کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

دەقی پەیامی بەڕێز تەیموور مستەفایی ئەندامی ناوەندی سیاسی حیزب لە ڕێوڕەسمی ٢٦ی سەرماوەز لە کەمپی جێژنیکان

17:30 - 29 سەرماوەز 2718

بەشداربووانی بەڕێز !

۲٦ی سەرماوەز هاوکات دوو بۆنە ڕێزیان لێ دەگیرێت یەکیان ڕۆژی پێشمەرگەیە کە ئەم مەراسمەی ئێمە لەو پەیوەندییەدایە، بۆنەی دووهەم سەبارەت بە هەڵکردنی ئاڵای کوردستانە و بە ڕۆژی ئاڵا ناسراوە کە لەلایەن پارلمانی کوردستانی باشورەوە بڕیاری لەسەر دراوە ساڵانە ڕێوڕەسمی تایبەتی بۆ پێک دێنن، کە جێگای خۆشحاڵی ئێمەشە، شانازی هەڵکردنی ئاڵای کوردستان لەو ڕۆژەدا لە کۆماری کوردستان بووە کە ئەویش پەیوەندی بە ئێمەوە هەیە بۆیە بەم بۆنانەوە پیرۆزبایی لە ئێوە و هێزی پێشمەرگە و تێکڕای کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان دەکەم.

خۆشک و برایانی خۆشەویست:

جەنگاوەرانی هەر نەتەوەیەک کە لە پێناو گەل و وڵاتەکەیاندا دەجەنگن ناوی تایبەت بە خۆیان هەیە، گەلی ئێمەش بۆ جەنگاوەرانی ڕێگای ئازادی و ڕزگاری گەلەکەمان ناوی پڕ ناوەڕۆکی پێشمەرگەی دیاری کردووە.

پلینۆمی دووھەمی کۆمیتەی ناوەندی ھەڵبژێردراوی کۆنگرەی شەشەم لە ١٥ تا ٢٤ی گەلاوێژی ساڵی ١٣٦٣ بەڕێوە چوو، لەو پلینۆمەدا ڕۆژی ٢٦ی سەرماوەزی بۆ ڕێزگرتن لە خەباتی ھێزی پێشمەرگە وەک ڕۆژی پێشمەرگە دیاری کرد. دیاریکردنی ئەم ڕۆژە لە بەر ئەوە بوو کە لەو ڕۆژەدا کۆتایی بە دەسەڵاتی ڕێژیمی پاشایەتی لە بەشێکی کوردستاندا ھاتبوو. هێزی پێشمەرگە لە پرۆسەیەکی بەردەوامدا بەرگری لە خاک و خەڵکی کوردستان و بەھا مرۆییەکان کردووە، ھەر بۆیە، ئێستا ئیتر بووەتە ناوێکی ناسراو و وەک ھێزێکی بە بیروباوەڕ و دژە تێرۆر ناسراوە کە جێگای ڕێزلێگرتنی کۆمەڵگای جیھانییە و لە شەقامی بەھێزترین وڵاتی دونیادا پەیکەری بە نیشانە و هێمای ئازادی و دژی تێرۆر بۆ دادەنرێت.

