کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

دەست و پێوەندییەکی رێژیمی ئیسلامی ئێران لە شاری شنۆ درایە بەر دەستڕێژی گوللـەی کەسانێکی نەناسراو

18:10 - 29 بانەمەڕ 2714

کوردستان میدیا: یەکێک لە دەست و پێوەندییەکانی رێژیمی ئێران و ئەندامی سپای پاسدارانی ئەو رێژیمە لەلایەن کەس، یان کەسانێکی نەناسراوەوە تەقەی لێ کرا و بەتوندی بریندار بوو.
بەپێی راپۆرتی کوردستان میدیا، ئیبڕاهیم ئاهەنی ناسراو بە ئیبراهیمە سوور خەڵکی گوندی ئاسناوێ، دانیشتووی شاری شنۆ، رۆژی شەممە رێکەوتی ٢٧ی بانەمەڕی ١٣٩٣ی هەتاوی، درایە بەر دەستڕێژی گوللـەی کەس یا کەسانی نەناسراو.

ناوبراو دوای چەند کاتژمێر لەلایەن هێزە نیزامییەکانی رێژیمی ئیسلامیی ئێرانەوە بۆ نەخۆشخانەی \'\'تەوحید\'\'ی شاری ئورمیە گوازرایەوە.

ئیبڕاهیم ئاهەنی لە سەرەتای هاتنەسەرکاری رێژیمی ئیسلامیی ئێرانەوە هەتا ئێستا، وەکوو مۆرەیەکی قایمی سەربە رێژیم لە هێزەکانی سپای پاسداران لە شاری شنۆ کاری کردووە و ناوبراو چەندین جار لەبەرەی هێزەکانی سپای رێژیم دژ بە پێشمەرگە شەڕی کردووە و بۆ سەلماندنی ئەمەگداری خۆی بە رێژیمی ئیسلامی، دوو پێشمەرگەی بەناوەکانی ئەسعەد مەنافی خەڵکی گوندی \'\'حەسەن نووران\'\'ی سەربە شاری شنۆ و ئەسعەد ئەسعەدی خەڵکی بۆکان لە شەڕی \'\'قروشاوێ\'\'دا شەهید کرد.

هەتا کاتی بڵاوبوونەوەی ئەم هەواڵە هیچ زانیاریەک لە دۆخی ئەو دەست و پێوەندییەی رێژیم لەبەر دەستدا نییە.