کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

راپۆرت/ ناڕەزایەتیی كرێكاران دەرخەری كێشە وقەیران لەسیستمی كاری ئێراندا

15:35 - 27 پووشپەڕ 2713

كوردستان میدیا: ماوەیەكە زیاتر لە ٢٠٠كرێكاری كارخانەی فولادی زاگروس بە هۆی كێشەی حەقدەست و دەركردن لەسەر كارەكانیان دەستیان داوەتە ناڕەزایەتیی دەربڕین.

زیاتر لە ٢٠٠كرێكاری كارخانەی فوولادی زاگرۆس لەقوروە، بە هۆی دوا كەوتنی حەقدەست و دەركردنی ژمارەیەكیان لەسەر كار لەبەردەم مەجلیسی شۆرای ئیسلامیی رێژیمی ئێران لەتاران كۆبوونەوە و خوازیاری بەدوادا چوونی نوێنەران بە داواكارییەكانیاندا بوون.
هەر لەو پێوەندییەدا رۆژنامەی لوسانجلێس نووسیویەتی، ئەو ئێعتراز و ناڕەزایەتیی دەربڕینانە نیشانەی بوونی قەیران و كێشە لەسیستمی كاری دەوڵەتی ئێران دایە.
بەشێك لەو كرێكارانە كە لەكۆبوونەوەی ئێعترازییەكی شاری تاراندا بەشدار بوون، بەهۆی دەسكورتی و هەژاری، بە ناچاری شەو لەدەرەوە مابوونەوە و توانای ئەوەیان نەبوو كە بچنە هوتێل یان موسافیرخانەكان بمێنەوە.

ئەو ژمارەیە لەكرێكاران لەشاری قوروەوە چووبوونە شاری تاران و یەكەم جار لەبەر دەم بینای سەركۆماریی رێژیمی ئێران ناڕەزایەتیان دەربڕیبوو و دواتریش چووبوونە بەردەم مەجلیسی شۆرای ئیسلامیی ئێران.
دیارە كۆبوونەوەی كرێكاران و ناڕەزایەتیی دەربڕینیان لەئێران بە بەردەوامی هەبووە، بەڵام ئەوەی كە جێگای سەرنجە ئەوەیە كە بەو شێوە گشتییە و بەربڵاوییە زۆر بە كەمی هەبووە و لەكاتێكیشدایە كە لەئێران خەریكە جێگۆركێ‌بە سەركۆماریی دەكرێت.
لەئێران ئابووری بە شێوەیەكی زۆر روون و ئاشكرا تێكچڕژاوە و رێژیمی ئێران لەگەڵ ئابوورێكی شپرزە بەرەو روویە و هۆكاری شپرزانی ئەو ئابووریشە دەگەرێتەوە بۆ ئەو گەمارۆیانەی كە خراوەتە سەر رێژیمی ئێران.
كۆبوونەوەی كرێكارانی كارخانەی فوولادی شاری قوروە ئەو پەیامە نوێیە بەسەركۆماریی رێژیمی ئێران دەدات كە دۆخی كرێكاران و سیستمی كاری و یاساكانی ئەو بوارە بەتەواوەتی لەگەڵ دووفاقیەتیی بەرەوڕوون و نیشانەی بوونی بێكارییەكی زۆر لە ئێراندایە.
ئەو ٢٣٥ كرێكارەی كارخانەی فوولادی زاگرۆس هێندیكیان پیشینەی كاری زیاتر لە بیست ساڵیان هەیە و پێشتریش بە نیشانەی ناڕەزایەتی بە بێكار كردنیان كۆبوونەوەی ئیعترازییان لەشاری قوروە و سنە بەڕێوە بردبوو.
كرێكارانی كورد بە بەردەوامی هەڕەشەی دەركردن لەكارییان لەسەرە

ماوەی یەك مانگ لەمەوبەر سەد كرێكاری بەنداوی ژاوە لەسنە لەلایەن خاوەن كارەكانیانەوە لەسەر كار دەركران و ئەو كرێكارە كوردانە ماوەی چەند مانگ دەبوو كە مووچەیان پێ‌نەدرابوو.
١٨مانگ لەمەوبەریش چل كەس لە كرێكارانی بەشی خۆڵە سوورەی بەنداوی ژاوە هەڵكەوتوو لەناوچەی ژاوەرۆی سنە لەسەر بڕیاری كارفەرماكەیان لەسەر كار دەركرابوون.
بەوتەی كرێكاران، بەڵێندەر و ئەندازیارانی بەنداوی ژاوە خەڵكی ناخۆجێین و زۆر كرێكاری غەیرە كوردیان لەگەڵ خۆیان هێناوە و ئەوانەی كە دەردەكرێن هەموویان كرێكاری كوردن.
لەلایەكی دیكەوە لە مانگی بانەمەڕی ساڵی ١٣٩١دا شیركەتی بەڵێندەریی معتبر كە یەك لە شیركەتەكانی بەنداوی ژاوەیە ، سەرەڕای ئەوەی كە مووچە و مەزایای چوار مانگی كرێكارانی نەداوبوو، نزیك بە ٢٠٠ كرێكاریشی لەسەر كار دەركردبوو.