کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

دانیشتوانی گوندێکی ناوچەی بۆکان ماوەی سێ ساڵە بە دەستی کەم ئاوییەوە دەناڵێنن

17:19 - 15 خاکەلێوه 2714

کوردستان میدیا: بەهۆی لێدانی بیری ئاو و کەم کردنی سەرچاوەی ئاوی گوندی رەحیم خانی ناوچەی بۆکان، زیاتر لە سێ ساڵە کەم ئاوی بەرۆکی هاووڵاتییان و وەرزێڕانی ئەو گوندەی گرتووەتەوە.
بەپێی راپۆرتی کوردستان میدیا، بەهۆی لێدانی بیری ئاو لە نزیک کانی ئاوی \'\'خوشگیلدی\'\' لە گوندی رەحیم خانی ناوچەی بۆکان، لەلایەن دەست و پێوەندییەکی رێژیمی ئیسلامیی ئێرانەوە، ئاودێریی ٧٠٠ هێکتار لە زەوی و زارەکانی وەرزێرانی ئەو ناوچەیە تووشی گرفت بووە.
ئەو دەست و پێوەندییەی رێژیم لە ساڵی ١٣٨٥ەوە ئەو چاڵاوەی لێ داوە و لەو ساڵەوە رۆژ لە دوای رۆژ ئاوی کانیاوی خوشگیلدی کەمی کردووە و هەنووکە ماوەی سێ ساڵە بە تەواوەتی وشک بووە و ئەمەش بووەتە هۆی گرفتێک بۆ ئاودێریی زەو و زاری وەرزێڕانی ئەو ناوچەیە.
کانیاوی خوشگیلدی ساڵی ١٣١٢ی هەتاوی لە ئیدارەی سەبتی ئورمیە تۆمار کراوە و هاووڵاتییان و وەرزێڕانی گوندی رەحیم خان سەرەڕای بەدواداچوون و تۆمار کردنی سکاڵا لە دادگا، بەخشداریی سمینە، فەرمانداری، و وەزارەتی نیروو و پارێزگای ئورمیە، هیچ وەڵامێکی ئەوتۆیان پێ نەدراوەتەوە.
سەرچاوەیەکی ئاگادار بە \'\'کوردستان میدیا\'\'ی وتی: لە بەدواداچوونی هاووڵاتییان و وەرزێڕاندا دادگا و بەخشداریی سمینە رایانگەیاندووە کە ئەگەر ئاوایی رەحیم خانیش چۆڵ بکرێ، ئەو چاڵاوە لەسەر جێگای خۆی دەمێنێتەوە.