کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

دەقی وتەکانی بەڕێز د.میرۆ عەلیار لە ڕێوڕەسمی ساڵیادی شەهیدانی میکۆنۆس

10:56 - 28 خەرمانان 2718

میوانە بەڕێزەکان،

هاوڕێیانی تێکۆشەر،

ئەوکاتەتان باش!

ڕۆژی ٢٦ی خەرمانانی ١٣٧١ی هەتاوی بەرامبەر بە ١٧ی سپتامبری ١٩٩٢ی زایینی وه‌ک ڕۆژێکی تاڵ و جینایه‌تێکی سامناک چۆته‌ نێو مێژووی خوێناویی خەباتی نه‌ته‌وه‌که‌مانه‌وه‌.

٢٦ ساڵ له‌مه‌وبه‌ر، د.سادق شەرەفکەندی سکرتێری گشتی ئه‌وکاتی حیزبەکەمان و سێ هاوڕێی، کاک فەتاح عەبدولی نوێنەری حیزب لە دەرەوەی وڵات، کاک هومایوون ئەردەڵان نوێنەری حیزب لە ئاڵمان و هەروەها کاک نوری دێهکۆردی چالاکی سیاسی و دۆستی حیزبی دێموکرات، لە ڕێستۆرانی میکۆنۆس لە بێرلین بوونه‌ قوربانیی تێروریزمی ده‌وڵه‌تیی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی ئێران و شه‌هید کران.

ئەوڕۆ لێرە کۆ بووینەتەوە کە ڕێز بگرین له‌ بیرەوەری ئەو ڕێبەرە به‌بڕشت و هەڵکەوتووە و هاوڕێکانی و خەبات و فیداکارییان وه‌بیر بێنینه‌وه‌.

هه‌موو ساڵێ و له‌هه‌ر ده‌رفه‌تێکدا پێویسته‌ بێزاری خۆمان لە تێروریزم به‌گشتی و له‌و تاوانه‌ قورسانەی ڕێژیمی ئێران دژ بە کورد ئه‌نجامی داون، ده‌رببڕین. بۆ مرۆڤی خه‌باتگێڕ و گه‌لی ڕزگاریخواز گرنگه‌ نه‌ هاوڕێ به‌نرخه‌کانی له‌بیر بکا و نه‌ تاوانه‌کانی دوژمنی.

لەلایەن ڕێبەرایەتی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێرانەوە به‌گه‌رمی میوانە بەڕێزەکان به‌خێرهاتن دەکەم و سوپاس بۆ ئه‌وان و بۆ ئێوە هاوڕێیانی بەڕێز کە تەشریفتان هێناوە و لەو ڕێوڕەسمەدا بەشداریتان کردووە.

دەزانن، دوای ئه‌وه‌ی مرۆڤکوژانی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی له‌ ساڵی ١٩٨٩ی زایینی (١٣٦٨ی هه‌تاوی) له‌ ڤییه‌ن ڕێبەری مەزن د.عەبدولڕەحمان قاسملوویان تێرۆر کرد، د.سادق شەرەفکەندی که‌ له‌نێو خۆماندا بە د.سەعید ناسرابوو، ڕێبەریی حیزبی دێموکراتی گرتە دەسته‌ ئه‌مین و بەتواناکه‌ی خۆی و نەیهێشت ئاڵای خەباتی ڕزگاریخوازی حیزبەکەمان بۆ ساتێک بکەوێتە سەر عەرز و به‌و جۆره‌ دوژمنی خوێنمژی تووڕه‌ و هه‌ناسه‌سارد و ته‌مابڕاو کرد.

به‌پێچه‌وانه‌ی چاوه‌ڕوانیی ڕێژیم، حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران له‌ژێر باری قورس و گرانی له‌ده‌ستچوونی قاسملووی نه‌مر پشتی نه‌چەمایه‌وه‌ و به‌ڕێبه‌رایه‌تی د.سادقی لێهاتوو درێژه‌ی‌ به‌ خه‌بات و ڕێبازیی نه‌ته‌وه‌یی خۆی دا.

دوژمنی داماو کاتێک دیتی پیلانەکە‌‌ی سەری نه‌گرتووه و ئاواتەکەی نەهاتۆتە دی‌، بڕیاری لەنێوبردنی د.شەرەفکەندی دا و که‌وته‌ داڕشتنی پیلانی تێرورکردنی.

