کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

گرنگیی ئاڵا وەك بەشێك لە شوناس

12:24 - 3 بەفرانبار 2725

ڕەسووڵ سوڵتانی

 

ئاڵا هێما یان سیمبولێكی دیداری و وێنەییە كە هەر لە كۆنی كۆنەوە، دەستە و گرووپ و لە ئاستی بەربڵاوتردا لەشكر و لەویش بەربڵاوتر گەلان بۆ مەبەستی جۆراوجۆر بەكاریان هێناوە. ئەو كاتەی دەستەیەك مرۆڤ ڕێك كەوتوون لە دەوری هێمایەك كۆ ببنەوە یان هێمایەكی وێنەیی بكەنە نیشانەی یەكترناسینەوە و لەسەر پێستەی ئاژەڵان و دواتر لەسەر پارچە قوماشێك ئەو هێمایەیان نەخشاندووە. بۆ نموونە لە شەڕەكاندا ئەو هێمایە دراوەتە دەست یەكێك لە جەنگاوەرەكان و لە ڕیزی پێش پێشەوە ڕاوەستاوە و وەكوو ناسنامەی ئەو لەشكرە نیشان دراوە و جەنگاوەرەكان بەو ئاڵایە شوێنی شەڕگەی خۆیانیان ناسیوەتەوە. یان لە كاتی خۆبەدەستەوەدانی لەشكرێك یان چەند جەنگاوەرێكدا ئاڵایەكی سپی هەڵكراوە و شەكێنراوەتەوە، كە ئەم ڕەنگە سپییە ڕێككەوتنێكی گشتییە لەسەر ئاشتەوایی و كۆتایی شەڕ.

توێژینەوەكان دەڵێن، ئاڵای مێدییەكان یەكێكە لە كۆنترین ئاڵاكانی مێژوو، كە خۆرێكی لە نێوەڕاستەكەیدا هەبووە. لە ئایینە هەرە كۆن و كەوناراكانی ناوچەی مێزۆپۆتامیادا خۆر و ڕووناكی پێگەیەكی بەرزیان هەبووە. ئەو خۆرەی كە چەندین سەدە دواتر لە ئاڵای خۆیبوون و ئاڵای كۆماری كوردستان و دواتر بە دەسكارییەوە لە ئاڵای پەسەندكراوی پەڕلەمانی كوردستاندا خۆی دەنوێنێتەوە.

بەكارهێنانی ئاڵا وەك هێمای گەل و نەتەوە، دەگەڕێتەوە بۆ كۆتاییەكانی سەدەی حەڤدەیەم لە ئەورووپا. بەڵام یەكەم ئاڵاكانی سەر قوماش كە بە ئاوریشم چنراون، لە وڵاتی چینەوە هاتوون. ئەوەی كە حاشای لێ ناكرێ، ئەم ڕاستییەیە، كە ئاڵا لای ئەو دەستە و گرووپ و گەلانەی وەكوو هێمایەك قبووڵیان كردووە، ڕێزی لێ گیراوە و وەكوو بەشێك لە ناسنامە و تەنانەت ڕەنگدانەوەی بیروباوەڕیشیان كەڵكی لێ وەرگیراوە.

نەتەوە، لە بەستێنێكی مێژووییدا دروست دەبێت. كۆمەڵێك مرۆڤ كە بە زمانێك قسە دەكەن و، لە جوگرافیایەكی دیاریكراودا دەژین و دابونەریت و كولتوورێكی هاوبەشیان هەیە، ئەگەرچی جاروبار ئەو دابونەریت و كولتوورە هێندێ وردە جیاوازییشی تێ دەكەوێت. ئەو كۆمەڵە مرۆڤە لە بەستێنی زەماندا خەون و خولیایەكیان لەسەر بنەمای ئەزموونە تاڵ و شیرینەكانی ڕابردوویان بۆ دروست دەبێت و وەكوو نەتەوەیەك خۆیان پێناسە دەكەن و هێمایەكی وێنەیی بە ناوی ئاڵا بۆ خۆیان دادەنێن و لەسەری ڕێك دەكەون كە ئاڵاكە بەشێك لە یادگەی مێژوویی ئەو كۆمەڵە كەس یان نەتەوەیە لە خۆیدا جێ دەكاتەوە و دەبێتە زمانی یادگەی مێژوویی و نیشتمانی زەینیی ئەوان. یادگەی مێژوویی بریتییە لە زام و خەم و ئازار و بەرگری و خۆڕاگری و پەلامار و شەڕ و سەركەوتنەكان.

ئاڵا كەسایەتیی حقووقیی نەتەوەیەك

وەختێك نەتەوەیەك دەبێتە خاوەنی دەوڵەت، ئاڵای ئەو نەتەوەیە پەیوەندییەكی تەواوی لەگەڵ كەسایەتیی حقووقیی ئەو نەتەوەیە هەیە. لە ئاستی نێودەوڵەتیدا دەوڵەتەكان كەسایەتییەكی حقووقین، كە ئاڵای سەر ڕێكخراوی نەتەوە یەكگرتووەكان، ئاڵای سەر مێزی باڵوێز و نوێنەرەكان، ئاڵای سەر فڕۆكەكان، ئاڵای سەر كەشتییەكان زمانی بێزمانی ئەو دەوڵەتانەن.

