کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

دادگای شاری مەهاباد ماوەی دەستبەسەركرانی برایانی كوردپووری درێژ كردەوە

20:36 - 14 گەلاوێژ 2713

كوردستان میدیا: یەكەمین جەلەسەی فەرمیی دادگایی كردنی خوسرەو و مەسعوود كوردپوور دوو رۆژنامەنووسی كوردی دەستبەسەركراو لەدادگای ئینقلابی شاری مەهاباد بەڕێوە چوو.
بەپێی هەواڵی ماڵپەڕی كوردستان میدیا، سەر لەبەیانی رۆژی دووشەممە رێكەوتی ١٤ی گەلاوێژ برایانی كوردپوور لە دادگای ئینقلابی شاری مەهاباد دۆسیەكانیان تاوتوێ‌ كرا و لەلایەن دادوەرەوە ماوەی دەستبەسەركردنەكەیان بۆ دوو مانگی دیكە درێژ كرایەوە.
لەو پێوەندییەدا كەماڵ حوسێنی رۆژنامەنووس و هاوكاری پێشووی ئاژانسی هەواڵی موكریان وتی: دادوەری دۆسیەكە لەگەڵ دانانی وەسیقە بۆ برایانی كوردپوور دژایەتیی كردووە و ئەوەشی خستە روو جەلەسەی دووهەمی دادگایی كردنی مەسعوود و خوسرەو مانگی خەرمانان بەڕێوە دەچێت.

ئەو رۆژنامەنووسە ئەوەشی خستەروو، برایانی كورد لەلایەن هێزە ئەمنیەتییەكانەوە بە دەستبەند و پا بەندەوە بردراونەتە لقی ١ی دادگای ئینقلاب و نوێنەری دادستانیش لەوێ‌ حوزووری نەبووە.
لەرەوتی دادگایی كردنەكەدا خوسرەو كوردپوور لەسەر كاری هەواڵنێری خۆی وەكوو پڕۆسەیەكی یاسایی پێداگربووە و لەو باوەڕەدابووە سەرجەم ئەو هەواڵانەی كە ئاژانسی هەواڵی موكریان بڵاوی كردۆتەوە لەچوارچێوەی یاسای رۆژنامەوانیدا بووە.
مەسعوودیش لە بەرگرییەكانیدا پشتی بە چەندین ئایەی قورئان و فەسڵی سێهەم لەیاسای بنچینەی بەستووە و وتوویەتی: من ماوەی زیاتر لە ٢٠ ساڵ وەكوو مامۆستایەك خزمەتم بە هاووڵاتیان كردووە.
ئەو دوو رۆژنامەنووسە لەلایەن دزگا قەزایی و ئەمنیەتییەكانی رێژیمی ئێرانەوە تۆمەتی وەكوو، هاوكاری كردن لەگەڵ حیزبە كوردییەكانی ئۆپۆزسیۆنی رێژیمی ئیسلامیی ئێران، پڕوپاگەندە بەدژی نیزام و پێكهێنانی كۆبوونەوەی ناڕەزایەتی بەدژی تەناهی نەتەوەیییان دراوەتە پاڵ.
بەپێی دوایین زانیارییەكان برایانی كوردپوور ئەو تۆمەتانەیان وەئەستۆ نەگرتووە و بە شتێكی هەڵبەستراو وەسفیان كردووە.
بڕیار بوو رۆژی شەممە رێكەوتی ١٢‌ی گەلاوێژ جەلەسەی دادگایی كردنی برایانی كوردپوور لە دادگای ئینقلاب‌ی شاری مەهاباد بە بەشداری پارێزەرەكانیان بەڕێوە بچێت بەڵام ئەو دادگایی كردنە رۆژی دووشەممە رێكەوتی ١٤‌ی گەلاوێژ بەڕێوە چوو.
دوای تێپەڕینی نزیك بە پێنج مانگ لەگرتنی برایانی كوردپوور، چارەنووسی دۆسیەكانیان نادیارە و هەتا ئێستا بۆ ماوەی سێ‌ جار ماوەی دەستبەسەركردنەكانیان درێژ كراوەتەوە.
برایانی كوردپوور رێكەوتی ١٧و ١٩ی رەشەممەی ساڵی ١٣٩١ی هەتاوی لەلایەن هێزەكانی سەر بە ئیتلاعاتی رێژیمی ئێران لەشاری مەهاباد دەسبەسەر كران و دوای سێ حەفتە راگرتنیان لەگرتنگەی ئیدارەی ئیتلاعاتدا رێكەوتی ٨ی خاكەلێوە بۆ ئیدارەی ئیتلاعاتی رێژیم لەورمێ راگوێزران و دواتریش رێكەوتی ٥ی پووشپەڕ ئەمساڵ برایانی كوردپوور دوای ١١١رۆژ دەسبەسەركران، بۆ گرتووخانەی شاری مەهاباد راگوێزران.