کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

هۆشداریی وزارەتی ئیتلاعات لە سەرهەڵدانەوەی ڕاپەڕینی جەماوەری

09:24 - 7 جۆزەردان 2726

کۆماری ئیسلامیی ئێران لە پەرەگرتنی تووڕەیی جەماوەری و ڕاپەڕینی نوێی خەڵک بەهۆی داڕمانی ئابوورییەوە نیگەرانە.

 لەم چوارچێوەیەدا، وەزارەتی ئیتلاعاتی ڕێژیم هۆشدارییەکی فەرمی بڵاو کردەوە و دانی بەوەدا نا کە گرانیی بێوێنە و کەمیی پێداویستییەکان، بەستێنی بۆ سەرهەڵدانی ناڕەزایەتیی نوێ لە نێوخۆی وڵاتدا خۆش کردووە.

ئەم ترس و دڵەڕاوکێیەی دەزگا ئەمنییەکانی ڕێژیم دوای ئەوەیە کە گەمارۆ دەریاییەکانی ئەمریکا، ئابووری ئێرانی تووشی داڕمانێکی تەواو کردووە و ناردنی نەوتی گەیاندووەتە نزمترین ئاست.

 ڕێژیمی ئێران کە هەمیشە لە ڕاپەڕینی نێوخۆیی تۆقیوە، لە بەیاننامەکەیدا هەوڵ دەدات هۆکاری تووڕەیی خەڵک بخاتە ئەستۆی میدیا بیانییەکان و دەڵێت: ''دوژمنان دەیانەوێت بۆ هاندانی کۆمەڵگە دژ بە دەسەڵات سوود لە کێشە داراییەکان و گرانیی کاڵاکان وەربگرن.''

ئەم نیگەرانییە قووڵەی دەسەڵاتدارانی تاران لە کاتێکدایە کە ساڵی ڕابردووش ڕاپەڕینێکی سەرتاسەری ئێرانی گرتەوە و ڕێژیم بە توندوتیژییەکی خوێناوی سەرکوتی کرد.

 هاوکات لەگەڵ ئەم ترسەدا، وەزارەتی ئیتلاعات نیگەرانیی توندی خۆی لە بڵاوبوونەوەی قاچاخی ئینترنێتی ماهوارەیی (ستارلینک) دەربڕیوە، چونکە دەزانێت سەرەڕای بڕینی ۸۸ ڕۆژەی ئینتێرنێتی گشتی، خەڵک هێشتا دەتوانن لە ڕێگەی ستارلینکەوە خۆیان بۆ ڕاپەڕین و ناڕەزایەتی ڕێک بخەن.