کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

دوکتور قاسملوو سەرکردەیەک، بۆ گشت وەرزەکان

18:23 - 18 بانەمەڕ 2722

سندووس

لە سەرەتای تەنوورەی شۆڕشی گەڵانی ئێران، کە لە دژی سیستمی داپڵۆسێنەری پاشایەتی بێچمی گرتبوو، بەشی هەرە زۆری حیزب و ڕووناکبیرە شۆڕشگێڕە ناسراوەکانی ئێرانی تێیدا بەشدار بوون، کوردستانیش بە ڕێبەرایەتیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، لەو قافڵەیە دوانەکەوت و بە سازماندهی و ڕێکخستنەوەی هێزەکانی کە بە ڕاستی وەک هێز و توانایەکی لەناخاهەڵگر حیسابی بۆ دەکرا، بۆ جارێکی‌تر و لە مەیدانی کردەوەدا ڕێبەرایەتی بزتنەوەی ئازادیخوازانەی نەتەوایەتی گرتەوە دەست.

متینگی ١٠٠ هەزاری کەسی لە مەهاباد و لە شاری پێشەوا و یەکەم کۆماری کوردستاندا زۆر پەیامی بە گوێی دۆست و دوژمندا چرپاند و هەر لەو شوێنە شەهیدی سەرکردە باسی لەوە کرد کە دوای ٣٥ ساڵ خەبات نهێنی، بە پشتیوانیی کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان ئەوا دیسان حیزبەکەمان خەباتی ئاشکرای دەست ‌پێکردەوە.

بەڵام دزینی هەنگاو بە هەنگاوی دەسکەوتەکانی شۆڕش لەلایەن ئاخوندەکان و شەخسی خومەینییەوە، هەروەها دەرخستنی ماهییەتی ئاخوندەکان کارێکی کرد کە حیزبەکەمان لە دژی ڕەفتارە شەڕەنگێز و پاوانخوازەکانی ئاخوندەکان وێستاوە و بە بایکۆتی ڕاپرسیی ١٠ و ١١ی خاکەلێوەی ١٣٥٨ی هەتاوی ڕاست و درووستبوونی سیاسەتەکانی حیزبی بۆ گشت لایەک دەرخست.

چوونکە دەرکەوت هیچ کام لە داوا ڕەواکانی حیزب و گەلەکەمان لە چوارچێوەی بەرنامەکانی ئاخوندەکان و شەخسی خومەینیدا دەستەبەر نابێت. بەم کارە زیاتر پیلانی ئاخوندەکان لەهەمبەر حیزب، گەلی کورد و مافە ڕەواکانی خۆیان نیشان دا، چوونکە ئەوان باش تێگەیشتبوون کە ڕێبەرایەتیی گەلی کورد لەوە وشیارترە فێڵی لێ‌بکرێت.

 حیزبی دێموکرات و لە سەرووی هەموویانەوە دوکتور قاسملوو باش دەیزانی کە ئاخوندەکان ناتوانن وڵامی پێداویستییە سەرەتاییەکانی کۆمەڵانی خەڵک بدەنەوە و بگرە وڵات بەرەو جەهەندەمێکی سووتێنەر پەلکێش دەکەن کە دەرووی داتەپینی گشت ڕەفتارە نامرۆڤییەکانی لێدەکەوێتەوە. لەم نێوەدا ڕۆڵی شەهیدی سەرکردەمان نابێ لەبیر بچێت کە چەندە حەکیمانە گشت دیاردەکانی حەللاجی دەکرد و دۆست و دوژمنیش نەیاندەتوانی نکۆڵی لە نەقش و ڕۆڵی هەرە کارای ئەو سیاسەتڤانە بلیمەتە بکەن.

بەداخەوە لەم ساتە هەستیارەدا بەشی هەرە زۆری حیزب، ڕووناکبیر و سیاسەتڤانانی ئێرانی فریوی درووشمە ڕەنگاڵەکانی خومەینییان خواردبوو و بە بەژن و باڵایان هەڵدەکوت و لایان وابوو ڕێگەی ڕاستەقینەی دژە ئیمپریالیستی بە هەناوی تێزی "ولایەتی فەقیهـ"ـدا تێدەپەڕێ، هەر چەند دوای ساڵانێک دانیان بەم ڕاستییە داهێنا کە لەو هەلومەرجە لێڵ و تاریکەدا تەنیا هێز و نەتەوەیەک کە کڵاوی ئاخوندەکانیان نەچووە سەر، نەتەوەی کورد بوو.