پێشمەرگە کێیە؟

پێشمەرگە ھێزی چەکداری گەلە، بەڵام ھێزێکە کە کاری تەنیا چەکھەڵگرتن و شەڕکردن و کوژران و کوشتن نییە، بەڵکوو چەکدارێکە کە دەزانێ چەکی ھەڵگرتووە تا لە پێناو ئامانجێکدا کە وەدیھێنانی دێمۆکراسی و ڕزگاریی نەتەوەییە بۆ گەلەکەی خەبات بکات. ئەو دەزانێ و بە قووڵی تێگەیشتووە کە گەلەکەی چەوسێندراوەتەوە، زوڵمی لێکراوە و حاشا لە بوونی دەکرێت، ڕێگای پێشکەوتنی لێدەگیرێ و لە یەک کەلامدا کەرامەتی خەوشدار دەکرێت. پێشمەرگە دەزانێ ئەم گەلە بە ھێزی خۆی و بە قارەمانەتی و فیداکاریی ڕۆڵە بەوەجەکانی نەبێ، ھەرگیز بە ڕزگاری و ئازادی ناگات. لەم تێگەیشتنەوەیە کە خۆشەویستترین کەسەکانی، واتە بنەماڵەکەی بەجێ دەھێڵێ و بۆ خەبات لەپێناو ڕزگاریی گەلەکەی ڕوو لە ڕیزی پێشمەرگایەتی دەکات. ئەوان دەزانن پێشمەرگایەتی یانی دەستھەڵگرتن لە ھەموو خۆشییەکانی ژیان و خۆبەختکردن لە پێناوی گەلەکەیان، و لە ڕاستیدا ئەم ڕێگایەیان بە ئاگاییەوە ھەڵبژاردووە ھەر بۆیە شایانی ھەموو رێز لێگرتنێکن.

بەشدارانی بەڕێز!

پێشمەرگایەتی تەنیا لە بەرگریی چەكداریدا كورت ناكرێتەوە، تێكۆشانی ئەندامانی حیزب لە نێوخۆ، هەروەها ئەندامانی ئاشكرای حیزب لە دەرەوەی وڵات و باشووری کوردستان لە شێوازی جۆراوجۆردا بەشێكی گرینگی پاڵپشتی لە بەرگریی چەكدارانەن. ئەندامانی نێوخۆی وڵات لە پێناوی بەرەوپێشبردنی ئەم خەباتە ڕەوایەدا بەرەوڕووی زیندان، ئەشكەنجە و ئازاری ڕێژیمە سەركوتكەرەكان بوونەتەوە و ژمارەیەكیشیان سزای ئیعدامیان بە سەردا سەپاوە، ئەندامانی تەشكیلاتی ئاشكراش بە هاوكارییە مادی و مەیدانییەكانیان لە ڕۆژە سەخت و چارەنووسسازەکاندا سەلماندوویانە كە ئەوانیش پێشمەرگەن. لەوەش زیاتر هەموو ئەو کەسانە کە لە یارمەتی گەیاندن بە پێشمەرگە و پاراستنیان لە دوژمن هاوکاری پێشمەرگە دەکەن حیسابی پێشمەرگەیان بۆ دەکرێ.

پێشمەرگە قارەمانەکان!

ساڵی ڕابردوو لە جەولەکانی ھێزی پێشمەرگە لە قوڵایی ناوچەکانی کوردستاندا بەداخەوە ژمارەیەک لە باشترین پێشمەرگەکان لە جەریانی تێکهەڵچوون لەگەڵ بەکرێگیراوانی ڕێژیمدا پاش بەرگرییەکی قارەمانانە شەھید بوون کە سڵاو دەنێرم بۆ گیانی ھەرگیز نەمریان و لەو پەیوەندییەدا بە پێویستی دەزانم ئاماژە بە چەمکی خۆبەختکردن و خۆپاراستن لە ڕەوتی خەباتی پێشمەرگانەدا بکەم. خۆبەختکردن و خۆپاراستن ئەگەرچی لە ڕواڵەتدا دژ بە یەکن، بەڵام لە ناوەڕۆکدا تەواوکەری یەکترن. لە لایەک خۆبەختکردن لە پێناوی خەباتدا بۆ وەستاندنی دوژمنێکی ھار و دڕندە زۆر پێویست و لە جێگای خۆیدایە، بەڵام لە ھەمان کاتدا دەبێ پێشمەرگەکانمان بە فێربوونی ئوسوولی شەڕی پارتیزانی و لە بەرچاوگرتنی ئوسوولی خۆپاراستن ھەوڵ بدەن لە ڕادەی زیان و زەرەرەکانیان لە شەڕ لەگەڵ دوژمندا هەتا ڕادەی شەھیدێکی پێشمەرگە لە بەرانبەر زیاتر لە دە کوژراوی دوژمندا کەم بکەینەوە. بە داخەوە بیرێکی چەوت و باو لە نێو کۆمەڵگای ئێمەدا جێگیر بووە کە خۆپاراستن لە زیانی زیاتر، بە ترسنۆکی لێک دەدرێتەوە. لە کاتێکدا کە خۆپاراستن زۆر جیاوازە لە ترسنۆکی و بگرە نیشانەی ئەوپەڕی وریاییە. لەم بارەوە نابێ گوێ بدەینە ئەو پڕوپاگەندە زیانهێنەرانە کە بێجگە لە زیانی زیاتر، هیچی لێ ناکەوێتەوە.

