کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

خۆپیشاندانی پەراوێزخراو و وەزاڵەهاتوەکان، لە جوغڕافیای ئێراندا

11:02 - 11 جۆزەردان 2722

جاقل

دەستە دیار و نادیارە جیهانی، ناوچەیی و نێوخۆییەکان و هەستی پڕ لە کوڵ و مەیلی لەڕادەبەدەری پەیڕەوانی ئایینی تەشەیوع لە ئێراندا هۆکارگەلێک بوون  هەتا شۆڕشی گەلانی ئێران لە ساڵی ٥۷ ی هەتاویدا لەلایەن ئاخوندەکانەوە بە ڕێبەرایەتی خومەینی بە تاڵان ببرێ. ئەگەرچی زلهێزە جیهانییەکان و بەتایبەت وڵاتانی ڕۆژاوایی و وڵاتە ناوچەییەکان بۆ پاراستنی قازانجە سیاسی و ئابورییەکانی خۆیان بە شێوەیێک لە شێوەکان، بوونە ڕێگاخۆشکەر و پارێزەری ئەم نیزامە ئیدئۆلۆژیکە بەڵام لە هەمانحاڵیشدا دەیانزانی ئەم نیزامە دیکتاتۆر و توتالیتێرە بۆ زەمەنێکی دیاریکراو و تایبەت دەتوانێ درێژە بە دەسەڵاتەکەی بدات و لە ئەگەری گۆڕان لە هێز و هاوکێشەکان لە جیهان و ناوچەدا، ئەم چەشنە دەسەڵاتانەش ماوەیان بە سەر دەچێ.

لە نێوخۆدا بێزاری لە نیزامی پاڵەوی و پەرەگرتنی هەستی ئایینی خەڵک بەتایبەت ئەوەش کە ڕادیۆ دەرەکییەکان بەشێوەی ڕاستەوخۆ و ناڕاستەوخۆ بۆ ئامانجی تایبەتی خۆیان پاڵنەرێک بوون بۆ ئەوەیکە خەڵک زیاتر لە هەمیشە بەها بە ئایین بدەن و پیرۆزییە ئاسمانییەکان بە کەسایەتییە زەوینییە نەناسراوەکانیشەوە بڵکێنن! هۆکار بوون بۆ زاڵبوونی دەسەڵاتێکی کەمینەی یەکگرتوو بە سەر جوغڕافیایەکی هەمەڕەنگ و ناڕازیدا .

سەقامگیری لەرزۆکی نیزامی توتالیتێری ئایینی لە ئێراندا کە دواتر تونداژۆیی و تیرۆریزمی نێودەوڵەتیشی پێ زیاد بوو، بووە هۆی ئەوەیکە دەنگی ئازادیخوازان و نەتەوە جیاوازەکان نەبیسترێ. ئازادی تاکەکەسی لە نیزامی ویلایەتی فەقیهیدا هیچ بایەخێکی پێنەدرا. ژن جگە لەوە کە لەباری حقوقییەوە بە نیوەی پیاو دانرا، لە زۆر باری دیکەوە هەر بێبەش کرا. ئەو ڕەوتە فیکری و سازمانییانە کە بۆ دادپەروەری ئابووری و کۆمەڵایەتی بەشێوەی سیاسی و غەیری سیاسی چالاکیان دەکرد جا چ چەپ بن یان لیبراڵ، چ لە چوارچێوەی ئێراندا خوازیاری ئاڵوگۆڕ بوایەتن، یان ناوچەیەکی دیاریکراودا ئەوانیش خرانە پەراوێزەوە. کەمینە ئایینییەکان وەک بەهاییەکان و یەهودییەکان و مەسیحییەکان و تەنانەت فیرقە و مەزهەبە جیاوازە ئیسلامییەکان لە جوغڕافیای ئێراندا مەیدانی کار و چالاکییەکانیان بەرتەسک کرایەوە و خرانە ژێر چاودێری توندەوە.

شەڕی هەشت ساڵە لەگەڵ عێراق و شەڕە ناوخۆییەکانی ناو ئێران و کوشتار و ئەشکەنجە و زیندانیکردنی بێبەزەییانەی ئازادیخوازان نەیتوانی حاکمییەت لە مانەوەی دەسەڵاتە خوێنمژەکەی ئەرخایەن بکات، هەربۆیە زۆری نەخایاند شەڕی نێوان باندەکانی نیزام دەستی پێکرد و جەغزی ئۆلیگارشی حاکمییەت بەرتەسکتر کرایەوە و خەڵکی ناڕازی زیاتر و زیاتر بوون. ئابووریی ئازاد جێگای خۆی دا بە ئابووریی ڕانتی و نیزامێک کە ئیدیعای دەکرد بە شێوەی ئیسلامی دادپەروەری دروست دەکات، ئێستا یەکێکە لەو نیزامانە کە شکستخواردووییەکەی له هەموو بارێکە نەک لای خەڵکی پسپۆڕ و سیاسی بەڵکوو لای خەڵکی ئاسایی کۆمەڵگاوە بە ژن و پیاو و منداڵەوە دەبینرێ .