قسه‌ی تێدا نییه‌، بە تێروری د.شەرەفکەندی دوژمن برینێکی بەژان و کەلێنێکی قووڵی خستە جه‌سته‌ی حیزبی دێموکرات و زەبرێکی قورسی لە جووڵانەوەی ڕزگاریخوازانە له‌ ڕۆژهه‌ڵاتی کوردستان وه‌شاند، بەڵام خه‌ونه‌که‌ی وه‌دی نه‌هات و به‌ ئاوات نه‌گه‌یشت. ئەوڕۆ ٢٦ ساڵ دوای تێروری بێرلین، ئاڵای خەباتی ڕزگاریخوازانەمان هەروا دەشەکێتەوە و ڕۆڵەکانی شەرەفکەندی حەماسە دەخوڵقێنن.

بە تێروری میکۆنۆس کۆماری ئیسلامی په‌رده‌ی له‌ڕووی نیزامه‌که‌ی هه‌ڵدایه‌وه و ماهییه‌تی دژبه‌کوردبوونی خۆی زیاتر به‌ نه‌ته‌وه‌ی کورد ناساند و بەتایبەتی لاوەکانی وشیارتر کردەوە، هەستی نەتەوایەتی و بیری ڕزگاریخوازیی تێدا بەهێزتر کردن و متمانەی کورد بە حکوومه‌تی ئیسلامی ئێرانی نایه‌ ژێر خاک.

له‌ ئاستی نێونه‌ته‌وه‌یی و بیروڕای گشتیدا، حوکمی دادگای بێرلین کە بەدادگای "میکۆنۆس" ناوبانگی دەرکرد و لە رێكه‌وتی‌ ١٠ی‌ ئاپریلی ١٩٩٧ی‌ زایینی‌ (٢١ی‌ خاكه‌لێوه‌ی‌ ١٣٧٦) راگەیەندرا، تێروریزمی ده‌وڵه‌تیی ڕێژیمی ئێرانی له‌قاو دا، ڕاشکاوانە ڕێبەرانی ڕێژیمی لە بەرزترین ئاستی حکوومەتیدا وەک پلانداڕێژ و بەڕێوەبەری تێروریزم بە دنیا ناساند. لە حوکمی دادگای میکۆنۆسەوە هەتا ئێستاش مۆری تێروریزم بە نێوچاوانی کۆماری ئیسلامییەوە نووساوە و لێی نابێتەوە.

بەڕێزان!

دوکتور سادقی شەرەفکەندی ڕێبەرێکی سیاسی بوو و لە پێناو بیروباوەڕ و ئامانجێکی سیاسیدا سەری دانا، بۆیە جێی خۆیەتی لە ساڵوەگەڕی تێرۆرەکەیدا ئاوڕێک لە وەزعی ئێستای کۆماری ئیسلامی بدەینەوە کە بەهیوای خنکاندنی دەنگی ئازادیخوازی و نەهێشتنی هەستی خەبات و خۆڕاگڕی کوردی ڕۆژهەڵات، کاک سادقی تێرور کرد.

کۆماری ئیسلامی ئەوڕۆ لەگەڵ گەورەترین و پڕمەترسیترین قەیرانی مێژووی خۆی لە ژوورەوە و لە دەرەوە بەرەوڕوو بۆتەوە.

قەیرانی ئەوڕۆ هەموو لایەنەکانی سیستمەکەی گرتۆتەوە:

١. قەیرانی سیاسی و قەیرانی حاکمییەت: کێشەکانی کۆماری ئیسلامی ئەگەر لە سەرەتادا خۆیان لە بێ‌بەرنامەیی، کێشەی مودیرییەت، دزی و گەندەڵی بێ‌سنووری حاکمییەتدا دەبیندران، بەرەبەرە لەدەستدانی ڕەوایی حکوومەتی لێکەوتەوە. ئێستا لەو قۆناخەش تێپەڕیوە و ڕێژیم تووشی قەیرانی حاکمییەت هاتووە.