ئێمە لەم کورتە وتارەدا نامانهەوێ باسی خوێندنەوەی کورتبینانەی ئەو کەسانە بکەین کە خۆیان پێ مارکسیستی ٢٤ عەیار یان ڕاستی ڕادیکاڵ بوو بەڵام "لبیک"ـیان بۆ خومەینی دەوتەوە و بە تاقانە سەرکردەی دژە ئیمپڕیالیستییان ناو دەبرد، بەڵکوو دەمانهەوێ باسی نامەیەک بکەین کە لە بیرەوەرییەکانی "ئەحمەد شاملوو"دا هاتووە و بۆ "ژان پۆل سارتێر"ی گەورە فیلسووفی ئیگیزستانسیالیستی نووسیوە و گلەیی ئەوەی لێ‌دەکات کە پیرۆزبایی سەرکەوتنی گەلانی ئێرانی لێ ‌نەکردوون. شاملوو لە کتێبی بیرەوەرییەکانیدا دەڵێ:

"دوای سەرکەوتنی شۆڕشی ساڵی ١٣٥٧ی هەتاویی، بەپێی ئەو دۆستایەتی و ناسیاوییەی لەگەڵ سارتێری نووسەر و فیلسووفی ناوداری فەرانسەوی هەمبوو و لە لایەکیش سەرخۆشی ڕووخانی شا بووم، نامەیەکم بۆ سارتێر نووسی لە بەشی کۆتایی نامەکەدا ئاماژەم بەوەدا کە "جەنابی سارتێر ئێوە پیرۆزبایی شۆڕشتان لێ‌نەکردین!"

شاملوو دەڵێ: "سارتێری مەزن وڵامێکی دامەوە کە دوای ساڵانێک هەر وا لە مێشکمدا دەزرینگێتەوە". "سارتێر" نووسیبووی:

"ئێوە چۆن ڕاپەڕینێک کە ڕێبەرانی ئاخوند بن و ئاکامەکەی ببێتە دەسەڵاتێکی ئاخوندی و مەزهەبی، بە شۆڕش پێناسە دەکەن؟ مەگەر شۆڕش گۆڕانکاری بەرەو پێشەوە نییە؟ ئێوە بۆ دواوە گەڕاونەتەوە، بۆ تاریکستان. ئەوە ناتوانێ شۆڕش بێت، ئێوە لە داهاتوودا دەبێ شۆڕشێکی‌ واقعی بکەن، ئەویش ڕێک وەکوو ڕێنیسانسی ئورووپایی، یانی هینانەخواری مەزهەب لە دەسەڵات. بەداخەوە مەزهەب لە هیچ‌ کاتێکدا جگە لە زمانی شۆڕش زمانێکی‌تر ناناسێت و تەنیا دەبێ بە شۆڕشێکی چڕ و پڕ هەناوی بۆش بکەن و بیڕوخێنن".

دەڵێن نەتەوە وەجاخ‌کوێر نابێت، بەڵام ئێستا کە بیر لە کات و زەمانی دوای شۆڕش دەکەینەوە، پرسیارمان لا درووست دەبێ، ئەرێ گەر حیکمەت و وردبینیی دوکتور قاسملوو نەبوایە سیاسەتی ڕەوا و نەتەوەخوازانەی حیزبەکەمان کە لە سەردەمی دوای کۆمارەوە بە هەزاران کەند و چەڵەمەدا تێپەڕیبوو و هەوراز و نشێودا تێپەڕیبوو بەرەو کوێ دەڕۆیشت؟ ئەرێ سەربەخۆیی بڕیاردانی حیزبێکی لێپرسراوی وەک حیزبی دێموکرات وەک خۆی دەما یان لە ڕێگەی سیاسەتە هەڵەکانی "عەلی گەلاوێژ" و باندە نالێپرسراوەکەی بە دەردی حیزبی توودە و باقی حیزبەکانی‌تر دەچوو؟

بەڕاستی دوکتور قاسملوو سیاستڤانێک بوو کە بە لێزانی پاپۆڕی شۆڕشی گەلەکەمانی لە شەپۆلەکانی زەریای نەهامەتی ڕزگار و بەرەو لێوارەکانی ئارامی کێشا و زۆر بە ئەمانەتەوە تەحویلی ئەو کەسانەیدا کە دڵی لە لایان ئارامی دەگرت.

بۆیە ئێستا دوای چەندین ساڵ بە شانازییەوە دەڵێین: "دوکتور قاسملوو سەرکردەیەک بوو بۆ گشت وەرزەکان." هەم کاتی شەڕی دەناسی و کاتی ئاشتی، هەم دۆستە ستراتژیکەکانی دەناسی و هەم دوژمنە قین لە دڵەکان، هەم کوڕی ڕۆژەکانی سەختی خەبات بوو و هەم دیپڵۆماتێکی لێزان و پسپۆڕ، بۆیە تا کورد بمێنێ ئەمەگناس و قووتابی بە وەفای ڕێبازەکەی دەمێنێتەوە و سیاستە تەژی لە ئەخلاق و مرۆڤ‌تەوەرەکانی مەشخەڵانی ڕێی خەبات و تێکۆشانمان دەبێت.

ناوەڕۆکی ئەم بابەتە ڕا و تێبینیی نووسەرە و ماڵپەڕی کوردستان میدیا لێی بەرپرسیار نییە.