کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

دوو چالاکی فەرهەنگیی کورد لە شاری پاوە بانگهێشتی دادگا کران

15:36 - 21 خاکەلێوه 2714

کوردستان میدیا: دوو چالاکی فەرهەنگی و ئەدەبیی کورد لە شارستانی پاوە کە رەشەمەی ساڵی ١٣٩١ دەسبەسەر و دواتر بە دانانی بارمتە ئازاد کرابوون، بانگهێشتی دادگا کران.
بەپێی راپۆرتی کوردستان میدیا، \'\'کەیهان عەزیزی و داود غەفاری\'\' دوو چالاکی فەرهەنگی و ئەدەبیی کوردی خەڵکی شاری پاوە، رۆژی یەکشەممە رێکەوتی ١٧ی خاکەلێوەی ١٣٩٣ی هەتاوی، بانگهێشتی دادگای ئەو شارە کراون.

8230.jpg
کەیهان عەزیزی

سەرچاوەیەکی ئاگادار بە هەواڵنێری \'\'کوردستان میدیا\'\'ی راگەیاند: ئەو دوو چالاکە کوردە بە مەبەستی \'\'راگەیاندنی تۆمەتەکانیان\'\' بانگهێشتی دادگا کراون.

دادگای \'\'راگەیاندنی تۆمەت\'\'ی ئەو دوو چالاکە فەرهەنگییە بە سەرپەرستیی دادوەر محەممەد زادە لە شاری پاوە بەڕێوەچوو.

مانگی رەشەمەی ١٣٩١ی هەتاوی، کەیهان عەزیزی و داود غەفاری پاش دژکردەوە و هێرشی ئیمام جومعەی شاری پاوە لەمەڕ نووسینی دەقێکی کوردی لە ژێر ناوی \'\'پەیڤێک بۆ سەرەخۆشی\'\' لە پرسەی کەسایەتییەکی ناوداری ئەو شارە، لەلایەن ئیدارەی ئیتلاعاتەوە بانگهێشت و دەسبەسەر کران.

8229.jpg
داود غەفاری

ئیمام جومعەی شاری پاوە کە نوێنەری خامنەیی لەو شارە دایە، دژایەتیی خۆی لەهەمبەر نووسین و خوێندنەوەی دەقێک بە زمانی کوردی دەربڕیبوو و بە شتێکی گاڵتەجاڕانە وەسفی کردبوو.
دەسبەسەرکرانی کەیهان عەزیزی و داود غەفاری کە ئەندامی ئەنجومەنی فەرهەنگی ــ ئەدەبیی شاری پاوەن، پاش وتاری هەینیی مەلا قادر قادری و لۆمەکردنی چالاکانی فەرهەنگی، لەلایەن ئیدارەی ئیتلاعاتەوە هاتبووە ئاراوە.