کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

داتاشینی شاکیی تایبەت، بیانوویەک بۆ دادگایی کردنی چالاکانی فەرهەنگیی کورد

14:12 - 17 رەشەمه 2713

کوردستان میدیا: دادگای کەیفەریی رێژیمی ئێران بە داسەپاندنی سزای لێدانی ٢٠ قامچیی بەسەر چالاکێکی سینفیی کورد بە گژی چالاکانی فەرهەنگیی کورددا دەچێتەوە.
بەپێی راپۆرتی کوردستان میدیا؛ پەیمان نەودینیان کاتژمێر ١٢ی نیوەڕۆی رۆژی یەکشەممە رێکەوتی ١١ی رەشەمەی ١٣٩٢ی هەتاوی، لەلایەن لقی ١ی جێبەجێکاری ئەحکامی کەیفەریی دادگوستەریی سنە بە شێوەی تەلەفۆنی بانگهێشت کراوە و پاش ماوەیەکی کورت سزای لێدانی ٢٠ قامچیی بۆ بەڕێوەچووە.
ئەو حوکمە پێشتر لە لقی ١٠٥ی دادگای کەیفەرییەوە بە سەرپەرستیی \'\'قازی ئەسکەندەری\'\' کە بۆ پەیمان و ١٠ ئەندامی ئەنجومەنی سینفیی مامۆستایان دەرچووبوو و لە دادگای پێداچوونەوەی پارێزگای سنه بە پێچەوانەی رەوتی بەڕێوەچوونی دادگا لە باری کاتەوە کە زیاتر لە ٦ مانگ دەخایەنێت، تەیید کراوە.
پەیمان نەودینیان بە تۆمەتی \'\'بێ‌حورمەتی بە مەئموورێکی رێژیم\'\' کەلە دادگادا نەسەلمێنراوە و تەنانەت دادگاش لە تاوتوێی فیلمەکان کە لەلایەن هەزارانی کامێرای رێژیمەوە تۆمار کراون، سزای لێدانی ٢٠ قامچیی بەسەردا سەپاوە.
کەسێکی ئاگادار لەو پەروەندەیە وتی: شاکیی ئەو دۆسیەیە کەسێکە لە دەست و پێوەندییەکانی رێژیم بەناو \'\'س. ع\'\' خەڵکی شاری سەقز و دانیشتووی شاری سنە و پێشتریش وەها هەڵسوکەوتێکی لەگەڵ چالاکانی فەرهەنگیی کورد ئەنجام داوە.
پەیمان نەودینیان هاوینی ساڵی ١٣٩٠ وەکوو یەکێک لە نوێنەرانی چالاکی ئەنجومەنە سینفییەکانی کوردستان و ئێران لە کۆنگرەی جیهانیی پەروەردە کەلە ئافریقای باشوور بەڕیوەچوو، بەشداریی کردبوو.
نەودینیان لە بواری تەنگەژە و ململانێکانی نێو پەروەدە و فێرکردندا روانینی تایبەتیی خۆی هەیە، بەڵام لەهەمبەردا بەرپرسانی ئامووزشیی رێژیمی ئێران نەک هیچ کات ئامادەی هاندانی ناوبراو نەبوون، بگرە وەکوو بەربەستێک چاویان لێ کردووە.
نابوراو پێشتر بۆ ماوەی دوو ساڵ دوور خرابووەوە و چەندین جار مۆڵەتی چالاکییەکانی لەلایەن رێژیمەوە لێ وەرگیراوەتەوە و دەسبەسەر کراوە و هەنووکە سزای زیندانی تەعلیقیی لەسەر.