کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

٦٠ میلیۆن بەرمیل نەوتی ئێران لە ژێرگەمارۆی دەریایی ئەمریکادایە

10:23 - 7 جۆزەردان 2726

شیرکەتی "تانکێر ترەکێرز" کە چاودێریکردنی جووڵەی دەریایی دەکات، ڕایگەیاند کە ٦٠ میلیۆن بەرمیل نەوتی بارکراوی ئێران لەناو دەریادا، لەلایەن هێزە دەریاییەکانی ئەمریکاوە گەمارۆ دراوە.

بەپێی ئەو ڕاپۆرتە، بەهای ئەم نەوتە دەسبەسەرداگیراوە نزیکەی شەش میلیارد دۆلارە و دەیان نەوتهەڵگری ئێرانی لە ئاوەکانی باشووری ئێراندا گۆشەگیر کراون.

ئەم گەمارۆ توندە دوای ئەوە بوو کە کۆماری ئیسلامی سەرەڕای ئەوەی ئاگربەست ڕاگەیاندرابوو ئامادە نەبوو گەرووی هۆرمۆز بکاتەوە،؛ هەر بۆیە ئەمریکا لە شەش حەفتەی ڕابردووەوە گەمارۆی دەریایی دەست پێکردووە.

هاوکات فەرماندەیی ناوەندیی هێزەکانی ئەمریکا (سێنتکام) ڕایگەیاند کە تا ئێستا ١٠٩ کەشتیی سەر بە ئێرانیان ناچار بە گۆڕینی ڕێڕەوەکانیان کردووە.

ئەم دۆخە پەککەوتنێکی قورسی خستووەتە سەر کەرتی هەناردەکردنی نەوتی ئێران، کە شادەماری ئابووریی ئەو وڵاتەیە و نیشانەی توندبوونەوەی زیاتری گەمارۆ نێودەوڵەتییەکان بۆ سەر داهاتە داراییەکانی تارانە.