ڕاپۆرتەکان ئاماژە بە زیادبوونی نیگەرانییەکان سەبارەت بە بوونی کەسانی سەر بە سپای پاسداران لەنێو خاکی کانادا دەکەن.
بەپێی ڕاپۆرتی "نیۆیۆرک پۆست"، شارەزایان و هەندێک لە بەرپرسە سیاسییەکان هۆشدارییان داوە کە نزیکەی هەزار کەسی گومانلێکراو سەر بە سپای پاسداران لە کانادا نیشتەجێن؛ بابەتێک کە دەکرێت وەک هەڕەشە بۆ سەر ئەمنییەتی ئەمریکا و هاوپەیمانەکانی هەژمار بکرێت.
لەم چوارچێوەیەدا، "میشێل ڕێمپڵ گارنێر"، نوێنەری ئۆپۆزیسیۆن لە پارلەمانی کانادا، حکوومەتی لیبراڵی تۆمەتبار کردووە بە کەمتەرخەمی بەرامبەر بەم پرسە و ڕایگەیاندووە کە سیاستە ئاسانکارییەکانی کۆچبەری، بەستەری بۆ هاتنی ئەم کەسانە ڕەخساندووە. بە وتەی ئەو، هەندێک لەم کەسانە دوای هاتنیان، لە ڕێگەی داواکاری پەنابەرییەوە پرۆسەی دەرکردنی خۆیان ئاڵۆز دەکەن.
هاوکات، "جۆ ئادەم جۆرج"، توێژەر لە ناوەندێکی لێکۆڵینەوە لە فیلادێلفیا، جەختی کردووەتەوە کە ئامانجی سەرەکی و ستراتیژیی ئێران هێشتا ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکایە. ناوبراو هەروەها ئاماژەی بە ئەگەری هەبوونی "شانە نوستووەکان"ی سەر بە تاران لە وڵاتە جیاوازەکاندا کردووە.
ئەم ڕاپۆرتانە نیگەرانییەکانی سەبارەت بە لێکەوتە ئەمنییەتییەکانی چالاکییە دەرەکییەکانی کۆماری ئیسلامی زیاد کردووە.