کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

رووداوەکانی هاتوچۆ لە کوردستان روویان لە زیادبوون کردووە

22:28 - 31 خاکەلێوه 2714

کوردستان میدیا: بەپێی ئامار و هەواڵە پێوەندیدارەکان بە رووداوی هاتوچۆ، رێژەی قوربانییانی ئەو دیاردەیە لە کوردستان زیادی کردووە.
بەپێی راپۆرتی کوردستان میدیا و بە پشت بەستن بە راپۆرتی پزیشکیی یاسایی ئیلام، رێژەی قوربانییانی رووداوی هاتوچۆ لە ساڵی ١٣٩٢ی هەتاوی بە بەراورد لەگەڵ ١٣٩١ی هەتاوی. ٧،٥% زیادی کردووە.
بەپێێ ئەم ئامارانە لە ساڵی ١٣٩٢ی هەتاویدا، ٢ هەزار و ٧٩٦ کەس بە هۆی رووداوی هاتوچۆ لە پارێزگای ئیلام بریندار بوون.
لەلایەکی دیکەوە هەواڵدەریی ئیرنا لە زاری پۆلیسی هاتوچۆی پارێزگای ئیلامەوە بڵاوی کردەوە، ١٦ رووداوی هاتوچۆ لەو پارێزگایە لە حەفتەی رابردوودا، ٥٧ قوربانیی لێ کەوتووتەوە.
لەو پێوەندییەدا بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ماڵپەڕی کوردستان میدیا، رۆژی شەممە رێکەوتی ٣٠ی خاکەلێوەی ١٣٩٣ی هەتاوی، بەهۆی رووداوێکی هاتوچۆ لە رێگای مەراغە ــ زەنجان، دوو هاووڵاتی بەناوەکانی \'\'ئیدریس کاڕەشی، کوڕی کەریم\'\' و حەسەن خاهـ ، کوڕی عومەر\'\' خەڵکی ئاوایی \'\'دێ مەنسوور\'\'ی ناوچەی شاماتی مەهاباد، گیانیان لە دەست دا.
لەلایەکی دیکەشەوە سەرلە بەیانیی ئەمڕۆ یەکشەممە رێکەوتی ٣١ی خاکەلێوەی لە رێگای سنه ــ دیواندەرە، پێکدادانی ئۆتۆمبێلێکی جۆری سوار لەگەڵ بارهەڵگرێکی جۆری کامیۆن، ٥ سەرنشینی سوارییەکە گیانیان لە دەست دا.
لە سێ رووداوی دیکەی هاتوچۆدا رێگاکانی خۆی ــ سەڵماس، میاندواو ــ مەهاباد و ئیمام‌زادە ــ ئورمیە، سێ هاووڵاتی گیانیان لە دەست دا.
ناستانداریی رێگەوبانەکانی کوردستان و کەمتەرخەمیی بەرپرسان لە سازکردن و نۆژەنکردنەوەی ئەو رێگایانە و هەروەها نەبوونی لەمپەرەکانی قەراخ جادە و لادانی ئۆتۆمبێلەکان بەرەو لای چەپ، لە هۆکارە سەرەکییەکانی رووداوەکانی هاتوچۆ لە کوردستان دان.