کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

١٥ راوچیی کورد لە کامیاران وازیان لە راوکردن هێنا

15:37 - 24 رەشەمه 2713

کوردستان میدیا: ١٥ راوچیی کوردی خەڵکی کامیاران بە وازهێنان لە راوکردن و وەلانانی چەکەکانیان، لەگەڵ سروشت و ئاژەڵ و پەلەوەڕە کێوییەکان ئاشت بوونەوە.
بەپێی راپۆرتی کوردستان میدیا، پاش هەڵوێستی بوێرانەی \'\'ئەحمەد عەزیزی\'\' راوچیی کوردی خەڵکی ناوچەی هەورامان و شکاندنی چەکەکەی و هەروەها وازهێنانی ٥٠ راوچیی دیکەی کورد لە ئیلام، ئەمجارە ١٥ راوچیی کورد لە شاری کامیاران وازیان لە راوکردن هێنا و بە وتەی خۆیان بۆ هەمیشە لەگەڵ سروشتی کوردستان ئاشت بوونەتەوە.
ئەو پانزە راوچییە کوردە لە رێوڕەسمێکدا لە شاری کامیاران بە ئامادەبوونی ژینگە دۆستانی کوردستان و چالاکانی ژینگەپارێزی ئەو هەڵوێستەی خۆیان راگەیاندووە.
پێشتریش لە پارێزگای ئیلام ٥٠ راوچیی کوردی خەڵکی ئیلام لە زەڕین‌ئاوا بە رادەستکردنەوەی چەکەکانیان بە ئیدارەی ژینگەپارێزی بۆ هەمیشە وازیان لە راوکردن هێنا.
لەو پێوەندییە لە شارستانی نەغەدە سەربە پارێزگای ئورمیەش، راوچییەکی دیکەی کورد بە ئازاد کردن ٢٠ کەو و شکاندن و سووتاندنی قەفەسەکانیان وازی لە راوکردن هێنا و بۆ هەمیشە گەڕایەوە باوەشی ژینگەی پاکی نیشتمان.
لە رێوڕەسمی وازهێنانی ١٥ راوچیی کامیارانی لە راوکردن، ١٥ کەو بە شێوەیەکی سیمبۆلیک ئازاد کران.