بەشدارانی بەڕێز!

بە پێویستی دەزانم کە لێرەوە وڵامی ڕەخنەیەک کە زۆر جار لە شێوەیەک لە خەبات کە خەباتی چەکدارییە و کۆمەڵێک چالاکی سیاسی و مەدەنی و تەنانەت ژمارەیەک لەو حیزبانە کە ساڵانێکی دوور و درێژە ئەم شێوە خەباتەیان بەڕێوە بردووە دەگرن وتەنانەت بە زیانھێنەریشی دەزانن بدەمەوە. زۆر جار کە ئەم ڕەخنەیە بەرەوڕووی بەرگریی چەکداری دەکرێتەوە ئەو پرسیارەم لا دروست دەبێ کە تۆ بڵێی ئەم ڕەخنەگرانە لەم جوغرافیایەدا نەژیابن، یان ناوەرۆکی کۆماری ئیسلامی پاش چل ساڵ لە دەسەڵاتدارەتی نەناسن و جینایەتە بێ ئەژمارەکانی ئەم ڕێژیمەیان ھەر لە کۆمەڵکوژی شار و گوندەکانی کوردستان، کۆمەڵکوژی و ئیعدامە بە کۆمەڵەکانی سەرەتای ھاتنە سەرکاری کۆماری ئیسلامی، ٥٩ لاوی مەھابادی لە ساڵ ١٣٦٢ و ئیعدامە بە ھەزاران کەسییەکانی ساڵی ٦٧ ھەتاوییان لە بیر چووەتەوە و باسی خەباتی مەدەنی لە چوارچێوەی ئەم ڕێژیمەدا دەکەن. با لە ڕابردوو بگەڕێین دیسان لە خاوەن ئەم بۆچوونانە دەپرسم مووسەوی و کەڕووبی و ھاوبیرەکانیان بێجگە لە ئیلتزام بە کۆماری ئیسلامی و داواکردنی دەنگە دزراوەکانیان، چییان کردبوو کە ئەوە بۆ دە ساڵە حەبسی خانەگین، خۆ ئەوانیش خەباتی چەکدارییان نەکردبوو، ئەی چارەنووسی بەناو سەرداری ئیسلاحات واتە خاتەمییان لە بەرچاو نییە کە مەمنوعولتەسویر کراوە. با لە ئێستای کوردستانیش بڵێم، ئەو ھەموو کۆڵبەرە کە ڕۆژانە دەکەونە بەر پەلاماری چەکدارەکانی ڕێژیم و گیانیان لێ دەستێندرێ کە لە ماوەی شەش مانگی ڕابردوودا نزیکەی ٣٠ کەسیان کوژراون و زیاتر لە ٧٠ کەسیان بریندار بوون، ئەی شەریف باجوەر و ھاوڕێکانی کە ٤ کەسیان شەھید و چەند کەسێکیشیان بە ڕادەیەکی زۆر جەستەیان سووتا بێجگە لە پەیداکردنی بژێوی بۆ بنەماڵەکانیان وپاراستنی ژینگە چ تاوانێکیان هەبوو. بێجگە لەم چەند نموونەیە دەتوانم بە سەدان نمونەی دیکەی جینایەتی ڕێژیم دەرحەق بە خەڵکی سیڤیل ئەنجامی داون بێنمەوە، تەنیا لە بەر درێژنەبوونەوەی وتارەکەم لە