کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

شەهید خەلیلی محەممەدی (ناسراو بە خەلیلە سوور)

19:06 - 2 بانەمەڕ 2726

برایم چووکەڵی

"سنە لە پاییزا ژیا، بە سەد شەقامی سوورەوە
کە ئاویەر بەیانییەک چەکی چیای دەکردە شان"

ئەو کۆمەڵگەیەی زوڵمی نەتەوەیییان لێ کراوە، ڕۆڵەکانیان زۆر ئازایانە بەرەنگاری داگیرکەران دەبنەوە و بە خوێنی خۆیان ڕەوایی گەلەکەیان دەسەلمێنن و ئازایانە لە دوژمن ڕادەپەرن. گەلی کورد زۆر ڕۆڵەی لە ڕێگەی ڕزگاریی نەتەوەکەیدا بەخت کردووە؛ بە هەزاران تێکۆشەری نێو ڕیزی هێزە سیاسییەکان و بە دەیان هەزار شەهیدی بێدیفاعی کردووەتە خوێن‌بایی ئازادیی کورد و ڕزگاریی کوردستان. لە کەسیش شاراوە نییە کە بەشی هەرە زۆری ئەو قوربانییانە، بەتایبەتی ئەوانەی کادر و پێشمەرگە و فەرماندەی خەباتی چەکدارانە بوون، سەر بە حیزبی دێموکرات بوون. ئەمە لەگەڵ هەموو تاڵی و پڕژانییەکەی، شانازییەکی گەورەیە و تێکۆشەرانی دێموکرات حەقیانە پێی بنازن و پێی سەربەرز بن؛ بەتایبەتی ئەگەر لەبەرچاو بگرین کە میراتگرانی ئەو شەهیدە سەربەرزانە، هەروا ڕێبواری ڕێگاکەیانن و ئامادەن بۆ ئەوەی هەرکات پێویست بێت، گیان بەخت بکەن و ڕێبازی سەرکەوتن تەخت بکەن. شەهید خەلیلی محەممەدی یەک لەو ڕۆڵە بەوەجانەیە کە لە هەگبەی "شاخ و شۆڕش"ی ئەم ژمارەیەدا ناو و یادی بەرز ڕادەگرین.

خەلیل ساڵی ١٣٣٨ لە گوندی "سیاسەران" سەر بە ناوچەی "حوسێناوا"ی سنە، لە بنەماڵەیەکی دەستکورت و هەژار لەدایک بوو. تەمەنی منداڵیی تێپەڕ نەکردبوو کە ماڵەکەیان چوو بۆ شاری سنە و لەوێ گیرسانەوە. خەلیل هەر لە منداڵییەوە بۆ پەیداکردنی بژێوی بنەماڵەکەی دەستی بە کارو کاسبی کرد. هەتا سەرکەوتنی شۆڕشی ١٣٥٧ی ئێران، هیچ کات بۆ پەیداکردنی بژێوی ژیانی نەمردنەژی نەوەستا. دوای سەرکەوتنی شۆڕش، خەلیل لە ساڵی ١٣٥٨ ڕیزی هەڵۆ سەربەرزەکانی دێموکراتی لە هێزی شەریفزادە هەڵبژارد و دەستی بە تێکۆشانی سیاسی کرد؛ وەک پێشمەرگەیەکی لێهاتوو خۆی نیشان دا و بوو بە نموونەی پێشمەرگەکانی هێزی شەریفزادە. ئەو بەهۆی ئازایەتی لە شەڕەکاندا، پاش ماوەیەک وەک سەرپەل دیاری کرا و ساڵی ٦٢ بە فەرماندەی لک دەستنیشان کرا.

خەلیل وەک فەرماندە لکێکی بەتوانا و بەئەزموون، زۆر شەڕی ناوچەی سنەی فەرماندەیی کرد. لە شەڕەکانی بەرووەر و سەرجۆ، ئازایەتییەکی کەم‌وێنەی لە خۆی نیشان دا. با لێرەدا ئاوڕێک لە "کوردستانی خوێناوی"ی ئازا سەکری بدەینەوە، بزانین لەسەر شەهیدانی شاری سنە و بەبۆنەی شەهیدبوونی خەلیلە سوور چی گوتووە:

سنه ‌سه‌رتۆپی‌ دڵی ‌یارانه

 ‌سه‌رگوڵی ‌باغی ‌ئه‌ویندارانه‌

 

سنه‌كه‌م سووره ‌گوڵی‌، دڵ خوێنه‌

ئاڵی ‌رووته‌ختی ‌زه‌وی ‌بژوێنه‌

 

پڕ له‌ ئازایه‌، كه‌ژی ‌نه‌خشینی‌  

ده‌نگی‌ ژین به‌رزه ‌له ‌ده‌شتی ‌ژینی‌

 

