سندووس
یەک
ڕۆژی دووشەممە ١٠ی بانەمەڕی ١٣٩٨ـی هەتاوی، "بینیامین نەتانیاهوو"، سەرۆکوەزیرانی پێشووی ئیسڕائیل دەچێتە وەزارەتی بەرگری وڵاتەکەی و کۆمەڵێک بەڵگەی هەستیار و نهێنی وزەی ناوەکی ئێران، دەخاتە بەر دەستی ڕۆژنامەڤان و ڕاگەیەنەرەکان.
ئەم بەڵگە نهێنییانە بەشەو و لە کاتێکدا ٦ کاتژمێر و ١٣ خولەکی ماوە بۆداندراوە، لە لەیەن "مووساد"ەوە، لە ئەمنییەتیترین ناوەندی بایگانیی کە لەژێر چاوەدێری تووندی "حەراسەتی سپای پاسداران"دان، دەستیان بەسەر دادەگیرێ و ڕەوانە ئورشەلیم دەکرێن. قەبارەی ئەم بەڵگەنامانە بەزیاتر لە نیو تۆن واتە ۵٠٠ کیلۆ مەزەندەکراوە و لەخۆگری ۵۵ هەزار لاپەڕە و ١٨٣ هەزار CD دیجیتاڵین و تۆماری لێکۆڵینەوە ناوەکییەکانی کۆماری ئاخوندی و پڕۆژەی ناسراو بە "عیماد" دەکەن، کە ئاخوندەکان بە دزی و بە دوور لە چاوی کۆڕوکۆمەڵە نێودەڵەتییەکان و ئاژانسی وزەی ناوەکی خەریکی پەرەپێدانیین.
بەباوەڕی نەتانیاهوو، مەبەست لەم گەڵاڵە شاراوەیەی کۆماری ئاخوندی، سازکردنی کڵاوەی ناوەکییە کە هەر یەکیان توانای نیزیکەی ۵ بۆمبیی ناوەکییان هەیە کە لە هێرۆشیمادا کەڵکیان لێوەرگیراوە. ئەو کڵاوانە، وا بڕیارە لەسەر مووشەکی شەهابی٣ دابندرێن و تلاویڤیان پێمووشکباران بکرێت.
هەر لەو کاتەدا مووساد، بەڵگەگەلێکی زۆری دەستەوتکەوتبوو کە دەسەڵاتدارانی ئێران، لەڕێگەی دیپڵۆماتتێرۆریستەکانییەوە لە ئاژانسی وزەی ناوەکییان دزیبوو تا بە خوێندنەوەی ورد بتوانن شوێن و بنکە و بارەگا نیزامیی و ناوەکییەکان بگۆڕن و شوێنەونکەیان پێبکەن و بە خوێندنەوەی پرسیارەکانی ئاژانس، باش بتوانن وڵامی پشکنێەرەکانیی بدەنەوە و بەلاڕێیاندا بەرن. لەوانە دەتوانین ئاماژە بە ١٨ پرسیاری سەرەکی ئاژانس بکەین کە وا بڕیار بووە بۆ شەفاف سازیی لە کاربەدەستانی پێوەندیداریی ئاخوندی بکرێت.
دوو
لە حەوتووی ڕابردوودا، ڕۆژنامەی "والئیستریتژوورناڵ"، وتارێکی بڵاوکردەوە کە ئاماژە بەدزینی بەڵگەنهێنییەکانی ئاژانس، لەلایەن کۆماریی ئاخوندییەوە دەکات کە دواتر دزەگای مووساد، لەڕێگەی عەملیاتێکی زۆر بەرنامە بۆداڕێژراوەوە دەیانهێنێتەوە ئیسڕائیل: "ئێران، دەستی گەیشتووەتە زانیارییە نهێنییەکانی ئاژانسی نێوەدەوڵەتی و وزەی ناوەکی."
والئیستریتژوورناڵ، لە وتارەکەیدا باس لەوە دەکات کە بەپێی بەڵگەگەلێک کە بنکەیەکی هەواڵگریی یەکێک لە وڵاتانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست کە دژی گەڵاڵە ناوەکییەکانی ئێرانە و ئەم هەواڵنێرییەش لێکۆڵینەوەی بۆکردووە، ئێران نیزیکەی دوو دیە لەمەوبەر، دەستی وەبەڵگە نهێنییەکانی ئاژانسی نێونەتەوەیی وزەی ناوەکی ڕاگەیشتووە و داویە بەدەست ئەو نیزامییە باڵادەستانەی خۆی، کە بەرپرسی شاردنەوە و دیزەبەدەرخۆنەکردنی چالاکییە گوماناوی و شاراوەکانی ئێرانن لە بواریی بەرهەمهێنانی چەکی ناۆەکی دا.
