کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

رۆژنامەی Die Tages Zeitung: سەحراڕوودی پاش تیرۆری قاسملوو پلەی بەرزی لە سپای پاسداراندا پێ درا

20:31 - 21 رەزبەر 2713

کوردستان میدیا: رۆژنامەی\'\'Die Tages Zeitung\'\'ی ئاڵمانی سەبارەت به دۆسیەی تیرۆری ڤییەن و سەحراڕوودی لەژێر سەردێڕی \'\'لەگەڵ ئەوەی تاوانباری کوشتنه، توانیی وڵات به جێ بێڵێت!\'\' بابەتێکی بڵاو کردەوە.


دەستی راستی سەرۆکی پارلمانی ئێران، بەوه تاوانباره که ساڵی ١٩٨٩ سێ سیاسەتمەداری کوردی له شاری ڤییەن کوشتووه.
ئەم حەوتووه ناوبراو له وڵاتی سویس بوو، بەڵام توانیی بە بێ کێشه سویس بەجێ بهێڵێت.
شاندێکی پارلمانی ئێران بۆ بەشداری لە کونفڕانسی یەکیەتیی نێونەتەوەیی پارلمانتاران سەردانی سویسی کردبوو. سەرۆکی شاندەکه عەلی لاریجانی سەرۆک پارلمانی ئێران بوو. ناوبراو بەرپرسی دەفتەری خۆی که وەک دەستی راستی وایه، لەگەڵ خۆی هێنابوو بۆ سویس. ئەم کەسه نێوی \'\'محەممەد جەعفەری سەحراڕوودی\'\'یه و ساڵی ١٩٨٩ لەگەڵ ٢ کەسی‌تردا له شاری ڤییەن سێ سیاسە‌تمەداری کوردی ئێرانیان کوشتووه. ئەو دەم سەحراڕوودی و هاوڕێکانی لەگەڵ ئەوەی که لەلایەن پۆلیسەوه دەستبەسەر کرابوون، توانییان بگەڕێنەوه ئێران. لەو کاتەوه هەتا ئێستا حوکمی گرتنی نێونەتەوەیی بۆ دەرچووه، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا سەفەری دەرەوه دەکات و کێشەی نییه.
ئێستا پێتر پیلتز ئەندام پارلمانی ئوتریشی، سەرکۆنەی دەوڵەتی سویس و ئوتریش دەکات که بۆ چی \'\'سەحراڕوودی\'\'یان دەستبەسەر نەکردووه. ئەمه یەکەم جار نییه که ئەم حوکمه جێ بەجێ ناکرێت. پێشتریش سەحراڕوودی سەفەری سویس و ئیتالیای کردبوو و توانیبووی به بێ کێشه بگەڕێتەوه ئێران. مەسەلەی دەسبەسەرنەکردنی ناوبراو هۆکاری سیاسیی له پشته.
هیوا بەهرامی نوێنەری حدکا له ئوتریش لەم بارەوه دەڵێ: ئەمه زۆر جێگای سەرسووڕمانه و مەسەلەی دەسبەسەرنەکردنی ناوبراو هۆکاری سیاسیی له پشته.
پۆلیسی سویس وێڕای پشتڕاست کردنەوه هاتنی سەحراڕوودی بو ئەوه وڵاته، هۆکاری دەستبەسەرنەکردنی بو مەسوونیەتی دیپلوماتیکی ناوبراو دە‌گێڕێتەوه.
سەحراڕوودی پاش تیرۆری قاسملوو و هاوڕێیانی له ڤییەن، توانیی له نێو سوپای پاسدارانی ئێراندا پۆستی بەرز بەدەست بهێنێت. ناوبراو کرا به ژەنراڵ. پاشتر و له ساڵی ٢٠٠٧دا هێزیکی تایبەتی ئەمریکا هەوڵی گرتنی ناوبراوی له شاری هەوڵیری کوردستانی عێراقدا دا، که سەرکەوتوو نەبوون. ئەو دەم جێگری عەلی لاریجانی بەرپرسی ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوەیی ئێران بوو. پاشتر که لاریجانی بوو به سەرۆکی پارلمان، سەحراڕوودی کرده بەرپرسی دەفتەری خۆی و به دەستی راستی لاریجانی ناودەبرێت.