ئاڵای گەلانی بێدەوڵەت

گەلانی بێدەوڵەتیش ئاڵای خۆیان دروست دەكەن. گرنگیی ئەو ئاڵایە بۆ نەتەوەی بێدەوڵەت، خۆناساندن و خۆپاراستنە. ئەو نەتەوەیە ئەگەرچی لەلایەن داگیركەرانی وڵاتەكەیەوە حاشا لە بوونی دەكرێت، بەڵام ئەو بە هەڵكردنی ئاڵاكەی هێمای بوونی خۆی دەنوێنێتەوە. ڕەنگە ئەو ئاڵایە بە ئازادی ڕێگەی شەكانەوەی پێ نەدرێت، لەو حاڵەدا ئاڵاكە بە دەستی شۆڕشگێڕانی ئەو نەتەوانەوە سەنگەر بە سەنگەر دەگوازرێتەوە و دەپارێزرێت.

كورد نەتەوەی بێدەوڵەت و ئاڵای كورد

ئاڵای نەتەوەیەكی بێدەوڵەتی وەكوو كورد لە ئاستی نێودەوڵەتی و لە دادگا نێودەوڵەتییەكان لە كۆنڤانسیۆنەكان و لە پەیمان و گرێبەستە نێودەوڵەتییەكاندا ئەو پێگە حقووقییەی نییە كە ئاڵای دەوڵەتە بە فەرمی ناسراو و سەربەخۆكان هەیەتی. هەر بۆیە میللەتی بێدەوڵەت لە ئاستی نێودەوڵەتیدا تەنیا دەبینرێ، بەڵام نابیسرێ و یاسای نێودەوڵەتی گوێی لێ ناگرێت. ئەو ئاڵایە بوونی ئەو میللەتە بە دنیا نیشان دەدات و بەشێكە لە هاوار و زمانی بێزمانی ئەو میللەتە لە ئاستی جیهانیدا، بەڵام لەبەر بێدەوڵەتی، نە ئاڵاكە و نە میللەتەكە هێشتا نەبوونەتە بابەت و بەردەنگ.

میللەتی بێدەوڵەت و بێ ئاڵا، ئەگەر هەوڵی سڕینەوەی بدرێت و كۆمەڵكوژیش بكرێت، بابەتەكەی وەكوو بابەتێكی ناوخۆیی ئەو وڵاتە سەیر دەكرێت كە بەسەریدا زاڵە. هیچ دادگا و ناوەند و كۆڕ و كۆمەڵێكی نێودەوڵەتی هاواری ئەو دەوڵەتە بێ ئاڵا و بێدەوڵەتە نابیستێ. هەر بۆیە كوشتاری قاڕنێ و قەڵاتان و ئەنفالی باشوور و كیمیابارانی هەڵەبجە لەلایەن كۆڕ و كۆمەڵە مرۆڤپارێزەكانەوە پشتگوێ خران.

میللەتی بێدەوڵەت لە ئاستی نێودەوڵەتیدا دەبینرێ، بەڵام بابەتێك نییە، هێز و لایەنێك نییە بە شێوەی یاسایی مامەڵەی لەگەڵ بكرێت، بەڵكوو ئامراز و دەرفەتێكە كە بەكار دەهێنرێت و كاری پێ دەكرێت و زۆر جاران مامەڵەی پێ دەكرێت و بەكار دەهێنرێت.

تاكەكانی نەتەوەی بندەست و بێدەوڵەت، لە وڵاتان لەبەر ئەوەی مۆر و ئاڵای وڵات و دەوڵەتی خۆیان لەسەر پاسپۆرتەكەیان نییە و وڵاتەكەیان لەسەر نەتەوە یەكگرتووەكان ئاڵای ناشەكێتەوە و بە فەرمی نەناسراوە، دەبێ وەكوو تاكێكی سەر بە نەتەوە سەردەست و داگیركەرەكان خۆیان بناسێنن.

ئاڵا و كاریگەرییەكانی لەسەر باری دەروونیی تاك و نەتەوە

ئاڵا، تەنانەت ئەگەر دەوڵەتێكی بە فەرمی ناسراویشی نەبێ، هەستێكی هاوبەش و یەكگرتوو لە نێو تاكەكانی ئەو میللەتەدا دروست دەكات. دەكرێ ئەو میللەتە دەیان و سەدان ڕوانگەی جیاواز، حیزب و ڕێكخراوی جۆراوجۆری تێدا بێت و هەر كام لۆگۆ و ئاڵا و هێمای تایبەت بە خۆیانیان هەبێت، كە گوزارش لە ڕوانگە و ئایدیای سیاسی و ڕێكخراوەییان دەكات، بەڵام ئەوەی دواجار هەموویان لە دەوری یەكتر كۆ دەكاتەوە، ئاڵای نەتەوەكەیە.

ئاڵا، چڕكردنەوەی مێژووی میللەتێكە لە وێنەیەكدا

ئاڵاكان هەر وا لەخۆوە داناڕێژرێن، بەڵكوو زۆر بە وریاییەوە هێما و ڕەنگەكانیان دیاری دەكرێن. ئاڵای كوردستان كە لە سێ ڕەنگی سوور و سپی و سەوز پێك هاتووە و خۆرێك لە نێوەڕاستەكەیدایە، مێژوویەكمان بۆ دەگێڕێتەوە. مێژوویەك كە دەریایەك خوێنمان داوە بۆ ئەوەی بگەینە كەناری ئاشتی و ئارامی و خۆری ئازادی هەڵبێت و تاریكایی داگیركەران لەسەر كوردستان بڕەوێنێتەوە و وڵاتەكەمان گەش و سەوز و ئاوەدان بكەینەوە.