کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

خێزانی حەمە رەشیدخانی بانە کۆچی دوایی کرد

20:13 - 7 رەشەمه 2713

کوردستان میدیا: خاتوو تەلیعە هاوسەری ژەنراڵ حەمە رەشید خانی بانه بەهۆی پیری لە شاری سلێمانی کۆچی دوایی کرد.
بەپێی راپۆرتی کوردستان میدیا؛ خاتوو تەلیعە هاوسەری محەممەد رەشید خانی بانە رۆژی یەکشەممە رێکەوتی ٤ی رەشەمەی ١٣٩٢ی هەتاوی، بەهۆی پیری لە تەمەنی ٨٦ ساڵیدا کۆچی دوایی کرد.

7935.jpg
حەمە رەشید خانی بانە


حەمە رەشید خانی بانە کەسایەتییەکی دیار و شۆڕشگێڕی مێژووی خەباتی نەتەوایەتیی گەلی کوردە کە چەندی سەرەوەریی بۆ نەتەوەیکورد لە کوردستانی ئیراندا تۆمار کردووە.
حەمە رەشید خانی بانە بە هێزی ٢٥٠ کەسی لەدژی رێژیمی پاشایەتی شەڕی کردووە و پاش ئازادکردنی شارەکانی بانە، سەقز، مەریوان، سەردەشت و دیواندەرە، پەیوەست بە کۆماری کوردستان بووە و لە دامەزرانی ئەو کۆمارەدا بەشداریی کردووە.
ژەنراڵ حەمە رەشید خانی بانه، لە کۆماری کوردستاندا پلەی ژەنراڵیی پێ بەخشراوە.
ژەنراڵ حەمە رەشید خان، ١٣ی سەرماوەزی ١٣٥٣ی هەتاوی کۆچی دوایی کردووە.
لە پرسە و سەرەخۆشیی کۆچی دوایی خاتوو تەلیعە کە رێکەوتی ٥ی رەشەمە لە شاری سلێمانی لە هەرێمی کوردستان بەڕێوەچوو، شاندیکی دەفتەری پێوەندییەکانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران بەشداریی کرد.
حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران سەرەخۆشی لە بنەماڵە و کەس و کاری خاتوو تەلیعە دەکات و خۆی لە خەم و پەژارەیاندا بە شەریک و بەشدار دەزانێت.
رۆحی شاد