کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

دوو تەقینەوە ئاسایشی هەولێر و ئاسایشی گشتیی هەرێمی کوردستانیان کردە ئامانج

18:50 - 7 رەزبەر 2713

کوردستان میدیا: لە دوو تەقینەوەی دوا لە دوای یەک لە بەردەم ئاسایشی هەولێر، ژمارەیەک هاووڵاتی و هێزی ئاسایش کوژراو و بریندار بوون.

بەپێی راپۆرتی ماڵپەڕی \'\'رووداو\'\'، پاش نیوەڕۆی روژی یەکشەممە، رێکەوتی ٧ی رەزبەری ١٣٩٢ی هەتاوی، لە شەقامی شەست میتریی هەولێر لە نزیک ئاسایشی هەولێر و ئاسایشی گشتیی هەرێمی کوردستان، پێنج تەقینەوەی دوا لە دوای یەک رووی داوە و تاکوو ئێستا بە پێ زانیارییەکان زۆرتر لە ٤٠ کوژراو و برینداری لێ کەوتووەتەوە.
بەپێی زانیارییەکان پاش ئەوەی ٢ ماشینی بۆمبڕێژکراو لەو شوێنانە تەقیونەتەوە دوو ماشینی ئامبوڵانس بۆ راگواستنی برینداران چوونەتە شەقامی شەستیی هەولێر و ئەم دوو ئامبوڵانسیشە لەو شوێنە کراونەتە ئامانجی نارنجۆکی هێرشبەران و تەقیونەتەوە.
لە دەستپێکی تەقینەوەکانەوە تەقە کردن دەستی پێ کردووە و بەپێی هەواڵی هێندێک له سەرچاوه‌کان ٣٦ کەس بریندار و ٦ کەسی دیکەش کوژراون.
هێندێ سەرچاوەش هەژماری بریندارانیان ٦٢ کەس راگەیاندووە.
بەپێی ئەو هەواڵانەی کە سەرچاوە نێوخۆییەکانی هەرێمی کوردستان بڵاویان کردۆتەوە، چەند کەس لە پەلاماردەران بەدەستی هێزەکانی ئاسایش کوژراون، بەڵام هەتا ئێستا ئەنجامدەرانی ئەو کردەوە خۆکوژییە رانەگەیەندراوە.