کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئەمریکا دامەزراوەیەکی ئێرانی بۆ کۆنترۆڵی گەرووی هۆرمۆز خستە لیستی گەمارۆکانەوە

08:55 - 7 جۆزەردان 2726

وەزارەتی خەزێنەداری ئەمریکا دامەزراوەیەکی تازەپێکهێنراوی ڕێژیمی ئێران بە ناوی ''بەڕێوەبەرایەتیی ڕێڕەوی ئاویی کەنداوی فارس'' ی گەمارۆ دا.

کۆماری ئیسلامیی ئێران ڕایگەیاندووە کە ئەم ناوەندەی بۆ چاودێری و ڕێکخستنی هاتوچۆی کەشتییەکان لە گەرووی هۆرمۆزدا دامەزراندووە؛ ئەم بڕیارەی ئێران دوای ئەوە بوو کە ئەمریکا گەرووەکەی داخست و بەندەرەکانی ئێرانی گەمارۆ دا.

لەلایەکی ترەوە، ئەمریکا لە بەیاننامەکەیدا جەختی کردووەتەوە کە دروستکردنی ئەم دامەزراوەیە، هەوڵێکی نوێی سپای پاسداران بۆ کۆکردنەوەی پارە لە ڕێگەی سەرانەوەرگرتن و وەرگرتنی پارەی زۆرەملێ لەو کەشتییانەیە کە بەو ناوچەیەدا تێدەپەڕن.

واشنگتۆن ڕایگەیاندووە کە ئەم هەنگاوە پێشێلکردنی ئاشکرای یاسا نێودەوڵەتییەکانە، و هۆشداریی داوە کە هەر کەس یان شیرکەتێک هاوکاریی ئەم ناوەندە بکات، ڕووبەڕووی سزای توند دەبێتەوە.

هاوکات، ئەم دامەزراوە ئێرانییە لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی X نەخشەیەکی بڵاو کردووەتەوە و تێیدا ناوچەیەکی دیاریکراوی لە گەرووی هۆرمۆز وەک مەودای چاودێری»ی خۆی ناساندووە.