کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

٢٠ كرێكاری كۆمپانیای بانتا ئابیدەری سنە لەسەر كار دەركران

15:24 - 14 گەلاوێژ 2713

كوردستان میدیا: خاوەنكاری كۆمپانیای بانتا ئابیدەری سنە٢٠ كەس لەكرێكارانی ئەو كۆمپانیایەی لەسەر كار دەركرد.
ماڵپەڕی كۆمیتەی هاودەنگی بۆ پێكهێنانی دامەزراوە كرێكارییەكان بڵاوی كردەوە، رۆژی یەكشەممە رێكەوتی ١٣‌ی گەلاوێژ ٢٠ كەس لەكرێكارانی كۆمپانیای بانتا ئابیدەر كە ژمارەیەكیان پێشینەی ٢ ساڵ كاریان هەبوو لەسەر كار دەركران.
خاوەنكارەكە هۆكاری دەركرانی ئەو كرێكارانەی گەڕاندۆتەوە بۆ نەبوونی كار و زۆر بوونی هێزی مرۆیی بۆ كار كردن.
ئەو كۆمپانیایە ماوەیەك لەمەوبەریش بیمەی كرێكارانی لێیان بڕیبوو و وای كردبوو كە كرێكاران تەنیا لەكاتی كاركردندا بیمە بیانگرێتەوە.
كۆمپانیای بانتا ئابیدەری سنە یەكێك لەو كۆمپانیانەیە كە كاری دروست كردنی بینا دەكات و هەنووكە سەرقاڵی دروست كردنی موجتەمەعێكی تجاری لەیەكێك لە شەقامە سەرەكییەكانی شاری سنەیە.
ئەو پڕۆژەیە ماوەی نزیك بە ٧ ساڵە كاری لەسەر دەكرێت و لەو ماوەیەدا ژمارەیەكی بەرچاو لەكرێكارانی كورد لەكارەكانیان بێكار كراون.