کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

رۆژنامەی \"ئەلسیاسییە\":٢٢ی خەرمانان هێرش دەکرێتە سەر سووریە

23:10 - 17 خەرمانان 2713

کوردستان میدیا: نیشانەکانی ئەگەری هێرشی ئەمریکا و هاوپەیمانانی بۆسەر سووریە روویان لە زیاد بوون دایه و دوایین دەرفەت بۆ ئەنجام دانی ئەو هێرشە ٥ رۆژی دیکە دیاری کراوە.

رۆژنامەی کوەیتیی \'\'ئەلئەنبا\'\' لە زاری سەرچاوە دیپلۆماسییەکانی رۆژئاوا و وڵاتانی عەرەبییەوە، نووسیویەتی: ئەگەری ئەوە لە ئارا دایە رێکەوتی ٢٢ یان ٢٣ی خەرمانانی ١٣٩٢ی هەتاوی، دەوڵەتی ئەمریکا هێرشی نیزامی بکاتە سەر سووریە.

بە بڵاو بوونەوەی ئەو هەواڵە، لێپرسراوانی دیپلۆماسیی جیهان لە هەوڵی بەجێ هێشتنی شاری بەیرووت پایتەختی وڵاتی لوبنان دان، هەتا لە ئەگەری راست بوونی ئەو هەواڵە و هێرشی نیزامیی ئەمریکا و هەوپەیمانەکانی بۆسەر سووریه، تووشی گرفت نەبن.

ئەمە لە کاتێک دایە کە باراک ئۆباما سەرکۆماری ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، بڕیاری هێرشی نیزامیی بۆسەر سووریەی لەسەر بڕیاری کۆنگرەی وڵاتەکەی قەتیز کردووەتەوە و کۆنگرەش هێشتا بۆ ئەو بڕیارە خۆی یەکلایی نەکردووەتەوە.

لە هەمان کاتیشدا عەبدولحەکیم خادەم، جێگری پێشووی سەرکۆماری سووریە وتوویەتی: لە ئەگەری هێرشی نیزامیی ئەمریکا بۆ سەر سووریە، پێنجەمین مووشەک لە بەشار ئەسەد دەدرێت و لەو هێرشە مووشەکییەدا بەشار ئەسەد دەکوژرێت.

ناوبراو بە رۆژنامەی \'\'ئەلسیاسییە\'\'ی کوەیتیی وتووە: بە دووری دەزانم رێژیمی بەشار ئەسەد توانایی بەرەنگاریی هێزەکانی ئەمریکای هەبێت و هەرچەشنە شەڕ و ئاڵۆزییەک کۆتایی بە رێژیمی بەعس لەو وڵاتەدا دێنێت.

جێگری پێشووری سەرکۆماری سووریە ئەوەشی خستووەتە روو: رێژیمی سووریە چەکوچۆڵی کۆن و لە باو کەوتووی هەیە کە توانایی بەرەنگاریی چەکوچۆڵی ئەمریکایان نییە.