لێکەوتەکانی کەمیی گاز لە وەرزی سەرما و ترسی ڕێژیم لە ناڕەزایەتیی خەڵکی ئێران هاوشێوەی خەزەڵوەری ٩٨، وەزارەتی وزەی ڕێژیمی ناچار بە ڕاگرتنی هەناردەکردنی گاز بۆ عێراق کرد.
ڕۆژی سێشەممە ٢ی بەفرانباری ١٤٠٤، وەزارەتی کارەبای عێراق لە ڕاگەیەندراوێکدا ئاماژەی بە ڕاگرتنی هەناردەکردنی گاز لەلایەن ڕێژیمی ئێران و بەبێ ئاگادارکردنەوەی پێشوەختە کرد و ڕایگەیاند: "بەهۆی ڕاگرتنی گاز لەلایەن ئێرانەوە، بەرهەمهێنانی کارەبای میللیی عێراق بە ڕێژەی ٤ هەتا ٤ هەزار و ٥٠٠ مێگاوات کەمی کردووە".
هەروەها وەزارەتی وزەی ڕێژیمی ئێران لە بەیاننامەیەکی فەرمیدا "دۆخی نالەبار"ی کردووەتە پاساوی ڕاگرتنی هەناردەکردنی گاز بۆ عێراق، بەڵام باسی لە كێشەی فەننی یان هۆکارە سیاسییەکان نەکردووە.
شایانی باسە ٣٥ هەتا ٤٠ لەسەدیی بەرهەمهێنانی کارەبای عێراق لەڕێگەی گازی سروشتییەوە بەرهەم دەهێندرێت و ڕێژیمی ئێران بەو هەوڵەی زیانێکی زۆری بە وزەخانەکانی بەرهەمهێنانی کارەبا لەو وڵاتە گەیاندووە.
کارناسانی ئابووری و شرۆڤەکارانی سیاسی، ڕاگرتنی گازی ئێران بە ڕووی عێراقیان بۆ هۆکاری سیاسی گەڕاندووەتەوە و لەوبارەوە ئاماژەیان بەوە داوە کە ڕێژیمی ئێران لە ترسی ناڕەزایەتیی خەڵک بەهۆی کەمیی گازەوە ئەو هەوڵەی لەدژی عێراق گرتووەتە بەر.
هەروەها ئەو کارناسانە ئاماژەیان بەوە داوە کە ڕێژیمی ئێران بەو کارەی ئامانجێکی دیکەی پەرەپێدانی نائارامیی کۆمەڵایەتی و ناڕەزایەتییە گشتییەکان لە عێراق بەهۆی کەمیی کارەباوەیە، هەتا لەو ڕێگەیەوە بتوانێت زیاتر دەستێوەردان لە کاروباری ئەو وڵاتەدا بکات.
ئەو هەوڵەی ڕێژیمی تاران دژ بە عێراق لەکاتێکدایە کە لە ماوەی چەند مانگی ڕابردوودا، ئەمریکا گەڵاڵەی لێخۆشبوونی ئەو سزایانەی کە ڕێگەی بە عێراق دەدا تێچووی کارەبای هاوردەکراو لە ئێرانەوە بدات، هەڵوەشانەوە.