کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

رێژیمی ئێران هەوڵی پاشگەزکردنەوەی خەڵک لە وەرگرتنی یارانەکان دەدات

18:22 - 23 خاکەلێوه 2714

کوردستان میدیا: بەرپرسانی رێژیمی ئێران بە ئیدارە دەوڵەتییەکانیان راگەیاندووە بە هەر شێوەیەک بووە، دەبێ زۆرینەی خەڵک لە وەرگرتنی یارانەکان پاشگەز بکرێنەوە.
بەپێی راپۆرتی کوردستان میدیا، ناڵەباریی دۆخی ئابووریی ئێران و بەرزبوونەوەی نرخی هەڵاوسانی ئابووری و لە ئەنجامدا کورتهێنانی بوودجەی ساڵی ٩٣ لەمەڕ دانی یارانەی هاووڵاتییان، رێژیمی ئیسلامیی ئێرانی ناچار بە وەڕێخستنی پڕوپاگەندەیەکی بەربڵاو بە مەبەستی پاشگەزکردنەوەی خەڵکی کوردستان لەو مافە سەرەتایی‌یەیان کردووە.
یەکێک لە پڕوپاگەندە و تەبلیغاتەکانی رێژیم کە بە شێوەیەکی بەربڵاو لە میدیاکانی رێژیمدا چالاکیی بۆ دەکرێ، وازهێنانی بەرپرسانی وەکوو فەرماندار و ئوستاندارییە لە وەرگرتنی یارانەکان، بەڵام هاووڵاتییەکی دانیشتووی دیواندەرە و نزیک لەو بەرپرسانە، بە هەواڵنێری \'\'کوردستان میدیا\'\'ی راگەیاند: \'\'هیچ بەرپرسێکی رێژیمی ئیسلامیی ئێران لە شاری دیواندەرە لە وەرگرتنی یارانەکەیان پاشگەز نەبووەتەوە و ئەوەش تەنیا پڕوپاگەندەی رێژیمە لەمەڕ وازهێنانی خەڵک لە وەرگرتنی ئەو بڕە بڕە پارەیە کە مانگانە بە هاووڵاتییان دەدرا\'\'.
ئەو هاووڵاتییە وتیشی: \'\'رێژیمی ئیسلامیی ئێران بە پڕوپاگەندەی میدیایی رانەوەستاوە و بە ناردنی نامە بۆ تێکڕای فەرماندار و ئوستانداری و بەخشداری و دێهیارییەکانی کوردستان، زەلیلانە داوای لە هاوڵاتییان کردووە لە وەرگرتن پارەی یارانەکان پاشگەز ببنەوە\'\'.
داواکاریی رێژیم لە هاووڵاتییان لە کاتێک دایە کەلە نامەکاندا بەڵێنیی خزمەتگوزاریی دیکە وەکوو ئاسانکاریی دۆخی خزمەتگوزاری و دابینکردنی دەو و دەرمانی زیاتر بە هاووڵاتییان دراوە.