کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

دوایین دانیشتنی دادگای برایانی کوردپوور بەڕێوەچوو

12:54 - 7 خەزەڵوەر 2713

کوردستان میدیا: مەسعوود و خوسرەو کوردپوور دوو چالاک و رۆژنامەنووسی کوردی دەسبەسەرکراو، دوایین دانیشتنی دادگایان لە لقی یەکی دادگای ئینقلابی شاری مەهاباد بەڕێوەچوو.


ئاژانسی هەواڵی موکریان بڵاوی کردەوە، دوێنێ دووشەممە رێکەوتی٦ی خەزەڵوەری ١٣٩٢ی هەتاوی، سێهەمین و دوایین دانیشتنی دادگای پێڕاگەیشتن بە تۆمەتەکانی مەسعوود و خوسرەو کوردپوور دوو رۆژنامەنووسی کورد، بەڕێوەچوو.
لەو دادگایی کردنەدا تۆمەتە داتاشراوەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتیان لەلایەن برایانی کوردپوور و داواگرەکانیانەوە رەت کرایەوە و بەڵگەی پێویستیان لەسەر بێ تاوانیی خۆیان خستەڕوو.
خوسرەو کوردپوور بە تۆمەتی \'\'دژایەتیی خوا و هەوڵدان لەدژی تەناهیی نەتەوەیی\'\' و مەسعوود کوردپوور بە تۆمەتی \'\'هەواڵدان لەدژی تەناهیی نەتەوەیی\'\' لەو دادگایەدا ئامادە بوون کە ئەو تۆمەتانە لەلایەن وەکێڵەکانییانەوە رەت کرانەوە و راپۆرتی کارناسانی ئیدارەی ئیتلاعاتییان لەمەڕ قەناعەت پێهێنانی دادگا بە لاواز و نەبوونی بەڵگەی سەلمێنەر زانی.
جیا لەو تۆمەتانە، تۆمەتی \'\'ئەندامەتی و پێوەندی لەگەڵ حیزبە کوردییەکان\'\' دراوەتە پاڵ خوسرەو کوردپوور و هەروەها \'\'وتووێژ و پێوەندی لەگەڵ میدیاکانی دژبەری رێژیمی ئێران\'\'یش لە تۆمەتەکانی مەسعوود کوردپوور بوو.
برایانی کوردپوور ٨ مانگ پێش ئێستا لەلایەن ئیدارەی ئیتلاعاتی رێژیمی ئێرانەوە دەسبەسەر کران.
کۆتایی دانیشتنەکانی دادگایی ئەو دوو برایە لەلایەن دادوەرەوە راگەیەنراوە و لە دوو حەوتووی داهاتوودا، حوکمەکان رادەگەیەنرێت.