کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

رووداوی هاتوچۆ لە ناوچەی سەلاس ٢٠ كوژراو و برینداری لێكەوتەوە

18:35 - 26 گەلاوێژ 2713

كوردستان میدیا: لە ئەنجامی دوو رووداوی هاتوچۆدا لە ناوچەی سەلاسی باوەجانی ٤ كەس گیانیان لەدەست داوە و ١٦‌ی دیكەش بە توندی بریندار بوون.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ماڵپەڕی كوردستان میدیا، چەند رۆژ لەمەوبەر ماشێنێكی جۆری سایپا كە هەڵگری شەش كەس بوو، لە گوندی كزێی سەلاسی باوەجانی لە شوێنێك بەناوی ناو دێ بە هۆی لەدەست دانی كۆنترۆڵی, كەوتۆتە نێو چۆمی تاوخانە و لە ئاكامدا چوار كەس گیانیان لەدەست داوە.

عێزەت مورادی و تەبیە یوسفی ( ژن و مێرد) و هەروەها دوو برازای عیزەت بە ناوەكانی شیرین مورادی و فەتحوڵڵا مورادی ( خوشك و برا) ئەو چوار هاووڵاتییەن كە گیانیان لەدەست داوە.

هەر لەو پێوەندییەدا دوو كەسی تریش بە سەختی بریندار بوونە و رەوانەی نەخۆشخانە كراون.

لەلایەكی دیكەوە ماشێنێكی دیكە كە ئەویش سایپا و هەڵگری ١٤ كەس بووە ویستوویەتی لەگوندی كزێ‌‌ـەوە بچێتە شاری جوانڕۆ لەشوێنێك بەناوی سەراوی بەری زەنجیر وەرگەڕاوە و سەرجەم سەرنشینەكانی بریندار بوونە.

دۆخی جەستەیی سێ‌ كەس لەو هاووڵاتیانە خراب وەسف كراوە.

ئەو ١٤ كەسە لەحاڵێكدا تووشی ئەو رووداوە بوونە كە ویستویانە بە مەبەستی بەشداریی لەپرسەی كۆڵبەرێكی گیان لەدەست داوی كورد بە ناوی باهێر عەزیزی خەڵكی ناوچەی سەلاسی باوەجانی، بچنە شاری جوانڕۆ.