بەوتەی ئەم بڵاوکراوەیە، بەڵگەکانی ئاژانسی نێونەتەوەیی وزەی ناوەکی و بەڵگەهاوپێچکراوەکان بەزمانی فارسی، تاکتیکی ئێرانییەکانەو دەیسەلمێنێ لە کاتی ڕووبەڕووبوونەوەیان دەگەڵ پشکێنەرەکانی ئاژانس ویستوویانە کەڵکیان لێوەربگرن تا بەلاڕێیاندا بەرن.
بەڕپرسانی هەواڵگریی ئەم وڵاتەی کە نەیانویستووە ناوەکانیان ئاشکرا بکرێت، وتوویانە: بەڵگە نهێنی و هاوپێچکراوی ئێرانییەکان، لەنێوان ساڵانی ٢٠٠٤ بۆ ٢٠٠٦ خراونەتە بەردەستی کاربەدەستەباڵاکانی نیزامی، ناوەکی و بەرپرسانی ڕەدەباڵای دەوڵەتییەوە.
"دیوید ئالبڕایت"، سەرۆکی دامەزراوەی زانست و تەناهیی نێونەوەیی" و پشکێنەری پێشووی ڕێکخراوی نەتەوەیەکگرتووەکان، لەم بارەوە وتوویە کە دەست وێڕاگەیشتنی ئێران بەم بەڵگە هەستیارانە "ژێرپێخستنی ئەمنییەتیی نێوخۆیی ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ناوەکییە" و واچاکە ئێران ددان بەم بابەتە دابنێ کە ئاژانس، پێشتر پێیزانیوە. (واتە چیتر بەدزی کاری وزە ناوەکییەکانی نەباتە پێش.)
بەپێی ئەم ڕووماڵەی ئاژانسی نێونەتەوەیی وزەی ناوەکی، ئەوانەی ئێران دەستی وێڕاگەشتوون، (واتە دزیونی)، بەشێک لەم ١٠٠ هەزار بەڵگە و کەیسانەن کە لە لایەن ئیسڕائیلەوە لە ژانوییەی ٢٠٠١٨ـی زایینیدا لە ئێران وەدەرخراون. ئەو بەڵگانە یادداشت، پاشکۆی دەستنووس بەزمانی فارسیشیان تێدایە.
لە زۆربەی ئەم بەڵگەنامانەی لە لایەن واڵئیستریتژوورناڵەوە، لێکۆڵینەوەیان بۆکراوە، کاربەدەستانی ئێرانی ئاگاداریی و زانیارییان لە شێوەی پشکنینی، پشکێنەرانی ئاژانس پەیدا کردووە و بۆ بەلاڕێدا بردنی ئەوان کەڵکییان لێوەرگرتووەتەوە.
سێ
چەند ڕۆژ بەر لە ئێستا و لە میانەی بەشداریی حوسێن ئەمیرعەبدوڵڵاهییان، وەزیری دەرەوەی کۆماری ئاخوندی لە کۆڕبەندی ئابووری "داڤووس"، کە لە وڵاتی "سوئیس" بەڕێوەچوو، "فەرید زەکەریا"، نووسەر و ڕۆژنامەنووسی بەتوانای هیندی - ئامریکایی، ئەمیرعەبدوڵڵاهییانی ڕووبەڕووی پرسیارێکی هەستیار لەسەر ڕووماڵەکەی واڵئیستریتژوورناڵ و دزینی ئەو بەڵگەنامانە کردەوە.
ئەمیرعەبدوڵڵاهییان وەک پیشەی هەمیشەیی خۆی و ئەربابەکانی، بەزمانێکی لەرزۆک، لەجێگەی وڵامدانەوە دەستیکرد بە "فرافکنی" و وتی: "ئەوە درۆی زایۆنیستەکانە کە نایانهەوێ ئێران و ئامریکا لە بەرجام دا بە ئاکام بگەن.
