کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

دەوڵەتی یەمەن: ئێران لە ڕێگەی بەکارهێنانی میلیشیاکانەوە هەوڵی فراوانکردنی ململانییەکان دەدات

12:10 - 9 خاکەلێوه 2726

دەوڵەتی یاسایی یەمەن، کۆماری ئیسلامی بە چڕترکردنی ناسەقامگیری و پەرەپێدانی شەڕ لە ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاستدا لە ڕێگەی هێزە نیابەتییەکانەوە تۆمەتبار کرد.

شورای ڕێبەری سەرۆکایەتی یەمەن لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاند کە تاران لە ڕێگەی ئاڕاستەکردنی میلیشیاکانی، لەوانە حوسییەکان، هەوڵ دەدات یەمەن و وڵاتانی تری ناوچەکە ڕابکێشێتە نێو شەڕ لەگەڵ ئەمریکا و ئیسرائیل.

لە بەیاننامەکەدا، تیشک خراوەتە سەر ڕۆڵی حوسییەکان وەک هێزێکی پاڵپشتیکراو لەلایەن ئێرانەوە و جەختکراوەتەوە کە دەستێوەردانی ئەم گرووپە بۆ پشتیوانیکردن لە کۆماری ئیسلامی، نیشاندەری هەوڵەکانی تارانە بۆ کەمکردنەوەی گوشارە سیاسییەکان لە ڕێگەی کردنەوەی بەرەی نوێی شەڕەوە.

بەرپرسانی یەمەنی هۆشدارییان داوە کە توندبوونەوەی ئەم ڕەوتە دەکرێت قەیرانی مرۆیی لەو وڵاتەدا خراپتر بکات؛ قەیرانێک کە وەک یەکێک لە خراپترین بارودۆخە مرۆییەکان لە جیهاندا ناودەبرێت.

شایانی باسە کە حوسییەکان خۆیان وەک بەشێک لە میحوەری مقاومەت بە ڕێبەریی ڕێژیمی ئێران و لە تەنیشت گرووپەکانی وەک حەماس و حیزبوڵڵای لوبنان دەناسێنن.