کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

راگەیەندراوی رێکخراوی بەرگریی لە مافی مرۆڤی کوردستان لە پەیوەندی حوکمی ئیعدامی زیندانیانی سیاسی

17:46 - 16 گەلاوێژ 2713

کوردستان میدیا: رێکخراوی بەرگریی لەمافی مرۆڤی کوردستان، لەو راگەیەندراوەدا سەرەڕای هوشداری دان بە بەرپرسانی رێژیمی ئێران، داوای لەرێکخراوە جیهانییەکانی داکۆکی لە مافی مرۆڤ کردووە کە لە پەیوەندی حوکمی ئێعدامی زیندانیانی سیاسی و مەزهەبیی کورد هەڵوێست بگرن.
نوسخەیەک لەو راگەیەندراوە بە ماڵپەڕی کوردستان میدیا گەیشتووە.
دەقی راگەیەندراوەکە بەم چەشنەیە:

لەماوەی حەفتەی رابردوودا و دوای هەڵبژاردنەکانی سەرکۆماری ئێران، حوکمی ئێعدام بەسەر دەیان کەس لەهاووڵاتیانی زیندانیی، لەشارەکانی ئێران لە لایەن دەزگای قەزاییەکانەوە سەپاوە.
حکوومەتی کۆماری ئیسلامیی ئێران کە هەتا چەند حەفتە پێش دەستپێکی هەڵبژاردنەکانی سەرکۆماریی بە مەبەستی بەشداری کردنی خەڵك لە هەڵبژاردنەکاندا ئێعدامەکانی کەم کردبووەوە، لە ماوەی حەفتەکانی دواییدا پاش تەواو بوونی هەڵبژاردنەکان، بەخێرایی دەستی کردۆتەوە بە سەپاندنی حوکمی ئیعدامەکان کە لەم ماوەیەدا دواخرابوون و جارێکی تر روویەکی نالۆژیکی و توندوتیژییان لە ئێران پێشانی رای گشتییدا.
بەپێی ئەو هەواڵەی کە لەهەواڵدەریی کوردپا بڵاوکراوەتەوە، شەش زیندانی کورد بە ناوەکانی حامید ئەحمەدی، کەماڵ مەولایی، سدیق محەممەدی، سەید هادی حوسەینی، جەهانگیر و جەمشید دێهقانی بەمەبستی جێبەجێ کردنی حوکمی ئێعدامەکانیان بۆ ژوری تاکەکەسی راگوێزراون و ئەو زیندانیانە چاوەڕوانی جێبەجێ کردنی حوکمەکانیانن.
رێکخراوی بەرگری لەمافی مرۆڤی کوردستان سەرەڕای هوشداری دان بە بەرپرسانی رێژیمی ئیسلامی ئێران لەئەنجامی جێبەجێ کردنی ئەو حوکمە نادادپەروەرانەیە و بە ئەمنیەتی کردنی ناوچە کوردییەکان، داوا لە بەرپرسانی رێژیمی ئێران دەکات کە حوکمی ئیعدامی زیندانیانی سیاسی و عەقیدەتی رابگرێت و بە دوور لە توندوتیژی ئاسایش لەناوچەکەدا سەقامگیر بکات.

دەبیرخانەی رێکخراوی بەرگری لە مافی مرۆڤی کوردستان
تاران
١٥ گەلاوێژی ١٣٩٢ی هەتاوی