کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بەڕێوەچوونی هەڵمەتی زاگرۆسانە لە شار و ناوچەکانی کوردستان

12:25 - 3 بەفرانبار 2725

لە درێژەی هەوڵە ژینگەوانییەکان و پەرەپێدان بە کلتووری پاراستنی سروشت لە ڕێگەی چاندی نەمام و دەنکە بەڕوو، لە زۆربەی ناوچەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لەوانەش سەلاسی باوەجانی، گیەڵان و زۆرێک لە ئاواییەکانی شاری مەریوان و تەنانەت شارەکانی هەرێمی کوردستانیش هەڵمەتی زاگرۆسانە بەڕێوە چووە.

بەپێی ڕاپۆرتی ئەنجومەنی سەوزی چیای مەریوان، لە ماوەی ڕۆژانی ڕابردوودا هەڵمەتی زاگرۆسانە لە ئاواییەکانی نێزڵ، گوڵچێر و نێ و چەند ئاواییەکی دیکەی مەریوان بە بەشداریی ئەندامانی ئەنجومەن و خەڵکی ژینگەپارێزی هەرکام لەو ئاواییانە بەڕێوە چووە.

بەپێی ئەو ڕاپۆرتە، ڕۆژی دووشەممە ١ی بەفرانبار، ئەندامانی سەوزی چیای مەریوان لە هەڵمەتی ژینگەوانیی زاگرۆسانە لە ئاوایی "گوڵچێر" سەر بە ناوچەی سەرشیوی مەریوان و بە هاوکاریی خەڵکی نیشتماندۆستی ئەو ئاواییە سەدان نەمام و دەنکە بەڕوویان چاند و پێداگرییان لەسەر پەرەپێدانی کلتووری نەمام چاندن و ڕێزگرتن لە سروشت کردەوە.

لەو هەڵمەتەدا، چەندین کەسایەتی و ئەندامانی ئەنجومەنی سەوزی چیای مەریوان لەسەر چۆنیەتیی چاندنی نەمام و دەنکە بەڕووەکان بەرچاوڕوونیان بە بەشداربووان دا و دواتر لە کەشێکی هاوڕێیانەدا دەستیان بە هەڵمەتەکە کرد.

شایانی باسە لە ئاوایی گوڵچێردا، پێشتریش چەند هەڵمەتی جۆراوجۆری ژینگەوانیی بەرچاو بەڕێوە چووە و لەم هەڵمەتەشدا زۆرێک لە لاوانی ئەو ئاواییە بەشداریی چالاکانەیان هەبووە.

هەروەها لە ئاوایی "نێ"شدا هەڵمەتی زاگرۆسانە بە گڕوتێنێکی زۆرە و بە بەشداریی خەڵکی ژینگەپارێزی ئەو دەڤەرە و لەژێر ڕێنوێنیی ئەندامانی سەوزی چیادا هەڵمەتی زاگرۆسانە بەڕێوە چوو.

لەو هەڵمەتەدا چەندین پارچە شێعر و سروودی حەماسی وترانەوە و بە گەرمی پێشوازی لە هەڵمەتی زاگرۆسانەی ئەمساڵ کرا.

هەروەها لە ئاوایی "نیزڵ" سەر بە شاری مەریوان هەڵمەتی زاگرۆسانە بە شێوەی بەرچاو و بەربڵاو بەڕێوە چوو و بە چاندی نەمام و دەنکە بەڕوو پێداگرییان لەسەر پەرەپێدانی دارستان و لێڕەوارەکان کردەوە.

لە شاری بانە بۆ دووهەم جار هەڵمەتی زاگرۆسانە بە دەسپێشخەریی ئەنجومەنی پارێزەرانی ژینگە "پاژین ـــ بانە" و بە بەشداریی کۆمەڵانی خەڵکی ئەو شارە بەڕێوە چووە و چەندین جۆر دەنکە بەڕوو، نەمام، دەنکە قەزوان و گۆیژ چێندرا.

هەروەها لە شاری سەلاسی باوەجانیش هاوشێوەی شار و ناوچەکانی دیکەی کوردستان هەڵمەتی زاگرۆسانە بە دەسپێشخەریی ئەنجومەنە ژینگەپارێزی و گرووپە شاخەوانییەکانی ئەو شارە بەشێوەی گەرموگوڕ بەڕێوە چوو.

هەروەها لە کاناڵی تێلێگرامیی ئەنجومەنی سەوزی چیادا ئاماژە بە بەڕێوەچوونی هەڵمەتی زاگرۆسانە لە شاری گیەڵانی سەر بە کرماشان کراوە و لەلایەن خەڵکی ژینگەپارێزی ئەو شارەوە پێشوازییەکی باش لەو هەڵمەتە کراوە.

هەروەها پێشتریش لە هەرکام لە شارەکانی جوانڕۆ، سنە، پاوە، بانە، ڕوانسەر، سەقز، کرماشان، باینگان، بانەوڕێ، مەریوان و دەیان شار و ئاوایی دیکەی ڕۆژهەڵاتی کوردستان هەڵمەتی ساڵانەی زاگرۆسانە بەڕێوە چووە.

شایانی باسە هەڵمەتی زاگرۆسانە شارەکانی هەرێمی کوردستانیشی گرتووەتەوە و لە شاری شەقڵاوە و قەڵادزێ و چەندین ناوچەی دیکەدا ئەو هەڵمەتە بەڕێوە چووە.