بەپێی ڕاپۆرتی هەواڵدەریی "ئاسۆشیەیتد پرێس"، عەمید یەحیا سەریع، یەکێک لە فەرماندەکانی حوسییەکانی سەر بە ڕژێمی ئێران، لە بەیاننامەیەکی تەلەفزیۆنیدا ڕایگەیاند کە گرووپەکەیان چەندین مووشەکیان بەرەو "شوێنە هەستیارە سەربازییەکانی ئیسرائیل" لە باشوور تەقاندووە. ئەم هەنگاوە نیشاندەری چوونە ناوەوەی ڕاستەوخۆ و کردەیی ئەم گروپەیە بۆ نێو شەڕ.
ئەحمەد ناجی، شرۆڤەکاری باڵای کاروباری یەمەن لە گرووپی نێودەوڵەتی قەیرانەکان، هۆشداری داوە کە بەردەوامی و زیادبوونی هێرشەکانی حوسییەکان بۆ سەر کەشتییە بازرگانییەکان دەکرێت ببێتە هۆی ناسەقامگیری تەواو لە "ئەمنییەتی دەریایی"دا. بە وتەی ئەو، لێکەوتەکانی ئەم هێرشانە تەنیا لە بازاڕی وزەدا نامێننەوە و سەر تەواوی زنجیرەی دابینکردنی کاڵاکان کاریگەری دەبێت.
گەرووی بابولمەندەب کە لە باشووری نیمچەدوورگەی عەرەبستان هەڵکەوتووە، ڕۆڵێکی زیندوو بۆ ئەو کەشتییانە دەگێڕێت کە بەرەو کاناڵی سوئێز تێدەپەڕن. گرینگیی ئەم ڕێڕەوە ئەوکاتە دوو هێندە دەبێت کە بزانین عەرەبستان بەهۆی داخرانی گەرووی هۆرمۆز لەلایەن ڕێژێمی ئێرانەوە، ڕۆژانە چەند میلیۆن بەرمیل نەوتی خاوی خۆی لەم ڕێڕەوە ئاوییەدا هەناردە دەکات.
هێرشەکانی حوسییەکان لە نێوان ساڵانی ٢٠٢٣ بۆ ٢٠٢٥ نیشان دەدات کە ئەم گرووپە بە بەئامانجگرتنی زیاتر لە ١٠٠ کەشتی بازرگانی و نوقمکردنی دووانیان، توانایەکی زۆری هەیە بۆ دروستکردنی پەککەوتن لە بازرگانی جیهانیدا. ئەم گرووپە بانگەشەی ئەوە دەکات کە ئەم کارانە بۆ هاوسۆزی لەگەڵ فەڵەستینییەکان ئەنجام دەدات.
دەستێوەردانی ئەم دواییەی حوسییەکان، جێگیرکردنی کەشتیی فڕۆکەهەڵگری ئەمریکایی "یو.ئێس.ئێس جراڵد فۆرد"ی کە لە ئێستادا بۆ چاککردنەوە و چاودێری لە کرواسییە، ڕووبەڕووی ئاڵۆزییەکی جیددی کردووەتەوە. ناردنی ئەم کەشتییە بۆ دەریای سوور دەکرێت بیخاتە بەر هێرشی هاوشێوەی ئەوانەی پێشتر لە ساڵی ٢٠٢٤ دژی کەشتی "ئایزنهاوەر" و لە ساڵی ٢٠٢٥ دژی کەشتی "ترۆمان" ئەنجام درابوون.
حوسییەکان کە لە ساڵی ٢٠١٤ەوە سەنعای پێیتەختی یەمەنیان لەدەستدایە، دوای چەندین ساڵ شەڕ لەگەڵ هاوپەیمانییەک بە ڕێبەریی عەرەبستان، ئێستا لە بارودۆخی ئاگربەستێکی ناسەقامگیردان. کارە نوێیەکانیان دەکرێت ئەم ئاگربەستە لاوازە بە تەواوی لەنێو ببات و بەرەیەکی نوێی ململانێ لە ناوچەکەدا بکاتەوە.