نموونە ھێنانەوەی زیاتر خۆ دەبوێرم. لە دواوتەم لەم بەشەدا ئەوەی کە هەمیشە گوتوومانە، چەند پاتەی دەکەینەوە کە خەباتی مەدەنی بە باشترین شێوازی خەبات دەزانین و بە قووڵی بڕوامان پێیەتی، لە ڕابردوودا کارمان لە سەر کردووە و لە داھاتووشدا بێگومان وەک شێوازێکی خەبات کاری لە سەر دەکەین. بەڵام دوایین پرسیارم لەو پەیوەندییەدا ئەوەیە کە گەلۆ ڕێژیمێک بەو کارنامەوە ڕێگا دەدا بە خەباتی مەدەنی؟ ئەی ئەگەر ڕێگای نەدا، بۆ بەرەنگاربوونەوەی ئەو ھەموو کوشتن و بڕین و بێ ماف کردنە ڕێگایەکی دیکەیان پێ شک دێت؟ مەگەر ئێمە بەرگریی چەکداریمان بە ویستی خۆمان ھەڵبژارد؟ مەگەر چەندین و چەند جار بۆ گەیشتن بە مافەکانمان داوای وتووێژمان نەکرد؟ مەگەر بەھایەکی گەورە و گرانمان لەو پێناوەدا نەدا کە لە ئاکامدا شەھیدکرانی ڕێبەرانمانی لێ کەوتەوە؟ بێجگە لەوەش با بەراوردێک لە نێوان ئەو هێز و سازمانانەدا بکەین کە بەشێکیان لە بەرانبەر هێرشی کۆماری ئیسلامیدا بەرگری چەکدارانەیان هەڵبژارد (حێزبی دێمۆکرات، موجاهدین، کۆمەڵە و...) لەگەڵ ئەو هێز و سازمانانە بە بیانوی خەباتی دژی ئیمپریالیستی کەوتنە هاوکاریکردنی کۆماری ئیسلامی (حیزبی تودە، چریکە ئەکسەریەتیەکان و...) کامەیان ئێستا لە مەیداندا ماونەتەوە و کامەیان وەک بەفری زستانان تواونەتەوە؟ من لە سەر ئەو بڕوایە نیم کە لە بەرانبەر ئەم ڕێژیمەدا بێجگە لە قورس و قایم ڕاوەستان، هیچ ڕێگایەکی دیکە هەبێت. ھەر بۆیە پێداگرم لە سەر بەرگریی چەکداری دژی ئەم ڕێژیمە وەک شێوازێک لە خەباتی ڕەوا. با ئەوەشم بە جێ نەھێشتبێت کە وەک ئینسانێک زۆر دڵگرانم بە کوژرانی مرۆڤەکان و بە تایبەت ھاوڕێ و ھاوسەنگەرەکانم، بەڵام وەک شەھیدی ڕێبەرمان دوکتۆر قاسملوو فەرموویەتی گەلێک ئازادی بوێ دەبێ نرخی ئەو ئازادیەش بدات. یا دەبێ ئەو نرخانە بدەین و خەباتەکەمان لەسەر پێ ڕاگرین یا دەست بەردەینەوە و تەسلیمی ڕێژیمی دژی گەلی و بە تایبەت دژەکوردی کۆماری ئیسلامی بین.

ھاوڕێیانی بەڕێز !

