کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

رۆژنامەیWiener Zeitung : تاوانباری سەرەکیی دۆسیەی تیرۆری کوردەکان له ڤییەن، به بێ هیچ لێپرسینەوەیەک هاتووچۆی ئورووپا دەکات

12:52 - 22 رەزبەر 2713

کوردستان میدیا: چۆنیەتیی چوونی سەحراڕوودی بۆ سویس و هۆکاری دەسبەسەر نەکرانی، بابەتێکی رۆژنامەی \'\'وینەر زەیتوونگ\'\'ـە و باس لە دۆسیەی تیرۆری د. قاسملووشی کردووە.
دەقی بابەتە کە لەلایەن ماڵپەڕی کوردستان میدیاوە وەرگێڕدراوە، بەم چەشنەیە:


لەم بابەتەدا پاش باسێکی کورت سەبارەت به تیرۆری ڤییەن، باس له چۆنیەتی هاتنی سەحراڕوودی بۆ سویس دەکرێت. دەنووسێت پاش ئەوەی حیزبی دێموکرات له ڕێگای سەرچاوەیەکی خۆیانەوه ئاگاداری هاتنی سەحراڕوودی بۆ سویس بوون، دەستبەجێ کەوتنه هەوڵ و تێکۆشان بو ئەوەی ناوبراو به پێی ئەو حوکمەی که بۆ گیرانی، کاتی خۆی له ئوتریش دەرچووه له سویس دەستبەسەر بکرێت.
نوێنەری حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران له ئوتریش توانیی به ناردنی زانیاریی تایبەت به سەحراڕوودی بۆ وەزارەتی ناوخۆی ئەو وڵاته و هەروەها میدیاکان، بیسەلمێنێت که ئەو کەسه له سویسه. نوێنەری حدکا دەڵێ، به زووترین کات له گەڵ وەزارەتی دەرەوە و ناوخۆی ئوتریش چاوپێکەوتنم کرد و داوام لێکردن ئیقدامێکی جێدی بۆ دەستبەسەرکردنی ئەو تاوانباره بکەن.
لەگەڵ ئەوەی وەزارەتی ناوخۆی ئوتریش به دەوڵەتی سویسی راگەیاندبوو که به پێی ئەو حوکمەی کەله ئوتریش دەرچووه دەبێ سەحراڕوودی بگرن و رادەستی ئوتریشی بکەنەوه، بەڵام سویس هەر جارە ‌و به بیانوویەک خۆی لێ لادا. له کۆتاییدا پاش ئەوەی شاندی ئێرانی سویسیان بەرەو وڵاتی کرواسی بە جێهێشت، سویس رایگەیاند که سەحراڕوودی مەسوونیەتی دیپلۆماتیکی هەیه و نەیانتوانیوه دەستبەسەری بکەن.
هیوا بەهرامی نوێنەری حیزبی دێموکرات له ئوتریش دەڵێ، حکوومەتی ئوتریش هەر له سەرەتاوه هەوڵی جێدی بۆ ئەم دۆسیەیه نەداوه و ئەمەش لە بەر ئەوەی دۆسیەکە سیاسییە و دەوڵەتی ئوتریش نایهەوێت بەرژەوەندیی خۆی بخاته مەترسییەوه. دەنا ئەگەر حکوومەتی ئوتریش ویستبای، ئەم دۆسیەیه لەمێژ بوو به ئاکامێک گەییشتبوو.
بەهرامی هەروەها دەڵێ: بۆ حکوومەتی ئوتریش پێوەندییەکانی لەگەڵ ئێران گرێنگترن تاکوو بەدواداچوون بو دۆسیەی تیرۆری چەند کوردێک له ڤییەندا. نوێنەری حیزبی دێموکرات هەروەها دەڵێ: دەوڵەتی سویس له بەر ئەوەی پێوەندیەکانی لەگەڵ ئێران تووشی کێشه نەبن، ئامادە نەبوو سەحراڕوودی دەستبەسەر بکات. هەرچەند کارێکی ئەوتۆ دەیتوانی سیگناڵێکی بە‌هێز بێت بۆ دژایەتی تیرۆریزمی نێودەوڵەتی.
وەزارەتی دادی ئوتریش ئاماده نەبوو لەم بارەوە هیچ لێدوانێک بدات. کاتێکیش پێوەندیمان به وەزارەتی دەرەوه کرد، ئەوان وتیان دەبێ لەگەڵ وەزارەتی داد قسە بکەین. وەزارەتی ناوخۆی سویسییش وتیان ناتوانین هیچ لێدوانێک بدەین. تەنیا ئەوەنده نەبێت که سەحراڕوودی وەک ئەندامی فەرمیی شاندی ئێران، مەسوونیەتی دیپلۆماتیکی هەیه و ناکرێت دەستبەسەر بکرێت.