قەیرانی سەروەری (حاکمییەت)، بەو مانایە کە درزێکی قووڵ کەوتۆتە نێوان خەڵک و حکوومەتەوە کە ڕێژیم توانای پرکردنەوەی نییە. ئیدئۆلۆژی، بنەما هزرییەکان و ئۆتۆریتەی سیاسی حکوومەت کاڵ بۆتەوە و توانای قانع کردن و وەجووڵەخستنی کۆمەڵگای بۆ ئامانجەکانی حکوومەتی نەماوە. وەک دەڵێن، حکوومەت دەسەڵاتی سیاسی خۆی بەسەر خەڵکەوە دۆڕاندووە و بۆ هێمن کردنەوە یان وڵامدانەوە بە داخوازەکانی خەڵک تەنیا دوو شتی پێماوە: درۆ و بەڵێنی غەیرەعەمەلی و پەنابردن بۆ توندوتیژی و سەرکوت.

لە ئاکامی ئەو قەیرانە هەمەلایەنەدا، شێواوی و یەکترلەقاودان و دووبەرەکی نێوخۆی حاکمییەت بەردەوام قووڵتر و ئاشکراتر دەبێتەوە.

٢. قەیرانی ئابووری و کۆمەڵایەتی: لە ئاکامی شپرزەیی ئابووری و دابەزینی بەردەوامی دراوی وڵات، گرانی ڕۆژبەڕۆژ و جاروبار تەنانەت کاتژمێر بە کاتژمێر، بێکاری و هەژاری بەشێوەیەکی سەرسووڕهێنەر پەرەی ئەستاندووە.

"کۆڕەوی" کۆمپانیا و سەرمایەگوزارانی بیانی لە ئێران، ئابووریی شپرزەی وڵاتی گەیاندۆتە لێواری داڕمانی یەکجاری. ڕێبەرانی ڕێژیم هەرکەسە لە بیری تاڵانی وڵات و بردنە دەرەوەی سامانی خۆیەتی.

گرانی و بێکاری و هەژاری لەلایەک و داماوی ڕێژیم لە دابینکردنی سەرەتاییترین پێداویستییەکانی خەڵک لەلایەکی دیکەوە، کۆمەڵگای ئێرانی تووشی قەیرانی کەم‌وێنەی کۆمەڵایەتی کردووە.

٣. قەیران لە سیاسەتی دەرەوەدا: لە سیاسەتی دەرەوەدا ڕێژیم بەهۆی هەوڵدان بۆ وەدەستهێنانی چەکە کۆمەڵکوژەکان، پێداگریی لەسەر درێژەدان بە بەرنامەی مووشەکی بالستیکی، ڕەچاوکردنی سیاسەتی دەستێوەردان و ئاژاوەنانەوە و ناسەقامگیرکردنی وڵاتانی ناوچە، تەواو تەریک کەوتۆتەوە. بە قسەی "آیت اللە محمدتقی مصباح یزدی" لە ڕۆژی ١٤ی خەرمانان "کۆماری ئیسلامی لە دنیادا بە ڕادەی قامکەکانی دەستیش دۆستی نییە".

ئەزقەزا یەکێک لەو هۆکارانەی کە ڕێژیم کەوتۆتە بەر گەمارۆ و سزا نێونەتەوەییەکان، تێرۆریزم و پشتیوانیی بەئاشکرا لە تێرۆریزمە.

بە هەموو پێوەرە سەلماوەکان، کۆماری ئیسلامی لەباری سیاسی، ئیدئۆلۆژی، ئابووری و ئەخلاقییەوە ڕێژیمێکی وەرشکستەیە.

لە پێوەندی لەگەڵ کوردستاندا، دەزانن کە سیاسەتی کۆماری ئیسلامی دژ بە کورد لە هەموو ئەبعادی خۆیدا بە توندی بەردەوامە.

دوانموونەی ئەو سیاسەتە ڕووداوی ١٧ی خەرمانانی ١٣٩٧ بوو کە ڕێژیم سەرەتا سێ لاوی کوردی ئێعدام کرد و پاشان بنکەکانی خەباتگێڕانی دێموکرات لە کۆیەی مووشەکباران کرد کە بوو بەهۆی شەهیدبوونی ١٥ کەس و بریندارکردنی دەوری ٤٠ کەس. کۆماری ئیسلامی بەو کارەی جینایەتێکی دیکەی دژ بە کورد خوڵقاند. دوو ڕۆژ دوایە لاوێکی دیکە بەنێوی کەماڵ ئەحمەدی‌نژادی ئێعدام کرد.