ساڵی ڕابردوو چەند ڕووداوێکی گرینگ لە کوردستاندا ڕوویان دا کە بە پێویستی دەزانم ئاوڕێکی خێرا و کورتیان لێ بدەمەوە. یەکەم ڕووداو کە کارەساتێکی مرۆیی لێ کەوتەوە و بوو بە ھۆی لەنێوچوونی ژمارەیەک لە خەڵکی ناوچەکانی ئەزگڵەی باوەجانی و سەرپێڵ و زەھاو، لەو ڕووداوەدا بە ھەزاران کەس گیانیان لە دەست دا و بە دەیان ھەزار کەسیش ماڵەکانیان بە تەواوی تەختی زەوی بوو و بێ خانە و لانە بوون، ئەمە بۆ دووھەمین زستان دەچێ کە ھەروا لەژێر خێوەتدا ژیانی کولەمەرگی تێدەپەڕێنن. لە ماوەی یەک و دوو مانگی ڕابردووشدا بۆ چەند جاری دیکە بوومەلەرزە لەم ناوچەیەی دایەوە و کۆماری ئیسلامی نەک هەر ھیچ چەشنە ھاوکارییەکی ئەم خەڵکەی نەکردووە، بگرە زۆربەی ھەرە زۆری یارمەتییەکانی خەڵکی کوردستان و تەنانەت بەشەکانی دیکەی ئێرانیش کە بۆ ئەم خەڵکە لێقەوماوە ھاتووە، لەلایەن بەرپرسانی ڕێژیمەوە دەستیان بە سەردا گیراوە و بە دەستی خەڵک نەگەیشتوون. ڕوودانی ئەم بوومەلەرزانە بۆ چەندین جار لە ماوەی ساڵێکدا گومانی لای خەڵکی ناوچەکە و تەنانەت دەرەوەش دروست کردووە.

ڕووداوی دیکە کە سەرنجی کۆڕ و کۆمەڵە نێوخویی و ڕاگەیاندنە بیانییەکانیشی بە لای خۆیدا ڕاکێشا، ڕووداوی سووتانی چوار ژینگەپارێزی مەریوانی بوو کە بە پێی ھەموو بەڵگەکان پیلان و کردەوەیەکی جینایەتکارانەی دیکەی ڕێژیم بووە و خەڵکیش لەو ڕاستییە ئاگادار بوون، هەر بۆیە لەگەڵ دەربڕینی ناڕەزایەتی لە لایەن خەڵکی ئازا و بوێری مەریوانەوە ڕووبەڕوو بوو، لەو ئێعتراز و ڕێپێوانانەدا دروشمی نەتەوەیی دەگوترانەوە کە یەکێک لەو دروشمانە پشتگریکردن بوو لە ڕاسانی ڕۆژهەڵات، ھەروەھا ئەم ڕووداوە ئێعتراز و مەحکوومکردنی بەشی ھەرە زۆری کۆمەڵگای کوردستان و ڕێکخراوە مەدەنییەکانیشی لێکەوتەوە.

