کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

رێژیمی ئێران دەورەی ئامادەگیی دیفاعی بۆ دەست و پێوەندییەکانی خۆی بەڕێوە دەبات

01:30 - 10 گەلاوێژ 2713

کوردستان میدیا: رێژیمی ئیسلامیی ئێران بە بەڕێوەبردنی گەڵاڵەیەکی سەربازی، دەیهەوێ خەڵکی زیاتر لە دەوری خۆی بکاتەوە و چەکداریان بکات.

بەپێی هەواڵی ماڵپەڕی کوردستان میدیا، سپای پاسدارانی رێژیمی ئیسلامیی ئێران لە گەڵاڵەیەکدا کارتی سەوز بۆ ژمارەیەک لە دەست و پێوەندییەکانی خۆی لە جیاتیی کارتی سەربازی دروست دەکات و بە دانانی دەورەی نیزامی و ئامادەگیی دیفاعی هەوڵ بۆ چەکدار کردنی خەڵک دەدات.

ئەم دەورە نیزامییە لەلایەن رێژیمی ئێرانەوە ئاسانکاریی زۆری بۆ کراوە و سەرەڕای دانی پارە و پلەی زۆر، هەر کەسە و لە شوێنی ژیانی خۆی ئەو دەورەیەی بۆ بەڕێوە دەبات.

ئەم کارەی رێژیم بە مەبەستی زیاتر ئەمنیەتی کردنی ناوچەکانی کوردستانی ئێران کە بەردەوام وەکوو ناوچەیەکی شەڕلێدراو چاوی لێ دەکات، ئەنجام دەدرێت.

رێژیم بەمەش رازی نەبووە و لەگەڵ هەر کام لەو دەست و پێوەندییانەی خۆی قەراردادی ٥ ساڵە دەبەستێت کە ئەم داوایەی رێژیم لەلایەن خەڵکەوە وەڵامێکی ئەوتۆی پێ نەدراوەتەوە.