کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

درۆیەکی دیکەی کۆماری ئیسلامی ئاشکرا بوو

14:37 - 22 رەشەمه 2715

کوردستان میدیا: ئاژانسی نێونەتەوەیی وزە لە نوێترین ڕاپۆرتی خۆیدا درۆیەکی تازەی کۆماری ئیسلامی لە پێوەندی لەگەڵ هەناردەکردنی نەوت ئاشکرا کرد.

ئاژانسی نێونەتەوەیی وزە، لە نوێترین ڕاپۆرتی خۆیدا کە ڕۆژی هەینی ڕێکەوتی ٢١ی ڕەشەممە بڵاو کرایەوە، ئاشکرای کرد ئەوەیکە کۆماری ئیسلامی سەبارەت بە بەرزکردنەوەی ڕێژەی هەناردەکردنی نەوتەکەی دەیڵێ، زێدەبێژییە و دوورە لە ڕاستی.

کارناسانی ئەم دامەزراوە نێونەتەوەییە وێڕای پێداگری کردن لەسەر ئەوەیکە ئەگەری گەڕانەوەی ئارامی بۆ بازاڕەکانی جیهانی نەوت و کۆتایی هاتن بە دۆخی ئاڵۆزی ئەم بازاڕە لاوازە، ئاشکرایان کردووە بەپێچەوانەی ئیددعای بەرپرسانی کۆماری ئیسلامی لەپێوەندی لەگەڵ چوونەسەری ڕێژەی بەرهەم و هەناردەکردنی نەوتی ئێران لە پاش بەرجام، ئێران نەیتوانیوە ئەم ئامانجانە بپێکێ.

پێشتر بەرپرسانی ڕێژیمی تاران بەڵینی ئەوەیان دابوو کە پاش بەرجام لە کوورت ترین ماوەدا ڕێژەی بەرهەم هێنان و هەناردەکردنی نەوتی وڵاتەکەیان بۆ قۆناغی پێش لە گەمارۆکانی ساڵی ٢٠١٢ دەگێڕنەوە و بەم شێوەیە وڵات لە بشێوییە ئابورییەکان ڕزگار دەکەن.

ئێران پێش لە گەمارۆکانی ٢٠١٢ ڕۆژانە ٢ میلیۆن و ٢٠٠ هەزار بەرمیل نەوتی هەناردە دەکرد کە ئێستا ئەم ڕێژە بۆ نیوە دابەزیوە.

پسپۆڕانی بواری نەوت پێیان وایە ئێران بەهۆی کۆن بوونی کەرەستەکانی هەڵێنجاندنی نەوت و پاڵاوتن و نەبوونی تێکنۆلۆژی نوێ، ناتوانێ وەک پێویست لە بازاڕە جیهانییەکاندا جێ پێی خۆی بکاتەوە و ئەوەیکە ئێستا مانۆڕی پێدەدات ئەو بڕە نەوتەیە کە پێشتر لە کۆگاکانیدا ڕایگرتبوو.