کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

رێژیمی ئێران پاڵپشتیی میلیشیاکانی عێراق دەکات

16:56 - 17 بانەمەڕ 2714

کوردستان میدیا: فەرماندەیەکی پێشووی هێزە نیزامییەکانی ئەمریکا لە عێراق رایگەیاند، سپای پاسدارانی رێژیمی ئێران هاوکاری و پشتیوانیی میلیشیا توندئاژۆکانی شیعە مەزهەب لەو وڵاتەدا دەکات.
بەپێی راپۆرتی کوردستان میدیا بە پشت بەستن بە ئەلعەرەبییە، جۆرج کێس، فەرماندەی پایەبەرزی ئەمریکایی لەسەر بانگهێشتی فەرمی رێکخراوی موجاهیدینی خەلق لە ویلایەتی ئاریزۆنای ئەمریکا لە وتەکانی خۆیدا راشکاوانە رایگەیاند: \'\'من راستەوخۆ چالاکی و هاوکاریی هێزە ئیرانییەکانم لە عێراق بۆ شێواندنی دۆخی ئاسایی و ئەمنی لەو ناوچەیەدا بینیوە\'\'.
وتیشی: \'\'ئێمە شەش ئەندامی سپای قودس لقی دەروەی سنوورەکانی رێژیمی ئێران لەکاتی وتووێژ لەگەڵ میلیشیاکانی عێراق دەسبەسەر کردووە و چەندین بەڵگەی وەکوو فاکتۆری پێدانی چەک بە میلیشیاکانی عێراقی دۆزییەوە\'\'.
کێسی لە درێژەی قسەکانیدا وتی: رێژیمی ئێران بە پەرپێدانی سیاسەتەکانی خۆی بۆ شێواندن و نائەمن کردنی ناوچەکە دەست لە کاروباری وڵاتانی دراوسێ بە تایبەت عێراق، سووریە و لوبنان وەر دەدات.
ئەو بەرپرسەی ئەمریکا هەروەها لە درێژەدا راشیگەیاندووە: پاش بۆمب گوزاری زیارەتگایەکی شاری سامەرا لە مانگی فێڤریەی ٢٠٠٦ دەستمان بە سەر ئەنبارێکی چەکوچۆڵدا گرت کە لەلایەن رێژیمی ئێرانەوە نێردرابوو.
رێژیمی ئێران بەردەوام لەلایەن کۆمەڵگای جیهانییەوە بە تایبەت وڵاتانی رۆژهەڵاتی نێوەڕاستەوە بە دەستێوەردان لە کاروباری نێوخۆیی وڵاتانی دراوسێ تاوانبار کراوە.