لەدوای وتەکانی ئەمیرعەبدوڵاهییان، "نەفتالی بێنێت"ی سەرۆکوەزیرانی ئیسڕائیل لە تووییتێکدا کە وتەکانی وەزیری دەرەوەی کۆماری ئاخوندیشی هاوپێچکردبوو، گاڵتەجاڕانە و بەپێکەنینەوە، بەشێکی زۆر لەم بەڵگەنامانەی خستەڕوو کە لەبەر دەستی ئیسڕائیلدان و ئێران لە ساڵی ٢٠٠٤ بۆ ٢٠٠٦ لە ئاژانسی وزەی ناوەکی دزیبوون و تا پشکێنەرانی ئاژانس بەلاڕێدا بەرن و هەڵیانخەڵەتێنن و بەدوور لەچاوی بیروڕای جیهانی و ئاژانس، بە ئاواتە چەپەڵەکانیان بگەن و لە پیتاندنی ئۆرانیۆمدا سەرکەون و دەستییان وە وزەی ناوەکی ڕابگات.
بەپێی هەواڵی هەواڵدەرییەکان، ئەو بەڵگانەی نەفتالی بێنێت ئاشکرای کردوون زیاتر لە ١٠ گیگابایت واتە سەدان لاپەڕەن و چەند وێنەیەکیشی لە گوگێلدرایو دا داناوە. هەروەها ١١٤ لاپەڕە بەڵگەی نهێنی ئاژانس کە دیپڵۆماتتێرۆریستەکانی کۆماری ئاخوندی لە ئاژانسیان دزیوەتەوە.
دیارە بەشێکیتر لە بەڵگە دزراوەکان پێوەندییان هەیە بە ئاوی قورسی ئەراکەوە کە ئاژانس لێیبەگومانە و بریارە دووبارە پشکنینەوەی بۆ بکرێ.
نامەگۆڕینەوە فەخریزاد دەگەڵ کەسێکیتر لە سەر شەریکەیەک بەناوی "کیمیا مەعدەن"، یەکێکیتر لە بەڵگەکانی "نەفتالی بێنێت"ە. ئەم شەریکەیە لە بواری بەرهەمهێنانی ئۆرانیۆم چالاکی هەبووە. لەو لاشەوە بە فەخریزاد دەڵێن کە ئاژانس گومانی لەسەر "کیمیا مەعدەن" هەیە و دەبێ بەپەلە داستانێکی درووست کراوی جێگەی باوەڕ چێبکرێت تا باوەڕمان پێبکەن. بە فەخریزاد ڕادەگەیەنن کە دەبێ مێژووی هەڵوەشاندنەوەی "کیمیا مەعدەن" بگۆڕدرێت تا بتوانین بە ئاژانس ڕابگەیەنین کە ئەم شەریکەیە سەر بە کەرتی تایبەتە و تێکۆشانەکانی هیچ پێوەندییان بە کاری نیزامیی و ناوەکییەوە نییە.
وێنەیەک لە ژووری تەقینەوەی "پارچین"، یەکێکیتر لە بەڵگەکانە، کە بۆ تاقیکردنەوەی ناوەکی کەڵکی لێوەرگیراوە.
ناوی چەند کەسیش لە بەڵگەنامەکان دا دەبینرێن، جگە لە فەخریزادە، حەسەن فیروزئابادی، عەلی شەمخانی و ئەحمەد وەحیدی، کە ئەمانەش وەک بەرپرس و ڕێگەخۆشکەری گەڵاڵە بۆگەنە ناوەکییەکەی کۆماری ئاخوندی دێنەئەژمار.
ئەوەیە ماهییەتی سیستمێک کە بناخەکەی لەسەر درۆ دامەزراوە و بەم شێوەیە تەواوی دەست و پێوەندەکانی لە هەر کوێیەکی ئەم جیهانە بن دەبێ ڕووڕەشانە درۆ دەگەڵ بەرامبەرەکەیان بکەن. هەرچەند تەقییە و درۆ بەشێکی دانەبڕاوەی ڕەفتاری ئاخوندەکانە، بەڵام لە دونیای سیاسەت و لەگەڵ کۆڕوکۆمەڵە جیهانییەکان بەم پێوەرە جوڵانەوە، بەڕاستی تەنیا سەرشۆڕییە و هیچیتر!!