له‌شه‌ پۆلایه ‌چه‌می ‌ناوه‌ستێ‌                

به‌سته‌ڵه‌ك خوێنی‌دڵی ‌نابه‌ستێ‌

 

گه‌ر بەخێرایی ‌ده‌نووسێ‌ خامه‌               

دڵی‌ خوێناوی‌ له‌شی‌ پڕ زامه‌

 

باڵی‌سه‌ربه‌رزی‌ ژیان ده‌رمانه

‌سنه‌ی‌ به‌رزه‌ هه‌ڵۆی ‌هه‌رمانه‌

 

سنه‌ كانیاوی ‌وره‌ی ‌دڵداره‌

‌ڕه‌ندی‌ سه‌رتۆپی ‌له ‌لادێ‌ و شاره‌

پاش ٣ ساڵ بەرپرسیاریەتی لەو هێزەدا، ساڵی ١٣٦٥ وەک فەرماندەی لک ڕەوانەی مەڵبەندی ٢ لە ناوچەکانی سەقز و دیواندەرە کرا. ئازایەتیی خەلیل لەم ناوچانەش بوو بە وێردی سەر زمانی خەڵک و پێشمەرگە. شەڕەکانی شاخەڕەشی جەوشەن، پشتی مازوار، کاکەسیا، کۆڵ، دۆزەغدەرە، نێرگەسەڵە، دەره‌گاوان، شاقەڵا، دەرەویان فارس، باینچوو، جادەی سنە-سەقز، بانە-سەقز و باخی شێخان، نموونەیەکی بچووکن لە ئازایەتی و فیداکارییەکانی خەلیلە سوور. ئەو چەند جار بریندار بوو؛ بۆ وێنە لە شەڕی کۆڵ و دۆزەغدەرە زۆر بەتوندی بریندار بوو و هەموو جارێک پاش سارێژبوونەوەی برینەکەی، لە مەتەرێزی شەرەف و کوردایەتیدا سەربەرزانە دەهاتەوە مەیدان و برینەکانی، تینی خەباتی لە نێو دڵ و دەروونی پڕ لە هەستیدا بەتینتر و بەهێزتر دەکرد.

خەلیل ساڵی ١٣٧١ گەڕایەوە مەڵبەندی یەک و لەو مەڵبەندە دەستی بە تێکۆشان کردەوە. ساڵی ٧٣ کرا بە جێگری هێزی زاگرۆس و ساڵی ١٣٧٤ کرا بە فەرماندەی ئەو هێزە؛ و لەو بەرپرسیاریەتییەشدا نیشانی دا کە فەرماندەیەکی لەخۆبوردوو، فیداکار و بەتوانایە. لە ساڵی ١٣٧٥ لە ڕێکخستنی تازەی هێزەکاندا، وەک فەرماندەی بەتالیۆنی زاگرۆس دیاری کرا و تا کاتی شەهیدبوونی ئەو ئەرکە گرینگەی بەڕێوە برد.

خەلیل فەرماندەیەکی ئازا، لێهاتوو و دڵسۆز بوو. ئەو خۆشەویستی کادر، پێشمەرگە و خەڵکی ناوچەکانی سنە، سەقز و دیواندەرە بوو. ڕێزی بۆ خەڵک دادەنا و زۆر جار دووپاتی دەکردەوە: "ئەمن بۆیە شەو و شەونخوونی دەکێشم تا خۆم و نەتەوەکەم نانێک بە خۆشی بخۆین و هەوای ئازادی هەڵمژین". خەلیل هەمیشە لەسەر هەست بوو، دوژمنی بەکەم نەدەگرت. شەهید وەستا ئەحمەد، فەرماندەری هێزی بەیان ساڵی ٦٧ لە چیای وەنەوشە دەیگوت: "بە ئاواتەوەم ببینم خەلیلە سوور ٥ خولەک خەوی لێ کەوتووە". سووربوونی خەلیل لەسەر کار و ئەرکەکانی وای کردبوو هەرکەس جارێک چاوی پێ بکەوتایە، بۆی دەردەکەوت کە چەندە بەتوانا و ئەرکناسە.

بەداخەوە خەلیلی سوور ڕۆژی ٣ی گەلاوێژی ساڵی ١٣٧٥، لە شەڕ و تێکهەڵچوون لەگەڵ هێزەکانی کۆماری ئیسلامی لە گوندی "سەرجۆ" لە ناوچەی "چەم شار"ی سنە، پاش شەڕێکی ئازایانە گیانی پێشکەش بە نەتەوە بەشخوراوەکەی کرد و سەری کردە بەردەبازی سەرکەوتن.