گرانبوونی خواردەمەنییەکان لە ئێران ڕاستەوخۆ کاریگەریی لەسەر تەندروستیی خەڵک دەبێت، چونکە دەبێتە هۆی سڕینەوەی خواردەمەنییە پێویستەکان لە ژەمە خواردنەکان بەتایبەتی شیرەمەنی، میوە و پرۆتینەکان.
بەوتەی کارناسانی بواری خۆراک، سڕینەوەی ئەم خواردەمەنییانە دەبێتە هۆی بەدخۆراکی و کورتبوونی باڵا و ئێسک لە منداڵان و زیادبوونی نەخۆشییەکانی دڵ و دەمار و جەڵتەی لە تەواوی تەمەنەکاندا بەدواوە دەبێ و ئەمە تێچوویەکی زۆر لە بواری تەندروستییەوە دەخاتە سەرشانی خەڵک.
گرانبوونی نرخی خۆراک بووەتە هۆی ئەوەی کە وەزیری تەندروستیی ڕێژیم داوای ڕێکاریک بۆ تەرخانکردنی یارانە بۆ کاڵای تەندروست و کۆنترۆلکردنی نرخەکان بکات.
بەپێی ڕاپۆرتەکانی هەواڵدەرییە نێوخۆییەکانی ئێران، ٥٠ لەسەدی خەڵکی ئێران توانای کڕینی شیرەمەنییەکان، میوە و پرۆتینەکانیان نییە و ئێران لەگەڵ قەیرانی تەندروستی بەرەوڕوویە.
بە بۆچوونی شارەزایان، کەمترین کارێک کە بۆ قەرەبووی ئەم قەیرانە دەتوانن بیکەن تەرخانکردنی یارانە بۆ توێژی کەمداهاتی کۆمەڵگایە.