کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

دادپەروەریی دادگای میكۆنۆس، هێشتا خامنەیی ئازار دەدات

19:22 - 22 رەشەمه 2715

كوردستان میدیا: خامنەیی لە چاوپێكەوتنێكدا لەگەڵ ئەندامانی مەجلیسی خوبرەگانی ڕێژیم، بڕیاری مێژوویی دادگای میكۆنۆسی لەمەڕ دۆسیەی تیرۆری ڕێبەرانی حیزبی دێموكراتی كوردستانی ئێران بە بیرەوەرییەكی تاڵ لە قەڵەم دا.

بەپێی هەواڵی ماڵپەڕی فەرمیی خامنەیی، لەو چاوپێكەوتنەدا كە لە كۆتایی نۆزدەیەمین دانیشتنی خولی چوارەمی مەجلیسی خوبرەگاندا بەڕێوە چوو، ڕێبەری ڕێژیم وێڕای ڕەخنەگرتنی ناڕاستەوخۆ لە هێندێك هەڵوێستی حەسەن ڕۆحانی و تاقمی ڕەفسەنجانی لەمەڕ پێوەندیی ئێران و ئەمریكاوە و هۆشداریدان بە نیسبەت مەترسیی دزەكرنی بێگانە بۆ نێو بەرپرسانی ڕێژیم، نیگەرانیی خۆی بەرانبەر بە سیاسەتەكانی ڕۆژئاوا و بەتایبەتی ئەمریكا لە بەرانبەر هێندێك لە سیاسەتەكانی كۆماری ئیسلامیدا دەربڕی و وتی: من دەبینم كە هیندێك لە برادەرانی ئێمە جارجار دەڵێن ئێمە دەبێ لەگەڵ هەموو دنیا پێوەندیمان هەبێت ... جارێ با بڵێم دنیا هەمووی هەر ئورووپا و ڕۆژئاوا نیە... ئورووپاییەكان شوێنكەوتووی سیاسەتی ئەمریكان. ئەو گەمارۆی بە سەردا سەپاندین، ئەوانیش گەمارۆیان بە سەردا سەپاندین، ئەو دژی ئێمە تەبلیغاتی كرد، ئەوانیش كەوتنە شوێنی. جا ئێمە چ بكەین؟

ڕێبەری دیكتاتۆری كۆماری ئیسلامی كە بۆ خۆیشی یەكێك لە داواكراوانی دادگای مێژوویی میكۆنۆس بە تاوانی دەركردنی بڕیاری تیرۆری دوكتور سەعید شەرەفكەندی، سكرتێری گشتیی حیزبی دێموكراتی كوردستانی ئێران و هاوڕێیانی لە شاری بێرلینی ئاڵمانە، لە درێژەی قسەكانیدا وتی: لە بابەتە جۆراوجۆرەكاندا، ئەوە ئورووپاییەكان بوون كە دوژمنایەتییان دەست پێكرد. لە مەسەلەی قاوەخانەی میكۆنۆسدا، سەركۆماری ئێمەیان تۆمەتبار كرد و دەیانهەویست ڕاپێچی دادگای بكەن. ناویان وەكوو تۆمەتبار لە دادگادا هێنا. جا ئێمە چ بكەین لەگەڵ ئەوانە؟ بڕۆین لێیان بپاڕێینەوە؟ بڕۆین پێیان بڵێین وەرن لەگەڵ ئێمە باشتر بن؟

ڕێبەری ڕێژیم كە تیرۆری دەیان كەس لە چالاكانی سیاسی و جیابیرانی كورد و ئێرانیی لە نێو جەرگەی ئورووپادا لە لایەن ڕێژیمەوە بە شتێكی ئاسایی لە قەڵەم دەدا وتی: ئێمە كارێكمان نەكردووە، ئەوانن كە دوژمنایەتی دەكەن.