ڕووداوی دیکە، مووشەکباران کردنی بارەگاکانی حیزبی دێموکرات لە ڕۆژی ۱۷ی خەرمانان لە کۆیە بوو کە لەو مووشەکبارانەدا بە داخەوە ۱٦ کەس لە ئەندامانی ڕێبەری و پێشمەرگەکان شەھید و ژمارەیەکی زیاتریش بریندار بوون، هاوکات و هەر لەو ڕۆژەدا ۳ چالاکی سیاسیی کوردیش لە زیندانەکانی ڕێژیمی کوردکوژی ئێراندا لە سێدارە دران. ئەم مووشەکباران و لەسێدارەدانانە دەنگدانەوەی نێوخویی و نێودەوڵەتیی بە دواوە بوو، تا ئەو جێگایە کە باڵوێزی ئەمریکا لە نەتەوە یەکگرتووەکان وێڕای باسکردنی ئەم مووشەکبارانە، کردەوەی کۆماری ئیسلامی بە سنووربەزاندن ناو برد و مەحکوومی کرد. لە پانتایی کوردستانیشدا لە ھەموو بەشەکان، ھاوسۆزییەکی بەرچاو لە پەیوەندی لەگەڵ ئەو سنووربەزاندنەی کۆماری ئیسلامی ھەبوو. پاش ئەم ڕووداوە ڕێکخراوە سیاسییەکانی کوردستانی ڕۆژھەڵات داوایان لە خەڵکی کوردستان کرد کە ڕۆژی ۲۱ی خەرمانان دوکان و بازاڕەکانیان بۆ دەربڕینی ناڕەزایەتی و ئێعتراز بەو کردەوەیەی ڕێژیم و پشتیوانی لە ڕێکخراوە خەباتگێڕەکانیان دابخەن. بە خۆشییەوە وێڕای گوشارەکانی ڕێژیم بۆ سەر خەڵک داواکارییەکە وەڵامی ئەرێنیی وەرگرتەوە و ئەمە وەڵامێکی ددانشکێن بۆ ڕێژیم بوو، ھەروەھا یەکگرتوویی ھێزی خەڵکی کوردستانی دەرخست. ئەم یەکگرتووییە لە نێوخۆدا پەیامێکیشی بۆ حیزبەکان هەبوو کە ئەگەر ڕێگای یەکگرتوویی بگرنە بەر، خەڵکی کوردستانیان لە پشتە. بە خۆشییەوە وەکوو وەڵامدانەوەیەک بۆ قۆناغی هەستیاری ئێستا، ناوەندی هاوکاریی حیزبەکانی کوردستانی ئێران پێک هاتووە کە هیوادارم ئەم ناوەندە لە داهاتوودا بەرینتر بکرێتەوە. هەر لەو پەیوەندییەدا دەبێ هەوڵ بدەین بۆ یەکگرتوویی زیاتر و تۆکمەتر کە پێویستی ئەم قۆناخە و ویستی کۆمەڵانی خەڵکی کوردستانە.

بابەتی دیکە کە بە پێویستی دەزانم لێرەدا باسی بکەم، سەردانی ئەم دواییەی سادق زیباکەلام، کەسایەتیی ئاکادیمیکی ئێرانی، بۆ زانکۆی کوردستان لە شاری سنە بوو کە لەو سەردانەدا سێمینارێکی بۆ گەیاندنی پەیامی خۆی لەمەڕ داهاتووی ئێران و هەروەها تێگەیشتن لە شێوازی بیرکردنەوەی توێژی ئاکادێمیکی کوردستان لە پرس و بابەتە سیاسییەکاندا پێک هێنا. ئەوەی کە لەو سێمینارەدا سەرنجڕاکێش بوو، هەڵوێستی ئازایانە و نەتەوەیی خوێندکارانی کورد بوو کە ڕاشکاوانە و بە دەنگێکی دلێرانە ڕایانگەیاند خۆیان بە خاوەنی ڕێبازی نەتەوەیی و درێژەدەری ڕێبازی ڕێبەرانی شەهیدمان پێشەوا قازی موحەممەد و دوکتور قاسملوو دەزانن. هەڵوێستی شۆڕشگێڕانە و پێشمەرگەئاسای خوێندکارانی کورد لەو سمینارەدا بۆ جارێکی دیکە سەلماندی کە لە ڕاستیدا سەرەڕای هەموو سەرکوت و زەبروزەنگەکان، شۆڕشی ڕزگاریخوازانەی نەتەوەییمان ڕۆژ لە دوای ڕۆژ زیاتر بە جەماوەری دەکرێت و هەموو چین و توێژەکانی کۆمەڵگای کوردستان خۆیان بە خەباتکار و پێشمەرگەی ئەو ڕێبازە دەزانن. لێرەدا پێویستە سپاس و ڕێزی خۆمان و هەموو پێشمەرگەکانی کوردستان ئاراستەی ئەو خوێندکارە بوێر و بەبیروباوەڕانە بکەین و پێیان ڕابگەیەنین کە خەباتە پیرۆزەکەمان پشت ئەستوور بە نەسڵێکی تێگەیشتوو و وڵاتپارێزی وەک ئێوە، هەنگاوەکانی بەرەو سەرکەوتن و ڕزگاریی نەتەوایەتی، لێبڕاوانەتر لە هەمیشە هەڵدەگرێت و تا گەیشتن بە ئامانج، لە بڕینی ئەو ڕێگا پیرۆزەدا بەردەوام دەبین.

