانی پاکستان وتوویەتی: هێزەکانی رێژیمی ئێران ٢٤ خومپارەیان لە خاکی پاکستان داوە.

لێپرسراوانی ئێرانی هەتا ئێستا هیچ چەشنە کاردانەوەیەکیان لەمەڕ رەتکردنەوە، یان پژڕاستکردنەوەی ئەو شەڕ و پێکدادانە دەرنەبڕیوە.

ئەم شەڕ و پێکدادانە پاش ئەوە هاتووەتە ئاراوە کە چەند رۆژ پێش ئێستا کاروانێکی شیعەی پاکستانی بە مەبەستی سەردانی گۆڕی خومەینی چووبوونە ئێران، لە کاتی گەڕانەوە لە سنووری \'\'تەفتان\'\' کرانە ئامانجی هێرشی چەند چەکدارێکی نەناسراو و لە ئەنجامدا لانیکەم ٢٣ کەسیان کوژران و حەوتی دیکەش بە توندی بریندار بوون.