ئەو هێرشە بەمەبەستی ناچارکردنی حیزبەکان بە ڕاگرتنی خەبات بەڕێوەچوو. سیاسەتی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لەو پێوەندییەدا ڕوونە: ڕاگرتنی خەبات و تێکۆشان بۆ ئێمە جێگای باس و پرسیار نییە.

سێ ساڵە حیزبەکەمان خەباتێکی نوێی دەستپێکردووە و لە داهاتووشدا، بەهەر شێوەیەکی بە گونجاوی بزانێ درێژە بە خەباتی خۆی دژی کۆماری ئیسلامی دەدا لەپێناو دابینکردنی مافە ڕەواکانی گەلەکەمان.

جینایەتی ١٧ی خەرمانان یەکەم جینایەتی کۆماری ئیسلامی بەدژی کورد نەبوو. ڕێژیم نزیک بە ٤٠ ساڵە بەهەموو شێوەیەک سیاسەتی سەرکوت و لەنێوبردنی کورد بەڕێوە دەبا و کۆڵی بە کورد نەداوە.

ئەو جینایەتانە ئێمە لەسەر خەبات بەدژی دیکتاتۆری و تێکۆشان بۆ وەدیهێنانی ئامانجەکانمان سوورتر و لێبڕاوتر دەکا. ژان و خەمی لەدەستدانی هاوسەنگەرەکانمان دەکەین بە ورە و بە ئیرادە بۆ بەگژداچوونەوەی دوژمن، دەیکەین بە هەوێنی یەکگرتوویی بۆ بەردەوامبوونی خەبات لە پێناو ڕزگاری لە بندەستیدا.

ئێمە لێبڕاوین کە هەزینەی گەیشتن بە ڕزگاری و ئازادی وەخۆگرین، ئەو جینایەتانە هەنگاومان پێ شل ناکەن.

وڵامی خەڵکی کوردستان لە ڕۆژی ٢١ی خەرمانان (١٢ی سپتامبر) بە بانگەوازی ناوەندی هاوکاری حیزبەکانی کوردستانی ئێران و ڕێکخراوە مەدەنییەکان و مانگرتنیان بەو بەربەرینییە، حەماسە و پەیامێکی ڕوون و قایم بوو بۆ کۆماری ئیسلامی.

مووشەکبارانی ١٧ی خەرمانان، بوو بەهۆی هاتنەئارای ململانێ و خۆتاقیکردنەوەیەک لەنێوان کۆماری ئیسلامی و خەڵکی کوردستان کە ڕێژیم حەسێبی بۆ نەکردبوو و چاوەڕوانی لێکەوتەکەی نەدەکرد بەڵام خەڵکی کوردستان دیسانەوە بە دنیای سەلماند کە بەپێچەوانەی ئیددیعاکانی کۆماری ئیسلامی و نەیارانی دیکە، پرسی کورد لە ئێراندا هەیە و حاشای لێناکرێ. پرسی کورد لە ئێراندا پرسی حیزبێک و دوو یان چەند حیزبی سیاسی نییە، پرسی نەتەوەیەکی زیندووە و وشیارە کە بۆ ئازادی و دابینکردنی مافە نەتەوەییەکانی ئامادەی فیداکارییە.

وڵام و هەڵوێستی خەڵک ئەوەندە قاتع و قایم بوو کە حکوومەتی تاساند. دوای حەماسەی٢١ی خەرمانان، ئەگەر ١٠٠٠ کەسی دیکەشمان لێ بکووژێ، ئێستا ڕێژیم دۆڕاوی ململانەکەیە.

لەو پێوەندییەدا، ڕۆژی ٢٤ی خەرمانان موحەمەد حسەین رەجەبی فەرماندەی سوپای پاسدارانی پارێزگایی سنە هەڕەشەی تۆڵەئەستاندنەوەی لە خەڵکی کوردستان کرد کە مانیان گرتووە و دوکان و بازاریان داخستووە! ڕاستە کە دیکتاتۆرەکان لە مێژووی ڕەشی خۆیان دەرس وەرناگرن!

ئاخر هەڕەشەی چی دەکەن! لە ماوەی ٤٠ ساڵی تەمەنی ڕێژیمەکەتاندا چ جینایەتێکتان دژ بە میللەتی کورد نەکردووە کە ئێستا هەڕەشەی کردنی دەکەن!

