کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کاردانەوە توندی ئیسرائیل و ئەمریکا بەرانبەر بە ڕاهێنانە مووشەکی و سەربازییەکانی ڕێژیمی ئێران

12:02 - 3 بەفرانبار 2725

دوابەدوای هەڵدانی مووشەکی بالستیک لەلایەن هەوافەزای سپای پاسدارانەوە، ئەمریکا و ئیسرائیل کاردانەوەی توندیان نیشان دا و هۆشدارییان دا کە چاودێریی تەواوە جموجۆڵەکانی ئێران  دەکەن.  

ڕۆژی دووشەممە، ١ی بەفرانباری ١٤٠٤، سپای پاسداران لە تاقیکردنەوەی مووشەکی لە ناوچە جیاوازەکانی وەکوو: تاران، ئێسفەهان، خوڕەماوا و مەهاباد نمایشێکی تاقیکردنەوەیی موشەکیی بالستیکی ئەنجام داوە و دوابەدوای ئەم ڕاهێنانە سەربازییە، ئیسرائیل  و  ئەمریکا  هۆشدارییان داوە کە چاودێریی تەواوی جموجۆڵە سەربازییەکانی ئێران دەکەن.

لەمبارەشەوە بێنیامین نێتانیاهوو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل وتی: لە سەفەرم بۆ ئەمریکا، تەواوی جموجۆڵە سەربازییەکانی سپا لەگەڵ دۆناڵد ترامپ دەخەمە بەر باس.

ناوبراو ئاماژەی بەوەش دا، کە بژاردەی دووبارە هێرشکردنە سەر ژێرخانە سەربازی و ناوکییەکانی ئێران دەخاتەوە بەر باس و ڕایگەیاند: ئێمە لە ئۆپەراسیۆنی "شێری ڕاساو" سەرکەوتنێکی زۆرمان بەدەست هێناوە و بیروڕامان لەبارەی ئێرانەوە گۆڕانی بەسەردا نەهاتووە.

لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا چەندین ڕاپۆرتی دژبەیەک دەر چووە، هەندێک لە سەرچاوەکانی نزیک لە ڕێژیمی ئێران، هەڵدانی مووشەکی نوێیان ڕاگەیاندووە و هەندێک لە سەرچاوە فەرمییەکان ئەم ڕاپۆرتەیان بەدرۆ خستووەتەوە. ئەمە لەکاتێکدایە کە دەزگا زانیارییەکانی ئیسرائیل و ئەمریکا لە بنکە موشەکییەکانەوە بیگرە هەتاکوو شێوازی هەڵدانیان، چاودێریی جموجۆڵە هەوافەزاییەکانی سپایان کردوون.

لەم پێوەندییەدا، "یەعازر مارۆم" فەرماندەی پێشووی هێزی دەریایی ئیسرائیل ڕایگەیاند، هۆشداریی ڕێژیمی ئێران ڕوو لە زیادبوونە، ئیسرائیل نابێت تەنها لە حاڵەتی بەرگریدا بێت، پێویستە دەسپێشخەرییەک بخاتە بەرنامەی کارییەوە.

جێی ئاماژەپێکردنە کە دەوڵەتی دۆناڵد ترامپ، لە بواری ئابووری، سەربازی و تەکنۆلۆژییەوە گوشارەکانی بۆ سەر ڕێژیمی ئێران و هاوپەیمانەکانی بەردەوام دەکات.