کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

٥٠ راوچیی کورد لە ئیلام وازیان لە راوکردن هێنا

19:29 - 21 رەشەمه 2713

کوردستان میدیا: دوابەدوای شەپۆلی وازهێنانی راوچییانی کورد لە کوردستان، ئەمجارە ٥٠ راوچیی کورد لە زەڕین‌ئاوای ئیلام وازیان لە راوکردن هێنا.
وازهێنان لە راو لەلایەن ئەو راوچییە کوردانەوە لە زەڕین‌ئاوای پارێزگای ئیلام بە شێوەی خۆڕسک ئەنجام دراوە و ئەو کارەیان لە وەرزی جووت‌بوونی باڵندەکان و ئاژەڵان بە نیشانەی رێزگرتن لە سروشت کردووە.
بەپێی راپۆرتی هەواڵدەریی مێهر، ئەو راوچییانە ئامانجی خۆیان لەو هەنگاوە بۆ یارمەتیدانی سروشت و ژینگەی برینداری کوردستان گەڕاندووەتەوە.
شەپۆلی وازهێنان لە راوکردن و ئاشتبوونەوە راوچییانی کورد لەگەڵ سروشت و ئاژەڵە کێوییەکان لە کۆتایی‌یەکانی مانگی رێبەندان دەگەڕێتەوە کە راوچییەکی کورد لە مەریوان بە شکاندنی چەکەکەی وازی لە راوکردن هێنا.
رێکەوتی ٢٥ی رێبەندان راوچییەکی کوردی خەڵکی ناوچەی مریوان بەناوی \'\'ئەحمەد عەزیزی\'\'، بە شکاندنی چەکەکەی، وازی لە راوکردن هێنا.
شکاندنی قەفەس شێوازێکی دیکەی ئاشتکردنەوەی سروشت و ئاژەڵان

راوچییەکی دیکەی کوردی خەڵکی نەغەدە بەناوی \'\'ئەسعەد ئەتش پەنجە\'\' کە زیاتر لە ٢٠ ساڵ سەرقاڵی راوکردن بوو، سەرەڕای ئەوەی کە ٢٠ کەوی ئازاد کردوون، قەفەسەکانیشی شکاند و بەو شێوەیە ئاشتبوونەوە خۆ لەگەڵ سروشت راگەیاند.
ئەسعەد ئاتەش پەنجە رۆژی یەکشەممە رێکەوتی ١٨ی رەشەمە، ٤ کەوی ئازاد کردوون و بەپێی راپۆرتی کوردپا ئەو راوچییە پێشتریش ١٦ کەوی ئازاد کردبوون.
لە ماوەی رابردوودا کۆمەڵێک راوچیی کوردی خەڵکی شارەکانی پاوە، روانسەر، جوانڕۆ و کامیاران، کەوەکانیان ئازاد کردن و بەو هەنگاوە وازیان لە راوکردن هێنا.
چەکی سەوز، قەفەسی سەوز و راوچیی سەوز، ناوگەلێکن لەم دوایی‌یانەدا لەسەر راوچییانی کورد و کردەوەکانیان دانراوە.