٤٠ ساڵە دەکوژن، دەبڕن، ڕێبەران و تێکۆشەرانمان تێرور دەکەن، لاوەکانمان لە سێدارە دەدەن، روحم بە کۆڵبەری زەحمەتکێشی کورد و ژن و منداڵی ناکەن، ٤٠ ساڵە بەهەموو تواناتانەوە هەوڵ دەدن خەڵکی کوردستان لە حیزبە سیاسییەکان داببڕن. بە ئامانجەکانتان گەیشتوون؟!

ئاشکرایە، ڕێژیمێکی سەرکوتکەر و دژی ئینسانی وەک کۆماری ئیسلامی کە خاوەنی تانک و تۆپ و مووشەک و تەیارەیە، بۆ کوردکوشتن هیچ لەمپەرێکی ئەخلاقی و ئینسانی لەبەر خۆیدا نابینێ و دەتوانێ بکوژێ و وێران بکا بەڵام ئەوە ٤٠ ساڵە ئەو کارە دەکەن و هەنگاوێک لە ئامانجەکانتان نزیک نەبوونەوە، تەنیا شکست و سەرشۆڕی و درێژەدان بە جینایەتتان پێ ماوە.

مووشەکبارانی ١٧ی خەرمانان بە هیچ جۆر نیشانەی هێز و دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامی نییە، بەپێچەوانە ئەو هێرشە دەرخەری لاوازی و داماوی و بەتایبەتی ترسی زۆری ڕێژیم لە پەرەسەندنی جووڵانەوەی کورد و تەشەنەکردنی بۆ ناوچەکانی نەتەوە بندەستەکانی دیکە، بوو.

ئەو هێرشە بۆ ترساندنی خەڵکی ناڕازی ئێران و بەلاڕێدابردنی بیروڕای گشتی لە قەیرانە نێوخۆییەکان، بەڕێوەچوو.

بەڕێزان!

دەرکەوت کە کاریگەرترین وڵام و بەژانترین تۆڵەی ئەو کارەساتە بە یەکگرتن و خەباتی هاوبەش دەدرێتەوە. ڕێژیم زیاتر لە هەموو شتێک، لە یەکیەتی و یەکهەڵوێستیی هێزە سیاسییەکانی کورد دەترسێ. دەترسێ لەوەی حیزبەکان و خەڵک بە هێزی یەکگرتوویان بەرەنگاری دیکتاتۆریی کۆماری ئیسلامی ببنەوە.

ڕەمزی سەرکەوتنی خەباتی ڕزگاریخوازی نەتەوەیەکی بێ وڵات، لە یەکیەتی و هاوپێوەندی و یەکگرتووییدایە. داگیرکەر لە یەکهەڵوێستی گەلی چەوساوە دەترسێ.

لێرەدا پێمخۆشە لەلایەن ڕێبەرایەتی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێرانەوە جارێکی دیکە سڵاو بۆ خەڵکی وشیاری کوردستان بنێرم و بڵێم پێتان سەربەرزین و شانازی دەکەین ڕۆڵەی ئێوەین.

هاوڕێیان!

کۆماری ئیسلامی بەهەر شێوەیەک بیهەوێ بەرەنگاری ئەو دۆخە پڕ لە قەیرانەی ئەوڕۆی بێتەوە، داهاتوویەکی ڕوونی نییە. دەبێ چاوەڕوانی ئاڵوگۆڕ لە ئێراندا بین، بەڵام ئاڵوگۆڕ، تەنانەت ڕووخانی ڕێژیمیش، بەشێوەی ئوتوماتیک و لەجێدا بە مانای نەمانی دیکتاتۆری و وەدیهاتنی ئازادی و مافەکانی ئێمە نییە. لە شۆڕشی پێشوو و ڕووخانی ڕێژیمی پاشایەتییەوە ئەوەمان بۆ دەرکەوتووە.

بۆ ئەوەی بەسەر ئاڵوگۆڕەکاندا نەکەوین یان ئاڵوگۆڕەکان بەسەرماندا نەڕووخێن، کورد دەبێ ئامادە بێ و خۆی ڕێک بخا کە بتوانین خێرا و لەکاتی خۆیدا هەلەکان بقۆزینەوە، لە دەرفەتەکان بە قازانجی میللەتەکەمان کەڵک وەرگرین و پیلان و هەڕەشەکانی نەیاران پووچەڵ کەینەوە. حیزبە کوردستانییەکان کەوتوونەتە بەر تاقیکردنەوەیەکی مێژوویی، دەبێ بەرپرسانە و سیاسییانە هەنگاو هەڵگرن.