خۆشک وبرایانی بەڕێز!

لە ماوەی ڕابردوودا پیلانێکی ڕێژیم بۆ تەفرەقە خستنە ڕیزی خەڵکی ناوچەکانی کوردستان هاتە ئاراوە کە لەو پیلانەدا، مۆرەکانی ڕێژیم بابەتێکیان بە ناوی شێوەزاری فارسیی کرماشانی ورووژاند کە کاردانەوەی چالاکانی مەدەنی پارێزگای کرماشان و ناوچەکانی دیکەی بە دوادا ھات. ورووژاندنی ئەم جۆرە بابەتانە بۆ نانەوەی دووبەرەکی لە نێو ئاخێوەرانی شێوەزارە کوردییەکاندا شتێکی تازە نییە، بەڵکوو لە ڕابردووشدا بە ھێنانەگۆڕێ شێوەزارە جوراوجۆرەکانی زمانی کوردی وەک زمانێکی سەربەخۆ و جیاواز هەوڵیان داوە یەکڕیزی و هەستی هاوبەشی نەتەوەیی نێوان خەڵکی ناوچە جۆراوجۆرەکانی کوردستان تێک بدەن کە مۆرەکانی ئیتلاعات لە پشتی ئەم بابەتانەدا بوون و تەنانەت ڕێکخراوی تایبەتیشیان بۆ پێک ھێناوە.

سەرکوت و زەبروزەنگ و دەستبەسەرکردنی چالاکانی مەدەنی بە تایبەت پاش وەڵامدانەوەی خەڵکی ڕۆژھەڵاتی کوردستان بە بانگەوازەکەی ناوەندی ھاوکاری و ڕێکخراوەکانی دیکە بۆ بەستنی دوکان و بازارەکان زیاتر و بەربڵاوتر بووە و بە دەیان لاوی کوردستان لەو پەیوەندییەدا لە لایەن دەزگا ئەمنییەتیەکانی ڕێژیمەوە دەستبەسەر کراون کە هێشتا چارەنووسی بەشێکی زۆریان ناڕوونە.

کوشتنی کۆڵبەران ھەروا بەردەوامە و بەرپرسانی ڕێژیم بە فەرمی ڕایانگەیاندووە کە تەقە لەو کەسانە دەکەن کە کاری کۆڵبەری دەکەن. بەڵام خەڵک بە ھۆی نەبوونی کار و گرانبوونی شتومەکی خواردن، ناچارن درێژە بەو کارە بدەن. لە شەش مانگی یەکەمی ساڵی ١٣٩٧ی ھەتاویدا نزیکەی ٣٠ کۆڵبەر کوژراون و زیاتر لە ۷۰کۆڵبەر بریندار بوونە. ڕێژەی بێکاری لە شارەکانی ڕۆژھەڵاتی کوردستاندا لە ٤۰% تێپەڕیوە. بێکاری لە لایەک و گرانی لە لایەکی دیکەوە بوونەتە ھۆی ھەژاریی زیاتری کۆمەڵگا، بە چەشنێک کە لە شارێکی وەکوو سنەدا زیاتر لە ٣هەزار منداڵ تووشی کەم خۆراکی بوونە. پارێزگای ئیلام کە لە باری کانزای جۆراوجۆری ژێرزەوینی و بەتایبەتی نەوتەوە لە دەوڵەمەندترین ناوچەکانی ئێرانە، لە ڕیزی کەم خۆراکترین پارێزگاکان لە ئێراندا بە ئەژمار دێت. دیاردەیەکی ناشیرینی دیکە ئەوەیە کە بە ھۆی نەبوونی پووڵ بۆ کڕینی سووتەمەنی، بە داخەوە زۆر زیاتر لە ڕابردوو خەڵک ڕوویان لە بڕینی دارستانەکان کردووە.

