کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

دەستێوەردانەکانی ڕێژیمی ئێران لە وڵاتانی ناوچەکەدا درێژەی هەیە

15:35 - 18 رەشەمه 2715

کوردستان میدیا: عەبدوڵلا بێن زەید، وەزیری دەرەوەی ئیمارات لە کۆبوونەوەیەکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند کە دەستێوەردانەکانی ڕێژیمی ئێران لە ناوچە توندڕەویی لێ‌کەوتووەتەوە.

بەپێی ڕاپۆرتە بڵاوکراوەکان وەزیری دەرەوەی ئیمارات لە کۆبوونەوەیەکی ڕۆژنامەوانیدا لەگەڵ فڕانک واڵتر شتانمایێر لە ئەبووزەبی گووتی: ڕێژیمی ئێران دەستێوەردان لە ناوچەکە دەکات و ئەوەش کێشەی بۆ وڵاتانی ناوچە دروست دەکات.

ناوبراو لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا ڕایگەیاندووە کە تا کاتێک قەیرانی سووریه کۆتایی پێ نەیێت کێشە پەنابەرانیش کۆتایی نایەت.

هەروەها محەممەد بێن زەید جێگری فەرماندەی باڵای هێزە چەکدارەکانی ئیماراتی یەکگرتووی عەرەبی لەبەرامبەر دەستێوەردانەکانی ڕێژیمی ئێران بە توندی ڕەخنەی گرت.

محەممەد بێن زەید، ڕۆژی دووشەممە ڕێکەوتی ١٧ی ڕەشەممەی ١٣٩٤ی هەتاوی، لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیدا باسی لەوە کرد کە دەبێت پێش بە دەستێوەردانەکانی ڕێژیمی ئێران لە ناوچەکەدا بگرین و ڕێژیمی ئێران تەنیا وڵاتێکە لە جیهان کە لە یاسای بنەڕەتییەکەیدا جەخت لە سەر ئەوە کراوە کە شۆڕش هەناردە بکات و ئەوەش لە ڕاستیدا هەناردەکردنی تایفەگەری و کایەکردن بە ئەمنییەتی ناوچەکەیە.

لەو پێوەندییەدا، جۆ بایدێن جێگری سەرکۆماری ئامریکا ڕۆژی ڕابردوو لە ئەبووزەبی ڕایگەیاند: ئێمە ئاگامان لە گێچەڵەکانی ڕێژیمی ئێران هەیە و نیسبەت بە ئەمنییەتی وڵاتانی ناوچەکە دژ بە دەستێوەردانەکانی ئێران متمانەی بەو وڵاتانی عەرەبی دا.

ڕۆڵی ڕێژیمی ئێران لە ناسەقامگیری و تێکدانی ئەمنییەتی وڵاتانی ناوچە و پشتیوانیی ئەو ڕێژیمە لە گرووپە توندڕەوەکان بەردەوام ڕەخنە و ناڕەزایەتی بەرپرسانی باڵای وڵاتانی ناوچەکەی لێ‌کەوتووەتەوە.