ئاسۆی خەباتمان ڕوونە. بەخۆشییەوە لەنێو حیزبەکانی ڕۆژهەڵاتدا ئاڵوگۆڕ و جموجۆڵێکی نوێ لە ژوورەوە و دەرەوەی وڵات بە ڕوونی هەست پێدەکرێ.

ئەو ئاڵوگۆڕانە مزگێنی سەرهەڵدانی بیروباوەڕ و تێڕوانینێکی نوێ لە خەباتی نەتەوەییان پێیە. هەست بەوە دەکرێ کە جووڵانەوە لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان پێویستیی بە ستراتێژێکی نوێ هەیە.

کاکڵی ئەو تێگەیشتن و قەناعەتە نوێیە لە نێو حیزبەکاندا ئەوەیە کە بە هاوکاری و یەکگرتوویی و داڕشتنی بەرنامەیەکی سیاسی واقعبینانە دەتوانین بەسەر کەموکووڕییەکانی جووڵانەوەدا زاڵ بین و سەرکەوین.

دەبێ ئەو بڕوا و قەناعەتە بکەین بە بنەما و بناخەی ستراتێژییەکی نوێ بەرەو بووژاندنەوە و پەرەپێدانی زیاتری خەبات لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان.

ئەوڕۆ ئەگەر دەرفەت و دەرەتانی نوێ بۆ کورد ڕەخساوە، هەڕەشەکانیش لەسەر کورد زیادیان کردووە. بەتایبەتی نیزامی مەزهەبی- ناسیۆنالیستیی کۆماری ئیسلامی، هەتا ماوە، واز لە دوژمنایەتی کورد ناهێنێ و درێژە دەدا بە سەرکوت و پیلانگێڕان بەدژی کورد و بەرژەوەندییەکانی لە هەر چوار بەشی کوردستان، بۆیە، لەپێناو کەڵکوەرگرتن لە دەرفەت و دەرەتانەکان و بەرەنگاربوونەوەی هەڕەشەکان و پووچەڵکردنەوەی پیلانەکانی دوژمن، پێویستە ئامانجی ستراتێژی نوێی جووڵانەوە، هاوکاری و خەباتی هاوبەش و یەکگرتوویی خەڵک و حیزبەکان بێ.

سەرکەوتنی خەباتی نەتەوەیی ڕزگاریخواز گرێدراوە بە یەکیەتی و بەشداریی یەکگرتوو و هاوخەباتی هێزەکانی نێو جووڵانەوە لە کەشێکی دێموکراتیکدا.

لەو پێوەندییەدا، پێکهێنانی "ناوەندی هاوکاری حیزبەکانی کوردستانی ئێران" وەک سەرەتایەک، هەنگاوێکی بەجێ بوو بۆ ئامانجێکی بەجێ، بەڵام بۆ ئەوەی ئامانجەکەی بپێکێ، پێویستە چالاکتر و بەکارتر بکرێت و بۆ ئەو مەبەستە، نهادینەکردنی زەروورییە.

یەکیەتی و یەکهەڵوێستی حیزبەکانمان نەک هەر بەرامبەر بە کۆماری ئیسلامی حەیاتییە، بەڵکوو مەوقعییەت و پێگەی کورد بەرامبەر بە ئۆپۆزسیونی ناوەندی و لە ئاستی کۆمەڵگای نێودەوڵەتیشدا بەهێز دەکا. ئەو پرسانە پێوەندیی ڕاستەوخۆیان بەیەکەوە هەیە.

بەرز و پیرۆز بێ بیرەوەری ڕێبەری لێهاتوومان د. سادقی شەرەفکەندی و هاوڕێیانی کاک فەتاح عەبد ولی، کاک هومایوون ئەردەڵان و کاک نوری دێهکۆردی

سڵاو لە گیانی پاکی شەهیدانی حیزب و ڕێگای ڕزگاریی کوردستان بەتایبەتی شەهیدانی ١٧ی خەرمانان

بەردەوام بێ خەباتی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لەپێناو وەدیهێنانی ئامانجە نەتەوەیی و دێموکراتیکەکانی

ئێوەش ساغ و سەربەست و سەرکەوتوو بن