کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

راگەیەنراوی هاوبەشی ٦ رێکخراوی ژنانی کوردستانی ئێران، بە بۆنەی ٨ی مارس

14:52 - 16 رەشەمه 2713

کوردستان میدیا: بەبۆنەی ٨ی مارس رۆژی جیهانیی ژنان ٦ رێکخراوی ژنانی کوردستانی ئێران، راگەیەنراوێکی هاوبەشیان بڵاوکردەوە.
دەقی راگەیەنراوە کە نوسخەیەکی بە کوردستان میدیا گەیشتووە بەم چەشنەیە:
خەڵکی ئازادیخواز و شۆڕشگێری کوردستان!
ژنانى خەباتکار و یەکسانیخوازى کورد!

رۆژی ٨ی مارس کە بە رۆژی جیهانیی ژنان ناسراوە، لە هەموو تێکۆشەران و ئەو مرۆڤە خاوەن هەڵوێستانە پیرۆز بێت کە ژیانی خۆیان لەپێناو بەرابەری و مرۆڤایەتی بەخت کردووە. پیرۆز بێت لە ژنانی خەباتکار و پیاوانی مرۆڤدوست کە ئێستا سەرسەختانە و بە بێ‌گوێدان بە کێشە و لەمپەرەکانى سەر رێگا، رەوتی خەباتی بەرابەری درێژە پێدەدەن و ئەم رێگا پڕ هەوراز و نشێوە دەبڕن. بێگومان ژنانی یەکسانیخواز بە پاڵپشتیی پیاوانی مرۆڤدوست و هۆگرانى ئازادی بۆ دەستەبەرکردنى ژیانی باشتر بۆ چینەکانی کۆمەڵگا، مێژوویەکی زێرینیان لەم پێناوەدا دروست کردوە و بەگیانبازی و قوربانیدان لاپەرەکانی دیرۆکی ئەم قۆناغەیان نەخشاندووە. یەکێک لەو رۆژ و قۆناغە مێژوویی‌یانەی کە بەرهەمی خەباتی ژنانە، تۆماری رۆژی ٨ی مارسە کە دروشم و ئامانجەکانی ژنان تێدا نەخشاوە. ئەم رۆژە کە لووتکەی شۆڕش و موبارزەی ژنانە، هەڵگری کۆمەڵێک تایبەتمەندییە کە باس لە مافی یەکسانى، ئازادی، دێموکراسی، عەداڵەتی کۆمەڵایەتی، فرە رەهەندی و جیهانێکی نوێتر و باشتر دەکات و رەت کەرەوەی هەموو جیاوازییەکانی نێوان مرۆڤەکانە، کە دەتوانین بڵێن سیمبۆلێکە لە وێنەی ژیان و هەوڵ و بیر و کردەوەی ژنانە کە بە باوەڕ بەم چەمک و سیستمانە، بەبێ‌کینە و تۆڵە، هەوڵیانە بۆ دەستەبەرکردنی مافى مرۆڤ و جیهانێکی خۆشتر بە بێ جیاوازى.
ژنانی تێکۆشەرى کوردستان!
دیارە کێشەی ژنان لە وڵاتێکەوە بۆ وڵاتێکی دیکە جیاوازیی هەیە و بەداخەوە ئێمە لە جێگەیەکدا هەڵکەوتووین کە جیاوازیەکى زۆر لە نێوان ئێمە و زۆربەی وڵاتاندا هەیە. ئێمە بێجگە لە کێشە گشتگیرەکان، لەگەڵ ستەمی چینایەتی و ئەوپەڕی جیاوازی لە نێوان مرۆڤەکان، ستەمی نەتەوایەتیشمان لەسەرە. لەگەڵ ئەوەی کە پێکهاتە و شیرازەی وڵاتەکەمان لەسەر بنەمای جیاوازی رەگەزی بونیاد نراوە، لەباری نەتەوەییشەوە چەوساوەترین نەتەوەین و لەم پێوەندییەدا گرێ و گۆڵێکی زۆرمان لەبەردەم دایە. سیستمی سونەتی کۆمەڵگا و هەوڵی داگیرکەران بۆ هێشتنەوەمان لە تاریکیدا، ئەرکی ئێمەی ژنانی چەند قات کردووە. ئێستاش لە کاتێکدا کە بەرەو پیری رێز گرتن لەو رۆژە جیهانییە دەچین بە داخەوە ژنانی کورد لە ژێر دەسەڵاتی دواکەوتوو و دژە ژنی کۆماری ئیسلامیدا، لە هەموو مافێکی ئینسانی بێبەشن و بەرەوڕووی سەخترین سزا و پێشلکارییەکان دەبنەوە. بەڵام بە خۆشییەوە کەم نین ئەو ژنە ئازا و شۆڕشگێرانە، کە ئەمڕۆکە تاویان داوەتە خەباتێکی چەن رەهەندی و بە شکاندنی پێکهاتەباوەکان کە مرۆڤی لە تاریکیدا راگرتوە، رەوتی چوونە پێش دەپێون و بە بێ‌‌ترس لە مەترسییەکانی پێشهاتوو، رێچکەیەکیان گرتۆتە بەر کە رۆژ لە دوای رۆژ لایەنگرانی پەرە دەستێنێ.
بەم بۆنەیەوە سڵاو لە پێشروان و رێبوارانی رێگەی بەرابەری و هەموو ئەو کەسانەی کەلە پێناو نەهێشتنی جیاوازی و خەباتی یەکسانیخوازى هەنگاوێکیان هەڵگرتووە.

یەکیەتیی ژنانی دێموکراتی کوردستان

کۆمیتەی ئافرەتانی سازمانی خەباتی کوردستانی ئێران

یەکیەتیی ژنانی دێموکراتی کوردستانی ئێران

رێکخراوی کۆمەڵەی ژنانی رۆژهەڵات

رێکخراوی ئاسۆی ژنی کورد

رێکخراوی ئازادى ژنانى کوردستان ــ نینا
٨ى مارسى ٢٠١٤ى زایینى
١٧ى رەشەممەى ١٣٩٢ى هەتاوى