بەشدارانی بەڕێز!

ئێران لە ساڵی ٩٧ی هەتاویدا لەگەڵ چەندین کێشە و قەیران ڕووبەڕووە کە پێنج لەم قەیرانانە بە (ئەبەر چالش) یان قەیرانی قووڵ دەناسرێن کە بە وتەی لایەنی فەرمیی حکووومەت بریتین لەم قەیرانانە: قەیرانی ئاو، قەیرانی ژینگە، قەیرانی بێکاری، قەیرانی سیستمی بانکی، قەیرانی سندووقی خانەنشینی. بوونی ئەم قەیرانانە ئەگەر گەمارۆکانی ئەمریکاشی لێ زیاد بکەین کە ڕۆژ بەڕۆژ توندتر و بەربڵاوتر دەبن و ئەو دەوڵەتانەش کە بەڵێنییان بە ئێران دابوو کە لە دەربازبوونی ئەو قەیرانانەدا یارمەتیی ئێران بکەن، بێجگە لە قسە نەبێ هیچیان پێ ناکری، تەنانەت ئەگەر کارێکیشیان پێ بکرێ تا ئێستا بە کردەوە هیچیان نەکردووە. بە پێی هەموو لێکدانەوەکان هەلومەرجی ڕووخانی کۆماری ئیسلامی ئامادە بووە، بەم هۆکارانەی خوارەوە:

۱- قەیرانی جۆراوجۆر کە لە سەرەوە ئاماژەم بە ژمارەیەک لەو قەیرانانە دا، بەرۆکی ڕێژیمی گرتووە کە توانای چارەسەر کردنیانی نییە. ۲- خەڵکی ئێران بە هۆی ناکارامەیی سیستمی کۆماری ئیسلامی و جینایەتە بێ ئەژمارەکانی بڕوایان بەو سیستمە نەماوە (قەیرانی مەشرووعیەتی) هەیە. ۳- ڕێژیم لە ئێنزوا و تەریککەوتنی نێونەتەوەییدایە. ئەم سێ خاڵە سەرەکییە زەمینەی نەمانی مەشروعیەتی هەموو سیستمێکە. کەوابوو کێشەکە لە کوێدایە کە هێشتا ڕێژیم ماوەتەوە؟

لە وەڵامی ئەم پرسیارەدا دەبێ بگوترێ بە هۆی نەبوونی ئاڵترناتیڤێکی دێموکراتیکەوەیە کە هێشتا ڕێژیم ماوەتەوە. هەر بۆیە، هەمووان دەبێ هەوڵ بدەن بۆ پێکهێنانی ئاڵترناتیڤێکی دڵخواز و دێموکراتیک کە ویست و داوا ڕەواکانی گەلانی ستەملێکراو و هەموو چین و توێژەکانی کۆمەڵگای ئێران لە بەرنامەی پێشنیارکراوی خۆیدا بۆ بەڕێوەبردنی ئێرانی داهاتوو بگونجێنێت.

لە کۆتاییدا، ڕۆژی ٢٦ی سەرماوەز ڕۆژی پێشمەرگەی کوردستان لە بنەماڵەی سەربەرزی شەهیدان، زیندانیانی سیاسی و ھەموو پێشمەرگە قارەمانەکانی کوردستان پیرۆز بێت و بەو ھیوایەم کە ڕەنج و فیداکارییەکانیان ببێتە ھۆی گەیشتنی گەلەکەمان بە ئازادی و ڕزگاریی نەتەوایەتی.

بژی پێشمەرگە، خەباتکاری ڕێگای ئازادی

سەرکەوێ خەباتی ڕزگاریخوازانەی نەتەوەی کورد