لە دەرەوەی سنوورەکانی ئێران چەندین هۆکاری گرینگ پیشاندەری گۆڕانی هێز و هاوکێشەکانن کە مان و مەوجودیەتی نیزامی ئاخوندی زیاتر دەباتە ژێر پرسیارەوە؛ ۱. پەیمانی ئیبراهیم، ۲. شەڕی ئیسڕائیل بە دژی ڕێژیم لە ناو جوغڕافیای ئێراندا، ۳. ئاڵوگۆڕە ناوچەییەکان لە ئەفغانستان و وڵاتانی عەرەبی، ٤. دەسەڵاتداری ئابووریی وڵاتی چین، ٥. شەڕی ڕوسیا و ئۆکراینا و زۆر هۆکاری دیکە .

لە ناوخۆدا سەرەڕای نەبوونی ئۆپۆزیسیۆنێکی بەهێز، خەڵکانی نێو ئەم جوغڕافیا زیاتر لە هەمیشە هەستیان بە بێدەسەڵاتی و ناکارامەیی حکومەت کردووە، هەر بۆیەش ئەو لایەنانە کە لە یەکەم ڕۆژی دامەزرانی کۆماری ئیسلامییەوە هەتا ئێستا خرانە پەراوێزەوە، هەروەک لە سەرەتای ئەم کەتوارە باسمان لێوە کرد، بە بیانوی گرانی و کەمداهاتی و برسیەتی بزوێنەری ئەم خۆپیشاندانانەن.

دەرکەوتنی قارەمانانەی پێشمەرگەکانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە ڕۆژهەڵاتدا و هێرشە بەردەوامەکانی وڵاتی ئیسڕائیل بۆ سەر تیرۆریست و دامودەزگاکانی ڕێژیم لە نێو جوغڕافیای ئێراندا پەردەی لە سەر سیمای داهۆڵئاسای ڕێژیم لابردووە و خەڵک بە ئەزموون تێگەیشتون کە ئەگەر ئیرادەیەکی جیددی ببێت دەتوانرێ کەللەی ئەم داهۆڵە دابێژدابێژ بکرێ .

هەر بۆیەش دەتوانین بەپێی ئەزمونەکانی ڕابردوو ئەوە بڵێین کە قەیرانە دەرەکی و ناوخۆییەکانی ڕێژیم نەتەنیا چارەسەر نابن بەڵکوو هیچکات کەمیش نابنەوە . ڕێژەی خۆپیشاندانەکان بە بیانووگەلی جۆراوجۆر بەردەوام زیاتر و بەرفراوانتر و لەوانەیە ڕادیکاڵتریش ببێ؛ بەڵام ئەوەیکە دەبێتە هۆی ئەو خۆپیشاندانانە تەنیا خەمی نان نییە بەڵکو زۆر فاکتەری گرینگی دیکەیە کە یەک لەوانە پرسی نەتەوەییە و لە ئەگەری قوڵتربوونەوەی خۆپیشاندانەکان زیاتر ئەو ڕاستییانە خۆیان دەنوێنن کە هەر ئیتنیک و نەتەوەیەک پاڵ بە هاونەتەوەی خۆیەوە دەدات.

ئەمانە پرسگەلێکن کە میدیای دەرەکی فارسی زمان نایانهەوێ باسی لێوە بکەن و لە نێوخۆشدا، خۆپیشاندەران بە هۆکارگەلێک کە لەوانەیە لە ئێستادا بە مەسڵەحەت نەزانرێ ناوی نابەن. ئەو خۆپیشاندانانە کە لە ئێستادا بە ناوی برسیەتییەوە زیاتر ناوی لێدەبرێ، ڕقی پەنگخواردووی چل ساڵەی ئازادیخوازان و نەتەوە جیاوازەکانی ناو جوغڕافیای ئێران و خەڵکانی وەزاڵەهاتووە کە شکۆ و کەرامەتی ئینسانیان چووەتە ژێر پرسیار و هەتا ڕووخانی ڕێژیمی گەندەڵ و ناکارامەی ئاخوندی درێژەی دەبێ .