کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

خەڵکی مەریوان لە سێدارەدانی زیندانییانی کوردیان مەحکووم کرد

20:10 - 15 خەزەڵوەر 2713

کوردستان میدیا: خۆپیشاندانی هاووڵاتییانی شاری مەریوان لەمەڕ ناڕەزایەتی لەهەمبەر لە سێدارەدانی زیندانییانی سیاسی لەلایەن رێژیمی ئیسلامیی ئێرانەوە، توندوتیژیی لێ کەوتەوە.
ماڵپەڕی ئاژانسی کوردپا بڵاوی کردەوە، ئەو خۆپێشاندانە بە بەشداریی ژمارەیەکی زۆر لە هاووڵاتییانی مەدەنیی شاری مەریوان لە یەکێک لە شەقامەکانی ئەو شارەدا رۆژی سێشەممە رێکەوتی ١٤ی خەزەڵوەری ١٣٩٢ی هەتاوی، بەڕێوەچووە و ناڕەزایەتیی خۆیان لەهەمبەر لە سیدارەدانی زیندانییانی سیاسیی کورد دەربڕیوە.
لەو خۆپیشاندانەدا بە دروشم‌گەلێک لە چەشنی \'\'کوردستان لە سێدارە مەدەن\'\' و \'\'هەتا کوردێک بمینێ کوردستانیش دەمێنێ\'\' خەمڵێنرابوو و لە چوارڕێیانی \'\'شەبڕەنگ\'\'ـەوە هەتا چوارڕێیانی سەرەکی (شەقامی دوکتور قاسملوو) بەڕێوەچووە کە لەگەڵ دژکردەوەی هێزەکانی یەگانی تایبەت بەرەوڕوو بووەتەوە و ژمارەیەکیش دەسبەسەر کراون.
پاش ئەو رووداوە هێزەکانی یەگانی تایبەت لە ئاستی شاری مەریواندا بڵاوەیان پێکراوە و کەش و دۆخی شاریان ئەمنیەتی کردووە.
لە چەند رۆژی رابردوودا سزای سێدارەی سێ زیندانیی سیاسیی، حەبیبوڵڵا گوڵپەری پوور، رەزا ئیسماعیلی، شێرکۆ موعارفی لە زیندانەکانی ئورمیە، سەڵماس و سەقز بەڕێوەچوو.