کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

رێكخراوەکانی مافی مرۆڤ ناڕەزایەتیان بە حوكمی ئێعدامی چوار هاووڵاتیی عەرەب دەربڕی

16:11 - 5 گەلاوێژ 2713

كوردستان میدیا: سێ‌رێكخراوی جیهانی مافی مرۆڤ لەبەیاننامەیەكدا ئێعترازییان بە حوكمی ئێعدامی چوار هاووڵاتیی عەرەبی ئەهوازی دەربڕی.
بەپێی هەواڵی گەیشتوو بەماڵپەڕی كوردستان میدیا، چوار هاووڵاتیی عەرەبی ئەهوازی بەناوەكانی عەبدولڕەزا ئەمیر خەنفارە، غازی عەباسی، عەبدولئەمیر موجەدەمی و شەهاب عەباسی مانگی گەلاوێژی ساڵی ١٣٩١ لەلایەن دادگای ئیقلابی شاری ئەهوازە حوكمی ئێعدامیان بەسەردا سەپا.
حوكمی ئێعدامی ئەو چوار هاووڵاتییە عەرەبە چەند رۆژ لەمەوبەر دوای تەئید لەلایەن دەزگا قەزاییەكانی رێژیمی ئێرانەوە بە خۆیان و بنەماڵەكانیان راگەیەندرا.
لەو پێوەندیییەدا سێ‌رێكخراوی چاوەدێری مافی مرۆڤ، لێبوردنی نێودەوڵەتی و ناوەندی ئارشیوی بەڵگەكانی مافی مرۆڤی ئێران لەبەیاننامەیەكدا وێڕای مەحكووم كردنی ئەو حوكمە، ئێعترازیشیان بە شێوەی دادگایی كرانی ئەو چوار هاووڵاتییە دەربڕیوە.

ئەو سێ‌رێكخراوە جیهانییە داوایان لەدەزگا قەزاییەكانی رێژیمی ئێران كردووە، هەر چی زووتر حوكمی ئێعدامی ئەو چوار هاووڵاتییە هەڵبوەشێنەوە.
لەبەیاننامەكەدا هاتووە، ئەو هاووڵاتییە عەرەبانە لەژێر گوشار و ئەشكەنجەدا دانیان بە تۆمەتی هەڵبەستراودا ناوە دواتریش لە دادگایی كردنی دادپەروەرانە بەهرەمەند نەبوونە.