کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

دوو هاووڵاتیی کورد لەلایەن هێزەکانی رێژیمەوە لە سنە دەسبەسەرکران

19:10 - 28 رێبەندان 2713

کوردستان میدیا: شەپۆلی دەسبەسەرکرانی هاووڵاتییانی کورد لەلایەن هێزە ئەمنیەتییەکانی رێژیمی ئیسلامیی ئێرانەوە درێژەی هەیە و ئەمجارەش لە شاری سنه دوو هاووڵاتیی کوردی دیکە دەسبەسەر کران.
کەمپەینی بەرگری لە زیندانیانی سیاسی و مەدەنی بڵاوی کردەوە، لە ماوەی حەوتووی رابردوودا دو هاووڵاتیی کوردی شاری سنە و کامیاران لەلایەن هێزە ئەمنیەتییەکانی رێژیمی ئیسلامیی ئێرانەوە دەسبەسەرکراون.
فەرامەرز کاویانی کوڕی سەعید ناوی ئەو هاووڵاتییە کوردەیە کە لەلایەن هێزە ئەمنیەتییەکانی رێژیمەوە دەسبەسە کراوە و هەنووکە هیچ زانیارییەک لە چارەنووسی ئەو هاووڵاتییە لەبەر دەستدا نییە.
لەلایەکی دیکەوە یەزدان باجەڵانی هاووڵاتیی کوردی خەڵکی کامیاران حەوتووی رابردوو لەلایەن هێزەکانی رێژیم دەسبەسەر و رەوانەی زیندان کراوە.
بەپێی ئاماری ماڵپەڕی کوردستان میدیا، لەسەرەتای مانگی بەفرانباری ١٣٩٢ی هەتاویەوە هەتا ئێستا ٣١ هاووڵاتیی کورد لەلایەن هێزە ئەمنیەتییەکانی رێژیمی ئیسلامیی ئێرانەوە دەسبەسەر کراون.