کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

هەڕەشەی ترامپ لە عومان: ڕێگا نادەین هیچ وڵاتێک کۆنتڕۆڵی گەرووی هۆرمۆز بکات

08:58 - 7 جۆزەردان 2726

دۆناڵد ترامپ، سەرۆککۆماری ئەمریکا لە کۆبوونەوەی کابینەی دەوڵەتەکەیدا لە ڕۆژی چوارشەممە، جەختی لەسەر پێویستیی کشانەوە و کردنەوەی دەستبەجێی گەرووی هۆرمۆز کردەوە و بەتوندی هەڕەشەی لە عومان کرد کە نابێت بیر لە کۆنتڕۆڵکردنی ئەم ڕێڕەوە نێودەوڵەتییە بکاتەوە.

ترامپ ڕایگەیاند کە بەپێی چوارچێوەی ئەگەری ڕێککەوتن لەگەڵ تاران، گەرووی هۆرمۆز دەستبەجێ دەکرێتەوە، بەڵام لەژێر کۆنترۆڵی هیچ وڵاتێکدا نابێت. ئەو وتی: "ئێمە چاوەدێریی دەکەین، بەڵام کەس کۆنترۆڵی ناکات. ئەمە بەشێکە لە دانوستانەکانمان؛ ئەوان حەز دەکەن کۆنترۆڵی بکەن، بەڵام ئێرە ڕێڕەوێکی نێودەوڵەتییە و پێویستە عومانیش وەک وڵاتانی دیکە ڕەفتار بکات، ئەگەر نا ناچار دەبین لەنێویان بەرین."

ئەم قسانەی ترامپ دوای ئەوەیە کە تلویزیۆنی فەرمیی ئێران ڕاپۆرتێکی بڵاو کردەوە و تێیدا ڕایگەیاند کە بەپێی ڕەشنووسی تێگەیشتنی نێوان ئێران و ئەمریکا، بەڕێوەبردن و هاتوچۆی کەشتییەکان بە هاوبەشی لەنێوان ئێران و عوماندا دەبێت، بەڵام کۆشکی سپی پێش قسەکانی ترامپ ئەم ڕاپۆرتەی بە تەواوی ڕەت کردەوە و بە "هەڵبەستراو" ناوی برد.

هەروەها ئیسماعیل بەقایی، وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران ڕایگەیاندبوو کە هەر بڕیارێک لەسەر گەرووی هۆرمۆز تەنیا پەیوەندیی بە ئێران و عومانەوە هەیە و هیچ پەیوەندییەکی بە ئەمریکاوە نییە.