کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

راگەیەندراو/ یەكیەتیی ژنانی دێمۆكرات كوشتاری بە كۆمەڵی هاووڵاتیانی كوردی لەسووریە مەحكووم كرد

04:38 - 13 گەلاوێژ 2713

كوردستان میدیا: یەكیەتیی ژنانی دێمۆكراتی كوردستانی ئێران لەمەڕ كوشتاری بە كۆمەڵی ژنان و پیاوانی كورد لە كوردستانی رۆژئاوا راگەیەندراوێكی بڵاو كردەوە.


دەقی راگەیەندراوەکە

خەڵكی تێكۆشەری كوردستان

كۆڕ و كۆمەڵە مرۆڤ دۆستەكان

گەلی كورد بە درێژایی مێژووی پڕ لەخەبات و بەرخودانی خۆی لەبەرامبەر بێ ‌مافی و زۆڵم و ستەمی دەسەڵاتە دیكتاتۆرەكانی كوردستان، لە هەموو بەشەكانی كوردستاندا بێ‌دەنگ نەبووە و بە ئیرادەی شۆڕشگێری بۆ داكۆكی كردن لە مافە نەتەوایەتیەكانی رووبەڕووی دەستدرێژی و سەرەڕۆیی ئەم دەسەڵاتانە بوونەتەوە. ئەو رێژیمانە هەمووكات هەوڵیان داوە بە سیاسەتی ئیدئۆلۆژیك و دواكەوتووانەی خۆیان بە كەڵك وەرگرتن لە هێزی سەركوت و زەبروزەنگ و زیندان و ئیعدام گەلەكەمان لەناو بەرن و ناسنامەی نەتەوەییمان بسڕنەوە و بۆ ئەم مەبەستەش بە دوور لە هەر یاسا و رێسایەكی مرۆیی و نێونەتەوەیی دەستیان لە هیچ كردەوەیەكی نامرۆڤانە نەپاراستووە و رێزیان بۆ هیچ بەهایەكی ئینسانی دانەناوە، بە جۆرێك كە فەرقیان بە هیچ توێژێكی كۆمەڵگا نەكردووە و بە ژن و پیاو و منداڵ و لاو كراونەتە قوربانی سیاسەتە چەوتەكانیان.

دوایین جەنایەتیش دژی گەلەكەمان لەم دواییانەدا، لە رۆژئاوای كوردستان كرا كە لە درێژەی رەوشتی نالەباری سوریا و رووبەڕوو بوونەوەی ئازادیخوازان دژی دەسەڵاتی خوێنمژی بەشارئەسەد و بە داخەوە دەست و پێوەندییەكانی رێژیمی ئەسەد وەك گرووپە تیرۆریستیەكانی ئەلقاعیدە و یەك لەوان گروپی تیرۆریستی بە ناوی بەرەی نەسر، دەستی داوەتە رەشە كوژی و بەكۆمەڵ كوژی دژی خەڵكی كورد بە تایبەت منداڵانی بێ‌تاوان و نزیك بە 200 كچ و ژنی كوردیان بە بارەمتە گرتووە و بە داخەوە ژنان و منداڵان سەرەكیترین قوربانیانی ئەم گروپە توندئاژۆ و تیرۆریستیانەن كە بەم كردەوە درندانەیە دەیانهەوێ‌ ئاوات و ئامانجی ئاشتی و ئازادیخوازی و دەستكەوتەكانی گەلەكەمان لەم بەشەی كوردستاندا بە ترس و تۆقاندن، خەبات و بەرخۆدان و رەسالەتی مێژووی پڕ لە فیداكاریان بۆ خۆیان تۆمار بكەن.

هاونیشتیمانانی خۆشەویست!

ئێمە وەك یەكیەتی ژنانی دێموكراتی كوردستانی ئێران، ئەم كردەوە نامرۆڤانەیەی بەرەی نەسر و ئەلقاعیدە و رێژیمی فاشیستیی ئەسەد مەحكووم دەكەین و هاودەردی و هاوخەمیی خۆمان بۆ خوشك و برا كوردەكانمان لە رۆژئاوای كوردستان دەردەبڕین.

یەكیەتیی ژنانی دێمۆكراتی كوردستانی ئێران

گەلاوێژی 1392ی هەتاوی