کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

خەڵاتی ماملێ بۆ ساڵی ٢٠٢١ دەبخشرێتە دڵشاد سەعید ژەنیاری ڤیۆڵۆن و ژەنیاری کورد

10:35 - 28 بەفرانبار 2720

وەک نەریتی ساڵانە مەڵبەندی هونەریی ماملێ‌ خەڵاتی تایبەتی خۆی پیشکەش بە هونەرمەندێکی خەڵکی باشووری کوردستان بە ناوی "دڵشاد سەعید" دەکات.

خەڵاتی ماملێ، وەک هێمایەکی ڕێزلێنان لە هونەرمەندانی کورد، ماوەی ١٢ ساڵە چالاکە و لەلایان مەڵبەندی هونەریی "ماملێـ"ـوە ساڵانە پێشکەش بەو کەسانە دەکرێت کە لە خزمەتکردنی هونەری کوردیدا تێکۆشاون و گەشەیان پێ بەخشیوە.

لەو پەیوەندییەدا، ناوەندی ماملێ ڕایگەیاندووە، لە بەر ئەم خزمەتانەی کە "دڵشاد سەعید" بە موسیقای کوردیی کردووە، خەڵاتی ئەمساڵی ماملێ پێشکەشی ده‌کرێت:

١ـ  لە قۆناغێکی مێژووی موزیکی ھاوچەرخی کوردستاندا و بەتایبەت (ناوچەی) بادینان،  "دڵشاد سەعید" بووەتە داینامۆ و بنیاتنەری گرووپی ئۆرکێسترایی. دیارترین ئەو کارانەی لەو سەردەمە ئەنجامی داون، دامەزراندنی "تیپی موسیقای دھۆکـ"ـە، جگە لە بەرھەمەکانیان وەک پێویستییەکی کۆلتووری و ھونەری، بووەتە ھۆی ئەوەی کە بە دەیان هونەرمەند کاری تێدا بکەن و ببنە سەرکردەیەک بۆ نەوەکانی داھاتووی خۆیان و دەیان ھونەرمەند پێبگەیەنێ.

٢ـ  ئەو ئۆرکێسترایە کە مامۆستا دڵشاد بونیاتنەری بووە، بووەتە ئافرێنەری دەیان بەرھەمی ناوازە و هەروەها بە تۆمارکردنی چەند شاکارێکی گۆرانییەکی دێرینی کوردی و داڕشتنەوەیان بە شێوەی ئۆرکێستڕاڵی و زانستی. مامۆستا دڵشاد سەعید بە چەشنێک کاری تێیدا کردوون، کە تێیاندا ئەوەی سەلماندووە کە میلۆدی کوردی توانایی ھەیە لە لووتکەی ئەکادێمیبوندا کاری لەسەر بکرێت و لە فۆرمە جیھانییەکاندا جێی بکرێتەوە. دەتوانین بڵێین: پێش بەڕێزیان ھیچ ھونەرمەندێک تا ئەو ئاستە، خۆی لە کاری بەو جۆرە نەداوە. بە بڕوای ئێمە لە مەڵبەندی هونەریی ماملێ ئەو کۆمەڵە شاکارەی کە لە مێلۆدی و موزیکی کوردی بەرھەمی ھێناون، دەکرێت وەک شاکارێک ناویان ببرێت و لە دونیای موزیکی جیهانیدا نوێنەرایەتی موزیکی کوردی بکات.

٣ـ لەو ماوەیەدا کە لە دهۆک سەرۆکی تیپی موسیقای ئەو شارە بوو، ڕۆڵێکی بەرچاویان گێڕا لە بەشداریکردنی کچان و ژنانی کورد، تا لە گۆڕەپانی موزیکدا چالاک بن و گەشە بکەن، کە خۆی لە خۆیدا شۆڕشێکی گەورەی کولتووری بوو.

٤ـ  دەست و پەنجەی سەر کەمان یان ڤیۆڵۆنی دڵشاد سەعید، کە پەروەردەی قوتابخانەی ئەکادێمیی موزیکی کلاسیکی رۆژئاوایە، لە هەمانکاتدا ئاوێتەیە بە ڕۆح و بەرامەی موزیکی کوردی، خاوەن ناسنامەیەکی تایبەت بە خودی ھونەرمەندە و بووەتە ژانڕێک لە موزیکی کوردی کە زۆر لە لاوانی کورد لە خۆشەویستی بۆ هونەری ئەو هونەرمەندە دەست بۆ کەمان دەبەن و فێری دەبن.

٦ـ ھونەریی ئەو، بووەتە پردێکی نێوان موزیکی کوردی و موزیکی جیهانی، بە چەشنێک کە نووسینەکان و لێکۆڵینەوەکانی سەبارەت بە موزیکی کوردی لە هەندێک لە زانکۆکانی جیهانی وەک سەرچاوە بەکار دەھێنرێت و بۆ ئەو فێرکارانەی کە لەبەشی موزیکی ڕۆژهەڵاتی ئیش دەکەن، وەک وانە دەگوترێنەوە یان دەبێتە سەرچاوەیەکی گرنگ بۆ بەدەستھێنانی بڕوانامەی ماستەر و دکتۆرا.

هەروەک ئاگادارن هەموو ساڵێک بە پێی توانامان بۆ ڕێزگرتن لە هونەرمەندی ساڵ ڕێوڕەسمێکی ڕێزلێنان و پێزانین لەلایان مەڵبەندی هونەریی "ماملێ"وە ئامادە دەکرێت. ئەمساڵیش بەتەما بووین تا لە بۆنەیەکی شایاندا ئەو خەڵاتە پێشکەش بە مامۆستا دڵشاد سەعید بکەین، مخابن کە ئەمساڵ لەبەر هۆکاری پەتا و نەخۆشیی (کۆڕۆنا) و بۆ پاراستنی سڵامەتی هەموولایەک ئەو دەرفەتەمان بۆ نالوێت بەڵام، بە نوێنەرایەتیی مەڵبەندی هونەریی ماملێ و بە نوێنەرایەتیی هەموو ئەو کەسانەی کە پێیانوایە مامۆستا دڵشاد سەعید شایانی ئەو خەڵاتەیە، چەند کەسی بەڕێز دەبنە میوانی مامۆستا دڵشاد و خەڵاتەکەی پێشکەش دەکەن."

"دڵشاد سەعید" ساڵی ١٩٥٨ لە شاری دهۆک لەدایک بووە، قۆناغی خوێندنی سەرەتایی لەو شارە تەواو کردووە و ساڵی ١٩٧٢ لە پەیمانگەی هونەرە جوانەکانی بەغدا وەرگیراوە. ساڵی ١٩٧٥ هاوکات لەگەڵ درێژەدان بە خوێندنی هونەری، هاوکاریی خۆی لەگەڵ بەشی کوردیی ڕادیۆ و تێلێڤیزیۆنی بەغدا دەست پێ کردووە.

مەڵبەندی هونەریی ماملێ رێکەوتی ١٩ی رەشەممەی ١٣٨٧ی هەتاوی لە دەیەمین ساڵڤەگەڕی كۆچی دوایی هونەرمەند "محەمەدی ماملێـ"ـدا بە ئامانجی هاندان و پەرەپێدان و گەشەپێدانی هونەر لەنێو كۆمەڵگەی كوردەواری و بە شێوەیەكی فەرمی لە وڵاتی نۆروێژ دامەزراوە.